حەماس کوژرانی ئەبو عوبەیدەی پشتڕاستکردەوە

ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێکەوتی 31ی ئابی ئەمساڵدا، کوشتنی ئەو بەرپرسەی حەماسی لە شاری غەززە راگەیاندبوو.
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیاندراوێکدا کوژرانی ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی پێشووی باڵی سەربازی بزووتنەوەکەی پشتڕاستکردەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕێکەوتی 31ی ئابی ئەمساڵدا، کوشتنی ئەو بەرپرسەی حەماسی لە شاری غەززە راگەیاندبوو.
رۆژی 31ی ئابی ئەمساڵ، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە ئێکس نووسی: “ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی حەماسی تیرۆریست لە غەززە کوژرا”. کاتز بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزبایی لە هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد. رۆژی دووشەممە، 29ی کانوونی یەکەمی 2025، حەماس هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
بە گوێرەی ئیسرائیل، ئەبو عوبەیدە لە هێرشێکی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر گەڕەکی ریمال لە شاری غەززە کوژرا.
ئەبو عوبەیدە لە ساڵی 2007ـەوە لە راگەیاندراوە ڤیدیۆیی و دەنگییەکاندا دەردەکەوت. ئەو بەرپرسەی حەماس هەمیشە رووخساری دادەپۆشی و تەنیا چاوی دیاربوون.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل دەڵێن، ناوی راستەقینەی ئەو کەسە بریتی بوو لە حوزەیفە سەمیر عەبدوڵڵا کەحلووت و خەڵکی کەمپی جەبالیا بوو لە کەرتی غەززە.