دەم پارتی بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا: بەرپرسانی هەسەدە بانگهێشتی ئەنقەرە بکەن

دەم پارتی بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا: بەرپرسانی هەسەدە بانگهێشتی ئەنقەرە بکەن

باکرهان: “هێرشەکەی سەر حەلەب، ڕاستەوخۆ پرۆسەی چارەسەری لە ئەنقەرە تێکدەدات”.

هاوسەرۆکانی دەم پارتی داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن بەرپرسانی هەسەدە بانگهێشتی ئەنقەرە بکەن، لەسەر مێزێک دانیشن و گفتوگۆ بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی کانوونی دووەمی 2026، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، تولای هاتیمۆئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) کرد.

هەردوو هاوسەرۆکی دەم پارتی، جەختیان لە پێویستیی ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکان کردەوە. ئەوان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ئەرکی خۆی لەمەڕ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی سڤیل جێبەجێ بکات.

تونجەر باکرهان گوتی: “هێرشەکەی سەر حەلەب، ڕاستەوخۆ پرۆسەی چارەسەری لە ئەنقەرە تێکدەدات؛ لێرەدا نیازی وا هەیە. پێویستە هەموو لایەک ئەم یارییە مەترسیدارە ببینن. بەرپرسانی هەسەدە بانگهێشتی ئەنقەرە بکەن، لەسەر مێزێک دابنیشن، قسە بکەن و پێکەوە بەدوای چارەسەریدا بگەڕێن؛ بەڵام دەبینین هەندێک لایەن لەجیاتی ئەمە، خوازیاری بەردەوامیی گرژییەکانن”.

باکرهان هەروەها ڕەخنەی لە لێدوانەکانی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا گرت و گوتی دیپلۆماسی بە زمانی هەڕەشە بەڕێوەناچێت، بەڵکوو پێویستی بە دیالۆگە. ئەو، ڕایگەیاند “ئەم زمانە لە بنەڕەتدا هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردنی ئیرادەی ئاشتیی ئیمراڵی لە گۆڕەپانی سووریادا”.

هاتیمۆئۆغوڵڵاری: نابێت هێزە نێودەوڵەتییەکان لە ئاست ئەم تاوانە بێدەنگ بن

لەلایەن خۆیەوە، تولای هاتیمۆئۆغوڵڵاری، بەرخۆدانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی بە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بۆ داهاتووی دیموکراتیی سووریا لە قەڵەم دا. ناوبراو گوتی هێرشەکان لەلایەن “هەیئەت تەحریر شام” و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو ڕێکخراوەوە، لەژێر ناوی “حکوومەتی کاتی” ئەنجام دەدرێن.

هاتیمۆئۆغوڵڵاری، بانگەوازی ئاڕاستەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و وڵاتانی گەرەنتیکار کرد و گوتی: “بێدەنگبوون، هاوبەشیکردنە لەم تاوانەدا. نابێت ڕێگە بدرێت حەلەب وەک غەززەی لێبێت. ئەم هێرشانە ئامانجیان گەمارۆدانی گەلی کوردە لە سووریا. ئەم کردەوانە دژی لۆژیکی سووریا و ئیرادەی پێکەوەژیانی گەلانە”.

ناوبراو جەختی کردەوە، پێویستە تورکیا ببێتە لایەنگری دیالۆگ، نەک پێکدادانەکان لە سووریا و داوای کرد ئاگربەستی ڕاگەیەندراو لە حەلەب، بکرێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هاووڵاتیی سڤیل و ئاوارەبوونی زیاتر لە 155,000 کەس.

Share

پوستێن ھەمان بەش