4 حزبی باکووری کوردستان، هێرشی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە شەرمەزار دەکەن

هێرشەکانی سەر گەرەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، هێرشی تیرۆریستین و ئێمە شەرمەزاریان دەکەین.
پارتەکانی هاک ـ پار، پدک-باکور، پەسەکە و پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، لە دیاربەکر بە بەیاننامەیەکی هاوبەش هێرشەکانی سەر هەر دوو گەڕەکی کوردنشینی شێخ مەقسود و ئەشرەفییەیان لە حەلەب شەرمەزار کرد. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەسەڵاتی دیمەشق، بە هزری ڕەگەزپەرستانە، دەیهەوێت دەستکەوتەکانی کورد بسڕێتەوە و دیمۆگرافیای حەلەب بگۆڕێت.
ڕۆژی شەممە 10/1/2026، چوار پارتی باکووری کوردستان (پارتی مافی ئازادی – هاک-پار، پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور – پەدەکە-باکوور، پارتی سۆسیالیستی کوردستان – پەسەکە و پارتی وڵاتپارێز کوردستان – PWK)، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان لە دیاربەکر ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان کراوە، هەڵوێستی یەکگرتوو بەرامبەر بە هێرشەکانی حەلەب نیشان بدەن.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی پەسەکە، بە کورتی باسی لە ئامانجی کۆبوونەوەکە کرد و پاشان، مەهمەت جان ئازبای جێگری سەرۆکی گشتیی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، کورتەیەک لە بەیاننامەی هاوبەشی هاک-پار، پەدەکە ـ باکور، پەسەکە و PWKی خوێندەوە. دواتر مستەفا ئۆکوموش سەرۆکی ڕێکخستنی دیاربەکری هاکپار، بەیاننامە هاوبەشەکەی بە زمانی تورکی خوێندەوە.
دەقی بەیاننامەی هاوبەشی هاک-پار، پەدەکە-باکوور، پەسەکە و PWK:
هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردییەکان لە شاری حەلەب شەرمەزار دەکەین.
ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزە سەربازییەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق تۆپبارانی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی شاری حەلەب دەکەن کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بەبێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان خەڵکی سڤیل و سەربازیدا بکەن و هێرشی دوژمنکارانە ئەنجام دەدەن.
هێرشەکان کوژراو و برینداری زۆریان لێکەوتۆتەوە
حکوومەتی سووریا بە عەقڵیەتی ڕەگەزپەرستی و شۆڤینییەتی عەرەبییەوە دەیهەوێت بەم هێرشانە دیمۆگرافیای حەلەب بگۆڕێت و زەمینە بۆ جینۆسایدی گەلی کورد خۆش دەکات.
هێرشەکانی حکوومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، هەوڵێکە بۆ نەهێشتنی دەستکەوتەکانی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و جێبەجێکردنی سیاسەتی دەوڵەتێکی ئۆنیتەر، تۆتالیتار و عەرەبییە.
هێرشەکانی حکوومەتی دیمەشق بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، سەرەتای ڕێگریکردنە لە دامەزراندنی ستاتۆیەک بۆ ڕۆژئاوای کوردستان؛ سەرەتای ڕێگریکردنە لە ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری، فرەچەشنی و یەکسانیی سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی و کۆمەڵایەتییەکان لە سووریادا.
هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا بۆ سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، هێرشی تیرۆریستییە و ئێمە ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین.
داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئەوروپا دەکەین دەستبەجێ ئەم هێرشانەی حکوومەتی سووریا ڕابگرن.
داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین واز لە پشتیوانیکردنی هێزە ڕەگەزپەرست و توندڕەوەکان لە سووریا بهێنێت و دەستبەرداری سیاسەتی دژە کورد بێت.
پێویستە هەموو کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ڕەوەندی کورد لە تاراوگەش بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو ئەم هێرشانەی هێزە توندڕەوەکان بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب ئیدانە بکەن و خاوەندارێتی لە دۆزی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن و پشتیوانیان بن.
داوا لە بەڕیوەبەریی خۆسەر و هەموو لایەنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەین لە چوارچێوەی کۆنفرانسی قامیشلۆدا کە لە 26ی نیسانی 2025 بەڕێوەچوو، بۆ بەرژەوەندی و بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان هەنگاو بنێن، پێویستە ئەو شاندە نوێنەرایەتیەی کە لە کۆنفرانسی قامیشلۆدا پەسند کرا، چالاکتر بێت و نوێنەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان بکات.
وەک هاک-پار، پەدەکە-باکوور، پەسەکە و پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)، بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی لە خەباتی گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەیشتنی بە سیستمێکی فیدراڵی، دیموکراتیک، یەکسان، ئازاد و دادپەروەرانە و هەروەها خەباتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئیتنیکی، ئایینی، مەزهەبی و کۆمەڵایەتییەکانی هەموو گەلانی سووریا دەکەین.
پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک-پار)
پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور (پەدەکە-باکوور)
پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە)
پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)