حەلەب یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان کە بەردەوام ئاوەدان بووە. بوونی کورد لەوێ، بە ئەندازەی مێژووی شارەکە کۆنە. لە سەردەمی کۆندا حەلەب لە ژێر دەسەڵاتی شارستانیەتی هیتی و میتانیەکاندا بوو. وەکوو دیکە حەلەب پایتەختی دوو دەوڵەتی کوردی بووە: ئەیوبیەکان و مەهدوهییەکان.
ئەمڕۆکە کورد بە زۆری لە دوو گەڕەکی ئەو شارەدا دەژین کە سەردەمانێک پایتەختی خۆیان بووە؛ ئەویش گەرەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەن.
لە ئێستادا کورد ناچار دەکرێت کە ئەم دوو گەڕەکە چۆڵ بکات.
بەگوێرەی پڕۆژەی دەوڵەتی تورکیا، ڕێککەوتنێک بۆ دوورخستنەوەی بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا و هێزەکانی هەسەدە و بزووتنەوەی ڕێکخراوی کورد لە ڕۆژئاوای فورات واژۆ کرا. لە کۆنفرانسی پاریسدا بڕیاردرا کە ئەو پەیمانە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە جێبەجێ بکرێت. ئیسرائیل ئەو گردانەی گرت کە دەیهەویست لە قونەیترا دەیهەویست کۆنترۆڵیان بکات و لە بەرامبەر بارودۆخی کورد بێدەنگ بوو. بێگومان دوورخستنەوەی کورد لەم هاوکێشە سیاسییە نیشانەیەکی خراپە. بەڵام کۆتایی هەمووشت نییە. گرنگ ئەوەیە لە ڕەققا و دێرەزوور و حەسەکە خۆی ڕابگرێت. بەڵام مرۆڤ دەبێ سەیری ئەم قۆناخە بکات کە کێ توانی چی بۆ ڕۆژئاڤا بکات؟
هەردوو گەڕەکەکە کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 400 هەزار کەسە، لە 7ی ژانیڤەریەوە لەژێر هێرشی سوپای عەرەبی سووریادایە. نیوەی دانیشتوانی ئەم دوو گەڕەکە ئاوارە بوون. بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل لە ماڵەکانیان ماونەتەوە. لاوانی کورد بۆ پاراستنی ئەو گەرەکانە بەرخۆدانێکی گەورەیان پیشاندا.
لە هەولێرەوە تا جزیرەی بۆتان، لە بۆچۆمەوە هەتا ستۆکهۆڵم، کورد لە هەر ناوچەیەک کە تێیدایە، بە ڕەنگ و گوتاری کوردی، بۆ شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەستانە سەر پێ.
سەرۆک بارزانی، بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و قورسایی سیاسی خۆی، بۆ حەلەب تەدبیری وەرگرت بۆ ئەوەی کە ڕێگری لە کۆمەڵکوژی بکات و ڕێگا لە کارەسات بگرێت و کات بۆ هێزە کوردییەکان بەدەست بهێنێت. ناوبراو داوای لە تورکیا و حکومەتی کاتیی سووریا و ئەمریکا و هەموو لایەنەکان کرد، کە لە نێوان بەریوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا و حکومەتی سووریادا دیالۆگ ساز بکەن. سەرۆک هەوڵیدا کە زەمینەیەک بۆ گفتوگۆ لەنێوان لایەنەکاندا دروست بکات.
بەڵام بەڕیوەبەریی کەجەکە بەیاننامەیەکی نیو لاپەڕەیی گشتیی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “داوامان لە دەوڵەتی تورکیا کردووە پشتیوانی کورد لە سووریا بکات، چونکە ئەوان کەسوکاری کوردەکانن لە تورکیا. هەروەک چۆن تورکیا پشتیوانی لە تورکمانەکان دەکات، دەبێ پشتگیری کوردیش بکات”. بەکارهێنانی دەستەواژەی “کورد لە تورکیا” لەلایەن کەجەکە لەبری “باکووری کوردستان”، پرسێکی سەرنجڕاکێشە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەوڵەتی تورکیا ئاشتیی لەگەڵ کوردەکانی تورکیادا کردووە، هەربۆیە دەبێت لەگەڵ ئەوانەی لە سووریاشدان ئاشتی بکات. بەیاننامەکەی کەجەکە دەریدەخات کە ڕۆژئاڤا لە ڕۆژەڤی پەکەکەدا نییە. یان ڕەنگە پەکەکە فەرمانی لە ئیمرالی وەرگرتبێت کە نابێ دژایەتی هێرشی دەوڵەتی سووریا بۆ سەر کوردەکان لە حەلەب بکات.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە بۆ ئەوەی کە سیمای نەرێنی خۆی لە مەیدان نەهێڵێت و خۆی بە سەرنجڕاکێش پیشان بدات، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە بۆ ئەوەی کە ڕای گشتی کەیفخۆش بکات و گوتی: “ئێمە دەتوانین هێز ڕەوانە بکەین”. بێگومان ئەو باش دەزانێت کە ئەم پێشنیارە هیچ مەجالێکی تێدا نییە و یەنەکە دۆخەکەی بۆ شۆیەکی میدیایی گۆڕیوە.
کاتێک سەیری بەرەی کورد دەکەین، دەبینین هەم گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب و هەم پرسی ڕۆژئاڤا بە گشتی، لەسەر شانی سەرۆک بارزانی و بەڕیوەبەریی هەسەدەیە.
بێگومان گرنگ ئەوەیە کە بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤا خۆی لەو هەڵانە بەدوور بگرێت کە لە 13 ساڵی ڕابردوودا کردوویەتی. کادیرانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا، دەبێ دژایەتی برنامەکەی ئۆجەلان لە ئیمرالی و دەولەتی تورک بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژئاڤا بکەن. ئەگەر تەنانەت ئۆجەلانیش ڕەت نەکەنەوە، دەبێت تەنها وەک سەرکردەیەکی ڕۆحی و ڕەمزی قبووڵ بکەن و بۆخۆیان بڕیار لەسەر ئایندەی خۆیان بدەن. دەبێت سیاسەتەکانیان بە پێی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاڤا دابڕێژن نەک بە پێی بەرژەوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ وڵاتە ئیقلیمیەکان. بە واتایەکی تر ڕۆژئاڤا پێویستی بە دەستەواژەی یدئۆلۆژیک و ئایدۆلۆژیای ماجەراپەرست یان هەناردەکردنی ڕامان و ئازادی بۆ سەرانسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە. دەبێ گوتاری خۆیان لەسەر ڕۆژئاڤا و کوردستان بنیات بنێن.