بەڕێوەبەریی خۆسەر: بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی “خالید فەجر” لە حەلەب تاوانی جەنگە

بەڕێوەبەریی خۆسەر: بۆردوومانکردنی نەخۆشخانەی "خالید فەجر" لە حەلەب تاوانی جەنگە

بەڕێوەبەریی خۆسەر داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان.

ئەمڕۆ شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بانگەوازێکی بەپەلەی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بە مەترسیی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شاری حەلەب، ئەوەش بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی نەخۆشخانەی “خالید فەجر” لەلایەن سوپای عەرەبیی سووری.

بەڕێوەبەریی خۆسەر لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی دا، لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکانەوە نەخۆشخانەی خالید فەجر بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەرنامەبۆداڕێژراو کراوەتە ئامانج. جەختیشی کردەوە کە بۆردومانکردنی ئەم نەخۆشخانەیە وەک دامەزراوەیەکی مەدەنی، دەچێتە خانەی “تاوانی جەنگ” و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “بەردەوامیی ئەم دۆخە ژیانی نەخۆش و بریندار و پزیشکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی پەککەوتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، کە ئەمەش ئەگەری ڕوودانی کۆمەڵکوژی و کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.”

بەڕێوەبەریی خۆسەر هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامیی بۆردومانەکان دەبێتە هۆی بێبەشبوونی هاوڵاتیانی مەدەنی لە مافی چارەسەر و زیادبوونی ژمارەی قوربانییان.

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەریی خۆسەر داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد بەپەلە دەستوەردان بکەن بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان و دابینکردنی پاراستن بۆ نەخۆشخانەکان و تیمە پزیشکییەکان تا بتوانن بەبێ بەربەست درێژە بە کارەکانیان بدەن.

Share

پوستێن ھەمان بەش