ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو لە ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئازارێکی زۆر و برینێکی قووڵی لە دڵی هەموو کورداندا دروستکرد. 300 هەزار کەس ئاوارە بوون و ماڵەکانیان وێران کراون، بەدەیان کەس بە دیل گیراون و ژمارەیەکی نادیاریش کە مەزەندە دەکرێت نزیکەی 200 کەس بن، لە شەرڤانان و خەڵکی سڤیل شەهید بوون. بێگومان ئەم شەهیدانە تاجی سەری کوردن، بەڵام مەسەلەکە تەنها بە ڕێزگرتن لە شەهیدان کۆتایی نایەت. پیویستە ڕەخنە ئاراستەی ئەو کەسانە بکرێت کە لەم پێڤاژۆیەدا بەرپرسیارن، کە نەک تەنها خەڵکی حەلەب، بەڵکوو هەر چوار پارچەی کوردستانیان زەبر و زەنگ داوە. چونکە هەم هەڵەی سەربازی و هەمیش هەڵەی سیاسی هەن.
هەتا ساڵی 2024 ئاشکرا بوو کە ئەمەریکا و زلهێزە ڕۆژئاواییەکان، بەڕیوەبەرییەکی کوردییان لە حەلەب ناوێت.
وەکوو دیکە ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی سووریا لە پاریس ڕێککەوتن. بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا ئەنجامەکانی عەفرین و سەرێکانیی بینی، ئەوان دەیانتوانی بە بێ ئەوەی وێران ببێت، بکشێنەوە.
ئەگەر نەتدەتوانی بڕیاری کشانەوە بدەیت، دەبوو شەڕەکەت بە هەموو حەلەبدا بڵاوکردبایەوە و پاڵپشتیتان کردبان. ئەمەش نەکرا. بە کۆمەڵێک کەس گوترا کە هەتا مردن شەڕ بکەن. دەرکەوت کە لە ساڵی 2012 بەملاوە، ئەوان لەو دەڤەرانەی کە لەژێر کۆنترۆڵیاندایە، تونەلێک یان سەنگەرێکی ڕێکۆپێکیان دروست نەکردووە. بۆیە خەڵک گیریان خوارد و تەنانەت سەرکردەکانی وەک شەهید زیاد حەلەب، بەڕێوەبەری ئاسایش، ناچار بوون خۆیان بەکوشتن بدەن.
ئەوەی لە حەلەب ڕوویدا هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەیە کە لە جزیرە لە کاتی شەڕی خەندەقەکاندا ڕوویدا و مرۆڤەکان بە زیندوویی لە ناو ژێرزەمینییەکاندا سووتێندران. لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئەوە پەکەکە بوو کە بە خەڵکی گوت بەرخۆدان بکەن و مەڕۆن.
ئەو قسەیەی کە دەڵێت “ئەنجوومەنی گەلی شێخ مەقسوود بڕیاریدا نەچێتە دەرەوە” ڕاست نییە. هەرکەسێک سیستمی ڕۆژئاڤا بناسێت دەزانێت بڕیار لە سەرەوە دەدرێت و ئەنجومەن تەنها دەتوانێ جێبەجێی بکات. ئەم بڕیارە ڕاستەوخۆ لە لایەن سەرکردایەتی پەکەکەوە دراوە.
پەکەکە خۆی هەڵوەشاندۆتەوە، بەڵام هزری بەکارهێنانی ژیان و ئازارەکانی خەڵک وەک ئامرازێکی پڕوپاگاندا و دروستکردنی زرێپۆشێکی پارێزەر لەسەر لاشەی لاوانی کورد هەڵنەوەشاوەتەوە.
لە میانەی سەردانەکەی مەزڵووم عەبدیدا بۆ سووریا لە ڕێکەوتی 4ی ژانیڤەریدا، پێی گوترابوو کە “یان بڕۆن یان ئێمە هێرش دەکەین”. مەزڵووم عەبدی بە بینینی ئەوەی کە پێکدادانەکە دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی گەورە، پێشنیاری کرد کە ئەو دوو گەڕەکە چۆڵبکرێن و هێزە ئەمنییەکان بەرەو عەفرین هەنگاو بنێن. بەڵام پەکەکە ئەم پێشنیازەی ڕەتکردەوە.
سەرکردایەتی پەکەکەی هەڵوەشاوە ویستی پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ تورکیا بنێرێت وبڵێت، “ئێمە هەر ماوین، ئێمە هێشتاش دەتوانین شەڕ بکەین”. بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانی بەرخۆدانیان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە دەرکرد. ئەندامانی پەکەکە لەژێر ناوی “کۆردیناسیۆنی تەڤگەری ئاپۆیی”دا، ئەم بڕیارەیان بەسەر مەزڵووم عەبدی و ئەوانی دیکەدا سەپاند کە دەیانویست بکشێنەوە. کەسانی وەک باهۆز ئەرداڵ، ئاڵدار خەلیل و موزەفەر ئایاتا بەشێکن لەو کۆردیناسیۆنە. لە ئەنجامدا مەزڵووم عەبدی و هاوکارەکانی نەیانتوانی پێش بەو بڕیارە بگرن و دەستپێشخەریی ئەنجامدانی شەڕ و پێکدادان لە لایەن باهۆز ئەرداڵەوە کرا. مەزڵووم عەبدی و لایەنگرانی بە درێژایی شەڕ و پێکددانەکە بێدەنگ بوون.
لە ئەنجامدا کاولکارییەکی گەورە ڕوویدا و پەکەکە جارێکی تر گەلی کردە قوربانی پلانە تاریکەکانی.
لە کاتێکدا کە کارەساتێکی ئەوەندە گەورەی سەربازی و سیاسی لە شێخ مەقسود و ئەشرەفییە ڕوویدا، لە کاتێکدا کە هێشتا هیچکام لە شەهیدەکان ئەسپەردەی خاک نەکرابوون. لەکاتێکدا کە هێشتا فرمێسکی چاوانی کورد وشک نەببوونەوە، ڕێکخراوی ڕۆشنبیری پەکەکە بێ شەرمانە گۆرانییەک لەسەر حەلەب بڵاوکردەوە. ئەوەی حەلەب پێویستی پێیەتی، گۆرانی نییە، بەڵکوو دادگایەکی گەلییە. دەبێ ئەو کەس و دامەزراوانە وەڵامدەر بن، کە تەنها دوو ڕێگای یان مردن یان کاولکارییان لەبەردەم گەلی کورددا هێشتەوە. ئەو سەرکردانە لە ویژدانی گەلی کورددا ڕووڕەش و شەرمەزارن.