بۆچی گرنگە لە یاڵچین کوچوک تێبگەین؟

بۆچی گرنگە لە یاڵچین کوچوک تێبگەین؟

کوچوک وەکوو کەسێکی ڕۆشنبیر و لایەنگری کورد نەچووەتە دیمەشق، بەڵکوو لە ڕاستیدا وەک ئەرکدار و نوێنەری دەوڵەتی قووڵی تورک سەردانی ئۆجەلانی کردووە.

لە ڕێکەوتی 7ی نیساندا هەواڵی مردنی یاڵچین کوچوک لە میدیاکان بڵاوبووەوە. ئەم هەواڵە فایلی یاڵچین کوچوکی هەم بۆ تورک و هەمیش بۆ کورد سەرلەنوێ کردەوە. جگە لەو بازنە قووڵانەی کە بە ئەنقەست دەیانویست فایلی یاڵچین کوچوک دابخەن، هەم کورد و هەم تورک دەیانزانی کە یاڵچین کوچوک بە نهێنییەکانیەوە چووە گۆڕ، چوونکە کوچوک ڕۆشنبیرێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو پەیوەندییەکی گرنگی لەگەڵ “دەوڵەتی قووڵ”ی تورکدا هەبوو.

بەڵام پێویستە ئەم باسە بە تایبەتی لە لایەن کوردەوە بە جیددی وەربگیرێت. چونکە یاڵچین کوچوک بە یەکێک لە ئەکتەرە گرنگەکانی مێژووی ئەم دواییەی کورد دادەنرێت. هۆکاری ئەم گرنگییە، ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆ و “تاک بە تاک”ـەیە کە لە ساڵانی نێوان کۆتاییەکانی 1980 هەتا  1998 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا هەیبوو.

ئایا وەک ئەوەی کە زۆرجار بانگەشەی بۆ دەکرێت، یاڵچین کوچوک تەنیا ڕاوێژکار و مامۆستای عەبدوڵڵا ئۆجەلان بووە؟ یان ئەکتەرێک بوو لە پلانێکی زۆر جیاوازدا کە لەلایەن دەوڵەتی قووڵەوە ڕێکخرابوو؟ بەڵێ، وەڵامی ئەم پرسیارە دەتوانێ ببێتە هۆی دەرەنجامێکی زۆر سەرنجڕاکێش. بە تایبەت لە چوارچێوەی بارودۆخ و بنەماکانی ئەو بزووتنەوەیەی کە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە بەڕێوەدەبرا. پەیوەندی نێوان یاڵچین کوچوک و ئۆجەلان پێویستی بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە هەیە. دەتوانین بە چەند زانیارییەکی پوخت لەسەر ئەم بابەتە، دۆخەکە کورت بکەینەوە.

یاڵچین کوچوک: “من تیمی کەشفم”

بۆ تێگەیشتن لەو پەیوەندییەی کە یاڵچین کوچوک لەگەڵ ئۆجەلان هەیبوو و هۆکارەکانی پشت خۆشەویستییەکەی بۆ ئۆجەلان، پێویستە یاڵچین کوچوک بە کورتی پێناسە بکەین. ناکرێ یاڵچین کوچوک تەنها وەک کەسایەتییەکی عیرفانی یان ڕۆشنبیر پێناسە بکرێت. ئەو چالاکوانێک بوو، کە بەشێوەیەکی تایبەتی بە بازنەی دەوڵەت قووڵی تورکیا و ئەرتەسی ئەو وڵاتەوە گرێدرابوو.

بۆخۆی ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگەی دیدارێکی لەگەڵ “ئاڵپارسلان تورکەش”دا، بەشداریی لەو چالاکییانەدا کردووە کە کە کودەتاکەی 27ی ئایاری 1960ی لێکەوتەوە. لە لێدوانەکانیدا باسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆرێک لە کەسایەتییە گرنگەکانی ئەرتەشی تورکیا لەوانە “حیکمەت چەتین” دەکات.

کوچوک کە ڕایگەیاندبوو ئەو سەرسامە بە مستەفا کەمال و شەڕی سەربەخۆیی تورکیا، هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە کورت کردۆتەوە: “هەرچەندە کەمالیزم لاواز بوو، بەڵام هاتنی ئیسلام و کۆمۆنیزم و هەروەها کوردەکانی سەرکوت کرد و باڵادەستیی خۆی جێگیر کرد، ئێستا ئەم باڵادەستییە خەریکە لاواز دەبێت و کەمالیزم پێویستی بە نوێبوونەوە هەیە. هەر بۆیە پێویستە نوێ بکرێتەوە؛ دەبێ چەپەکان و کورد بۆ بەرزکردنەوەی کەمالیزم پێکەوە تێبکۆشن”.

بە تێپەڕبوونی کات، کوچوک دەستی بە کەمالیزەکردنی کورد کرد. سەرەتا ڕەخنەی لە چەپەکانی تورکیا گرت و یەکەم کەس کە ڕەخنەی لێگرت، “حیکمەت کڤلجمل” بوو. کڤلجمل یەکەم کەس بوو کە گوتبووی: “دەوڵەتی تورک لە کوردستان کۆلۆنیالیستە”. بەڵام کوچوک هەرگیز قبووڵی نەدەکرد کە کورد نەتەوەیەکی بندەستە و دەچەوسێتەوە و هەوڵیدا هەتا کوردی کەمالیست دروست بکات.

کوچوک لە کۆتایی ساڵانی 1980دا بە توندی ڕاوەستەی لەسەر تێکۆشانی کورد کردوە. خۆی سەبارەت بەم بابەتە گوتوویەتی: “من تیمی کەشفم”. ئایا ئەمە قسەیەکی ئاسایی بوو، یان بەڕاستی وەک ئەفسەرێکی سیخوڕی ئەرکدار کرابوو؟ بۆ ئەوەی باشتر لە کوچوک تێبگەین، پێویستە سەیری کەیسی “جەنک دواتەپە” بکەین.

لە پەیوەندی نێوان یاڵچین کوچوک و جەنک دواتەپەوە هەتا ئۆجەلان…

کوچوک کە پەیوەندی لەگەڵ چەندین کەسایەتی گرنگ و سەرەکیدا هەبوو، پەیوەندییەکی گرنگی دیکەی لەگەڵ “سەبری جەنک دواتەپە”شدا هەبوو. یاڵچین کوچوک و دواتەپە ئامۆزای یەکتر بوون. باپیریان عەقید “سابر سووەر” لە ساڵانی 1960دا کەسایەتییەکی دیاری تورکیا بووە.

سەبری جەنک دواتەپە یەکێک لە دیپلۆماتکارە هەواڵگرییە گرنگەکانی تورکیا بوو کە کەمتر ناسراو بوو. لە پرسەکەیدا ئەحمەد داودئۆغڵو وەکوو “کەسێک کە دەسکەوتی گەورەی بۆ تورکیا بەدەستهێناوە” وەسفی کرد. لە ساڵانی 1980دا، جەنک دواتەپە بە نوێنەرایەتی تورکیا دژی ڕێکخراوی “ئاسالا”ی ئەرمەنی کاری دەکرد. هەرچەندە تا ساڵی 1985 ناوی لە بەڵگەنامەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیاشدا هاتووە، بەڵام ماوەی نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1990 لەبەر چەند هۆکارێک، شاراوە بووە. دەوترێت دواتەپە لەو ساڵانەدا لە دیمەشق کاری کردووە.

لێدوانەکانی عەبدولحەلیم حەدام جێگری سەرۆکی پێشووی سووریا کە دەڵێت ئۆجەلان و ئەفسەرێکی سەربازی تورکیا لە یەک بینادا دەژیان، مشتومڕێکی لەسەر ئەو پرسیارە دروستکردبوو کە “دراوسێیە نهێنیەکەی ئۆجەلان کێیە؟” لە ناو پەکەکەدا ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەم ڕووداوە پێش ساڵی 1994 ڕوویداوە، ئەو بەروارەی کە حەدام باسی دەکات. بە وتەی ئەندامانی پەکەکە، لە ساڵی 1989دا ئۆجەلان دراوسێیەکی تری تورکی لەو بینایەدا لە دیمەشق هەبوو کە ئەو لە “نھۆمی 10”یدا دەژیا. دەگوترێت ئەو کەسە “جەنک دواتەپە” بووە.

یاڵچین کوچوک بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1989دا سەردانی ئۆجەلانی کرد، کەواتە، دوو ئامۆزا لە یەک کاتدا لەگەڵ ئۆجەلان بوون!

جەنک دواتەپە لە ساڵی 1991دا وەک سەرۆکی بەشی ئیستیخبارات و لێکۆڵینەوە دانرا. لەم ماوەیەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق بەردەوام بوو. لە ئاگربەستی ساڵی 1993 بە نێوەندگیری جەلال تاڵەبانی ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و کۆبوونەوەیەکی زۆری لەگەڵدا کردووە. جەنک دواتەپە تا ساڵی 1996 لەم پۆستەدا بەردەوام بوو. لە ساڵی 1997دا وەک باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق دەستنیشان کرا. ساڵی 1998 ناوی ناوبراو بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا (MIT) هاتە ئاراوە، بەڵام دواتر “شەنگال ئاتاساگون” لەجێگای ئەو دانرا. جەنک دواتەپە، هەتا یەکەمی ژانیڤەری ساڵی 2000، واتە بۆ ماوەی 3 ساڵ وەک باڵیۆزی تورکیا لە دیمەشق کاری کردووە.

لەبەر ئەوەی کە پەیوەندی جەنک دواتەپە لەگەڵ ئۆجەلان هێندەی پەیوەندیی یاڵچین کوچوک و ئۆجەلان باسی لێوەنەکرا، ڕەنگە زۆر قووڵتریش بووبێت.

سێ تێبینی گرنگ

لێرەدا دەتوانین چەند تێبینییەک زیاد بکەین. یاڵچین کوچوک لە ساڵی 1998دا گەڕایەوە تورکیا، لە کاتی دادگاییکردنیدا وتی: “من بە ئۆجەلانم وت بگەڕێتەوە بۆ تورکیا”.

تێبینییەکی تر ئەوەیە کە یاڵچین کوچوک لە سەردانەکانیدا بۆ دیمەشق پاسپۆرتێکی بەکارهێناوە کە بە ناوی ئەوەوە نەبووە. لە ساڵانی دواتردا وتی: “عسکەرەکانی تورکیا ئەم پاسپۆرتەیان بە من دابوو”.

تێبینی سێهەم ئەوەیە: هەوڵی تیرۆرکردنی ئۆجەلان لە ڕێکەوتی 6ی ئایاری 1996دا زۆر گوماناوی بوو. یاڵچین کوچوک ڕایگەیاندبوو کە هەوڵی تیرۆرکردنی ئۆجەلان دەدرێت و ئەویش ئەمە قبووڵ دەکات. بەپێی زانیارییەکانی کوچوک، مەسعود یڵماز (سەرۆک وەزیران) ئەم زانیارییەی پێداوە. بەڵام زۆرێک لە سەرچاوەکان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە “چەڤیک بر” جێگری دووەمی سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا داوای لە مەسعوود یڵماز کردبوو کە لە ڕێگەی یاڵچین کوچوکەوە ئەو زانیاریانە بە ئۆجەلان بگەیەنێت.

بەکورتی هێزە چەکدارەکانی تورکیا پاسپۆرتێکیان بە یاڵچین کوچوک دا بۆ ئەوەی لە پاریسەوە بۆ دیمەشق گەشت بکات. هەروەها دەوڵەت لە ڕێگەی کوچوکەوە مەترسی تیرۆرکردنی بە ئۆجەلان ڕاگەیاندبوو. بە درێژایی ئەم ماوەیە، ئامۆزاکەی یاڵچین کوچوک، ئەفسەرێکی هەواڵگری و دیپلۆماتکارێکی گرنگ بوو و چالاکییەکانی لە دەوری دیمەشق دەسووڕانەوە. ئەم کورتە مێژووە زۆر شتی نهێنیمان بۆ دەگێڕێتەوە.

بۆچی یاڵچین کوچوک چووە دیمەشق؟

بێگومان ئامانجمان تەنها تۆمارکردنی ڕووداوەکان نییە. ئەمە بابەتی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر درێژترە. ئێمە تەنیا دەمانەوێت ئەوە نیشان بدەین کە لایەنە تاریکەکانی پەیوەندی نێوان یاڵچین کوچوک و ئۆجەلان تەنیا گریمانە یان تیۆری پیلانگێڕی نین، بەڵکوو لەسەر بنەمای زانیاری و بەڵگەی زۆر یەکانگیر پێکهاتووە. ئەو کورتە مێژووەی سەرەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کوچوک وەکوو کەسێکی ڕۆشنبیر و لایەنگری کورد نەچووەتە دیمەشق، بەڵکوو لە ڕاستیدا وەک ئەرکداری دەوڵەتی تورکیا ڕۆیشتووە، واتە وەکوو نوێنەری دەوڵەتی قووڵی تورک (کە دواتر بە باڵی ئەرگەنەکۆن پێناسە کرا)، لە دیمەشق سەردانی ئۆجەلانی کردووە.

لەم ماوەیەدا کوچوک سێ ئەرکی سەرەکیی پێ سپێردرابوو:

یەکەم: بەو پێیەی کەرەستەی تەکنیکی پەیوەندیکردن (وەک تەلەفۆن) لەو سەردەمەدا کەم بوو، وەک ئەفسەری پەیوەندی و ڕاگەیاندن کاری کردووە.

دووەم: یاڵچین کوچوک کەسایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی گەیاندە ئاستێکی نوێ. سەرەتا ئەم کارەی بە “پەرستنی ئۆجەلان” کردووە. هەتا سەرەتای ساڵانی 1990، ئەگەرچی ئۆجەلان خۆی وەک تاکە سەرکردەی پەکەکە دەبینی، بەڵام هێشتا کەسایەتییەکی پیرۆزی بۆ خۆی دروست نەکردبوو. یاڵچین کوچوک ئەمەی کرد. کتێبەکانی (“چیرۆکی قیامەت” و “رێککەوتن لە باخچەی کورد”) سەرەتای دروستکردنی گێڕانەوەیەک لە سەر منداڵی و بنەماڵە و گەنجی ئۆجەلان، هاوشێوەی چیرۆکی پێغەمبەران بوو. ئەم گێڕانەوەی لەدایکبوونی پێغەمبەرانە تا ئەمڕۆش وەک کەسایەتی “ئیلاهی و بێ کەموکوڕی و بێ گومان”ی ئۆجەلان بەردەوامە. شایانی باسە کە یاڵچین کوچوک سیفەتی لوتبەرزی و خۆبەزلزانی و من منی لە ئۆجەلاندا بینی و کردی بە پلانی خۆی و وەک ئامرازی بەهێزکەر بەکاری هێناون.

سێهەم: لە دروستکردنی شێوازێکی نوێی گوتار و پڕوپاگەندەدا یارمەتیی پەکەکەی داوە و پەکەکەی لە ناسیونالیزمی کوردی دوور خستەوە. کاتێک کتێب و وتارەکانی ئۆجەلان پێش کاریگەریی یاڵچین کوچوک و دوای کاریگەریی یاڵچین کوچوک بەراورد دەکرێن، ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە لە ساڵی 1994 بەملاوە، ئۆجەلان پرسە سەربازی و سیاسییەکان وەک پرسێکی لاوەکی دادەنێت و زیاتر سەرنجی لەسەر خۆشەویستی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وێژە و یەکسانی بووە. لەو ماوەیەدا ئۆجەلان وازی لە چەمکەکانی “کوردستان وەک وڵاتێک” هێناو و دەستی بە ئامادەکردنی کتێبگەلێک بە ناونیشانی وەک “شۆڕشی کۆمەڵایەتی”، “ژیانی نوێ” و “ئەوین شەڕە”، کرد. پرۆسەیەکی دەستی پێکرد کە تێیدا جوانی و جوانناسی و جوانکاری، خەمی سەرەکی گەریلا ژنەکان بوون.

نیشانەیەکی دیکەشی ئەوە بوو کە پەکەکە لەکاتێکدا کە شەڕی باکووری کەم دەکردەوە، پەلاماری هێزە کوردستانییەکانی باشووری کوردستانی دەدا.

سەبارەت بە کاریگەریی کوچوک لەسەر ئۆجەلان، کوچوک فێری ئۆجەلان دەکات کە چۆن لە ڕێگەی پرۆسەی ڕامانی ڕۆشنبیریی ورووژێنەرەوە سەرکردایەتی جەماوەر بکات. بنەمای گوتار و پارادایمی دژە کوردستانیی ئۆجەلان، کە لە نووسەرانی ئەنارشیستی وەک “مۆرای بووکچین و والەرستەن”ـەوە وەرگیراوە، بە خوڵقاندنی بەرهەمەکانی ئۆجەلان لە لایەن یاڵچین کوچوکەوە دەستی پێکردووە.

لە ڕاستیدا بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پێویستە کە پەیوەندیی نێوان ئۆجەلان و کوچوک سەرلەنوێ بە بەرفراوانی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. هەموو شتێک ئاماژە بەوە دەکات کە ئۆجەلان لە ساڵانی 1970دا هەمیشە بەشێک لە پلانی دەوڵەتی قووڵی میلیتاریست و کەمالیستی تورک بووە. پێش ئەو، ناوی “پیلۆت نەجاتی کایا” و کەسانی دیکە هەبوون و دواتر ژەنەڕاڵەکانی وەک “ئاتیلا ئوگور” هاتنە گۆڕێ. بۆیە یاڵچین کوچوک مێشکی سەرەکی نەبوو؛ ئەو نەبوو کە پلانەکەی دانابێت، لەڕاستیدا کوچوک تەنها ئەو ئەرکەی جێبەجێ دەکرد کە دەوڵەت پێی ئەسپاردبوو.

کەجەکە لەسەر کۆچی دوایی یاڵچین کوچوک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و کوچوکی بە دۆستی ئۆجەلان ناوبرد. لەوانەیە دۆستی ئۆجەلان بووبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کوچوک کوردی وەک عەوام و دواکەوتوو و نەزان دەبینی. هەر لەو پێوەندییەدا وتەیەک لە بارەی یاڵچین کوچوک لە لایەن برای گەورە و ڕێزدارمان، مێژوونووس و نووسەری گەورە “زەینەل عابدین خان”، کە لە ساڵی 2020دا کۆچی دوایی کرد، وەبیر دەهێنینەوە کە گوتبووی: کاتێک لە زیندانی “ئولوجانلار”دا پێکەوە بووین، یاڵچین کوچوک گوتوویەتی، “کورد ڕۆژانە وەک پشیلە منداڵ دروست دەکەن؛ ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوا وڵات داگیر دەکەن”. ئەم لێدوانە بە تەواوی ڕەنگدانەوەی بیر و ڕوانگەی یاڵچین کوچوکە بەرامبەر بە کورد و لە ئەرک و میسیۆنی فەرمیی کوچوک زیاتر نیەتی کوچوک لەهەمبەر کوردان پیشان دەدات.

یاڵچین کوچوک نهێنیەکانی لەگەڵ خۆی بردە گۆڕ. بەڵێ ئەمە ڕاستە، بەڵام ئەگەر بە داتای مێژوویی ورد و دروست هەڵسەنگاندن بۆ ئەو نهێنیانە بکەین، هەمیشە چانسی ئاشکراکردنی ئەو نهێنییانەمان هەیە.

Share