سەرکردایەتی پەکەکە بەرە بەرە ئاشکرای دەکات؛ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان قەندیل و دەوڵەتی تورکدا هەیە

سەرکردایەتی پەکەکە بەرە بەرە ئاشکرای دەکات؛ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان قەندیل و دەوڵەتی تورکدا هەیە

ئەوانەی پەکەکە باش دەناسن دەزانن کە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردودا، هەرگیز پەیوەندیی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک نەپساوە.

چەند مانگێکە ئێمە دەڵێین کە خەڵک فریو دەدرێن، هەم دەوڵەتی تورک و هەم پەکەکە خەریکی فریودانی خەڵکن و ئەوەی ڕوودەدات تەنها بەشێکی کەمی بە ئێمە دەوترێت. دانوستان کراوە و لەسەر زۆر بابەت ڕێککەوتوون. بەڵام بەهۆی هاوسەنگییە گرینگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت دۆخی ئێران و هەڵویستی ئیسرائیلوە، دەوڵەتی تورکیا پێی باشە کە پرۆسەکە وردە وردە بەرەوپێش بچێت. جگە لەوەش گرنگە پەکەکە و ئۆجەلان لاواز نەبن و پرۆسەکە لەلایەن کوردەوە قبووڵ بکرێت. بۆیە نە سەرکەوتنێک بۆ پەکەکە هەیە و نە ئاشتییەکی شکۆمەندانەش لەئارادایە؛ ئەوەی هەیە تەنیا شانۆیەکە کەوا ئۆجەلان وەک “کۆترێکی ئاشتی” دەستنیشان دەکات.

وا دیارە لەم شانۆیەدا لاپەڕەیەکی نوێ دەست پێدەکات. پەکەکە بە وتنی “دەوڵەت بە ئێمەوە سەرقاڵ دەبێ” دەست پێدەکات، بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە هەموو ئەو هەنگاوانەیان لە خۆڕا نەناوە. بۆ ئەم مەبەستە وردە وردە یەکەم سیگناڵ دەدەنە ڕای گشتی و زەمینەسازی بۆ ئاشکراکردنی ئەو پەیوەندیانە دەکەن کەوا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا دایانمەزراندوون.

یەکێک لەو پێشهاتانە دوێنێ لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی سەر بە پەکەکە ڕوویدا. بابەتێک کە لە یەنی یاشام (ڕۆژنامەی پەکەکە لە تورکیا)دا بەناوی “دکتۆر خەیری هەزارگۆڵ” بڵاوکرایەوە، هەنگاوی یەکەمی ئەم مژارە دەردەخات.

هەزارگۆڵ لە وتارەکەیدا ڕایگەیاندووە: “بەپێی ئەوەی بدەستمان گەیشتووە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەنێوان بەرپرسانی دەوڵەت و نوێنەرانی قەندیل لە دەرەوەی ناوچەی قەندیل ڕوویداوە، ئێمە نازانین ئەمە چەندە ڕاستە؛ بەڵام بەرپرسانی دەوڵەت و نوێنەرانی قەندیل تەنانەت لە دەرەوەی قەندیل کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن”.

جێگای سەرنجە کە دکتۆر خەیری هەزارگۆڵ زانیاری گرنگی وەهای بڵاو کردۆتەوە. وا دیارە ناوی دکتۆر خەیری هەزارگوڵ، ناوێکی خوازراو بێت. بە واتایەکی تر بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکە بە ناوی خوازراوەوە بابەت دەنووسن. بەپێی هەندێک سەرچاوەی پەکەکە ئەم کەسە خودی دوران کاڵکانە. بێگومان ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگ نییە؛ لە کۆتاییدا بابەتێکی لەو شێوەیە لە میدیاکانی پەکەکەدا بڵاوکرایەوە و نزیکەی هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پەکەکە لە شاشەی تەلەفزیۆن و پلاتفۆرمەکانی تردا بڵاویان کردەوە.

دیسان ئامەد دیجلە، ئەندامی بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی پەکەکە، دەستەواژەی “بەرپرسانی دەوڵەت و نوێنەرانی قەندیل تەنانەت لە دەرەوەی قەندیلیش کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن”ی لە وتارەکە خەیری هەزارگوڵ وەرگرت و بڵاوی کردەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە وتارەکەی هەزارگۆڵ وتارێک یان شرۆڤەیەکی ئاسایی نییە؛ بەڵکوو لەلایەن پەکەکەوە بۆ دەستکاریکردنی کۆنترۆڵکراو و ئامادەکردنی بەستێن بۆ هەندێک زانیاری بڵاوکراوەتەوە.

کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای بڵاوبوونەوەی ئەم بابەتە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ “ئامبەرین زەمان”، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئەلمۆنیتۆر ئەنجامدا. عەبدی ڕایگەیاندووە کە “بنەمای سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆجەلان ئامادەیە و ڕەنگە بەم زووانە ڕووبدات”. لە بابەتێکدا کە دوێنێ لە پێگەی “دارکا مازی” بڵاومان کردەوە، ئاشکرامان کرد کە مەزڵووم عەبدی لە مانگی ئازاردا سەردانی ئیمرالیی کردووە. تەنانەت باسمان لەوە کرد کە نەک هەر مەزڵووم، بەڵکو ئیلهام ئەحمەد، دوران کاڵکان، سەبری ئۆک، بەسێ هۆزات و هێلین ئومیت لە ئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە. بەڵام ئەم ترافیکی هاتوچۆیە بۆ ئیمرالی، بە تەواوی بە نهێنی ماوەتەوە.

ئێستاش کاتێک لێدوانەکانی نووسەری نهێنی هەزارگۆڵ و لێدوانەکانی مەزڵووم عەبدی لەپاڵ یەکتر دادەنین، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە: پەکەکە زانیاری نوێ لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورک و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئۆجەلان بڵاودەکاتەوە.

چەند هۆکارێک لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو زانیاریانەوە هەیە. یەکەم؛ کاردانەوەیەکی گەورەی ڕای گشتی (مەبەستمان لایەنگرانی پەکەکەیە) لەئارادایە. لە ئەورووپا و ڕۆژئاڤا و هەروەها لە باکووری کوردستانیش لایەنگرانی پەکەکە دەڵێن: “ئەگەر ڕێککەوتنێک نییە، بۆچی چەکیان داناوە، ئەمە تەسلیمبوونە”. ئەم دۆخە زیان بە وێنای ئۆجەلان دەگەیەنێت. بەڵام هێشتا دەوڵەت پێویستی زۆری بە ئۆجەلان هەیە. بۆ ئەوەی ئۆجەلان وەک سەرۆکێک سەیر نەکرێت کە بەبێ هیچ ئیمتیازێکی وەرگرتبێت دەستبەرداری هەموو شتێک بووە، دەبێت وێنایەکی وەهای لێ دروست بکرێت کە هێندێ دەسکەوتی هەبووە. بۆیە کۆبونەوەکان وردە وردە ئاشکرا دەبن. بێگومان ئەمە بەبێ ئاگاداری دەوڵەتی تورک ڕوونادات؛ لێدوانێکی لەو جۆرە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتدا دەکرێت.

ئەوانەی پەکەکە باش دەناسن دەزانن کە لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردودا، هەرگیز پەیوەندیی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک نەپساوە. هەر ئەو کەسانە باش دەزانن کە لەو کاتەی ڕای گشتی لەدژی گۆشەگیری (تەجرید)ی ئۆجەلان، هاواریان دەکرد، زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە سێکوچکەی ئیمرالی- قەندیل-دەوڵەتدا لەئارادابوو. ئێمە هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان دەگوت، هەرکەسێکی ئاقڵمەندیش هەر ئەمە دەڵێ: بە دەیان ڕێککەوتن هەیە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون و ئێمەش لەبارەیانەوە نازانین. ئێمە فریو دەدرێین؛ شوێنپێی ئەسپ و شوێنپێی سەگ تێکەڵاو بوون. پەکەکە بە چەواشەکاریی هۆشمەندانە و بۆردومانی میدیایی، ڕاستییەکان دەشارێتەوە. دەوڵەتی تورکیش هەمان شت دەکات. ئەوەی دەگوزەرێت ئەمەیە کە کورد بە هیوای ئاشتییەکی پووچ و ساختە بە قوربانی دەکرێت. کورد کەوتووەتە داوی هیوا، ئاشتی و ئازادی و بە دوای پەکەکە و دەوڵەتدا ڕادەکێشرێت.

سەردەمانێک تورکەکان لەبارەی کوردەوە دەیانگوت: «ئالاڤەرە دالاڤەرە، کورد مەهمەت هەرە نۆبەتێ»، ئێستا پەکەکە و دەوڵەتی تورک پێکەوە دەڵێن: “ئالاڤەرە دالاڤەرە، کورد مەهمەت نۆبەدارە”.

کوردانی دڵسۆز وهێژا، پشتێنەکانتان گرێ بدەن، بەم نزیکانە لاپەڕەیەکی نوێ لە “شانۆی پێڤاژۆ” دەکرێتەوە.

پیرۆز بێت، چاوەکانتان بە کراوەی بهێڵنەوە، پەکەکە بەم نزیکانە زانیاریی نوێ بڵاودەکاتەوە!

Share