بەڕێوەبەریی خۆسەر: چەکدارانی داعش لە هێرشەکەی سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەدا بەشدار بوون

هێرشەکە لە چوارچێوەی “پلانێکی تورکیا و بە پاڵپشتیی هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی” بووە، ئامانج لێی “لێدان بووە لە کورد” لە شارەکە.
بەڕێوەبەریی خۆسەر لەبارەی شەڕ و پێکدادانەکانی حەلەب ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، گرووپە چەکدارەکان “تاوانی جەنگ، پاکتاوی نەتەوەیی و گۆڕینی دیمۆگرافی”یان کردووە. هاوکات داوای هاتنی هێزی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەکە دەکات.
بەڕێوەبەریی خۆسەر رۆژی یەکشەممە 11/1/2026 وردەکاریی شەڕی حەلەبی خستەڕوو و رایگەیاند، “رۆژی 6ی کانوونی دووەم، هێرشێکی سەربازیی بەرفراوان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکومەتی کاتیی سووریا کرایە سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.”
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، هێرشەکە لە چوارچێوەی “پلانێکی تورکیا و بە پاڵپشتیی هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمی” بووە، ئامانج لێی “لێدان بووە لە کورد” لە شارەکە.
“هەزاران چەکدار دژی سەتان ئاسایش”
بەڕێوەبەریی خۆسەر دەڵێت، شەڕەکە “نابەرابەر” بووە و بۆ ماوەی 6 رۆژ بەردەوام بووە؛ تێیدا هەزاران چەکدار بە چەکی قورس و تۆپخانەوە هێرشیان کردووەتە سەر سەتان ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، کە تەنیا چەکی سووکیان پێبووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، “لەنێو هێرشبەراندا چەکدارانی داعش هەبوون.” ئاماژە بەوەش کراوە، کۆنترۆڵکردنی گەڕەکەکان لەلایەن ئەو گرووپانەوە “سەرکەوتن نییە، بەڵکو تاوان و ناپاکییەکی گەورەیە.”
بەڕێوەبەریی خۆسەر ستایشی بەرگریی هێزەکانی دەکات و ناوی ژمارەیەک لە فەرماندە و شەڕڤانانی کوژراوی بڵاوکردووەتەوە، لەوانە: زیاد، ئازاد، هۆگر، دلبرین، ڤیان، فەراشین، رۆژبین و دەنیز. دەشڵێت، “بەرگرییەکی مێژووییان تۆمار کرد.”
تۆمەتی “شێواندنی تەرم” و داواکاری بۆ هێزی نێودەوڵەتی
بەڕێوەبەریی خۆسەر، حکومەتی راگوزەر و گرووپە چەکدارەکان بە “تاوانی جەنگ” تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، “ئەو دەسەڵاتە بانگەشەی ئیسلام دەکات، بەڵام تەرم دەشێوێنێت و سووکایەتی بە پێکهاتەکان دەکات.”
لە ڕاگەیاندراوەکەدا داوا لە رێکخراوە نێودەوڵەتی و مافپەروەرەکان کراوە دۆخی مرۆیی و ئەمنیی ئەو گەڕەکانە لەبەرچاو بگرن، بەتایبەتی لەبەر مەترسیی “لەسێدارەدانی مەیدانی و پاکتاوی نەتەوەیی.”
بەڕێوەبەریی خۆسەر، داوای بوونی هێزێکی نێودەوڵەتی لەو دوو گەڕەکە دەکات “بۆ رێگریکردن لە تاوانی نوێ، چونکە متمانە بە هێزە ئەمنییەکانی ئەو دەوڵەتە ناکرێت کە کەسانی هزرتووندڕۆ و داعش سەرکردایەتییان دەکەن.”
هۆشداری لە گۆڕینی دیمۆگرافی
بەڕێوەبەریی خۆسەر ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە بە “گۆڕینی دیمۆگرافی” ناودەبات و داوا لە خەڵکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە دەکات دەستبەرداری ماڵەکانیان نەبن و ئەوانەشی ئاوارەبوون، بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی رێگە لەو پلانە بگرن.
لەکۆتاییدا بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڵێن دەدات، “هەموو توانایەکی ماددی و مەعنەوی بخاتەگەڕ بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەو شەڕە و لە هەموو بارودۆخێکدا لەگەڵ گەلەکەمان دەبین.”