ڕوونکردنەوەی زیاتری دارکا مازی سەبارەت بە مانشیتی “ئایا مەزڵووم عەبدی ڕۆیشتۆتە ئیمرالی؟”

ڕوونکردنەوەی زیاتری دارکا مازی سەبارەت بە مانشیتی “ئایا مەزڵووم عەبدی ڕۆیشتۆتە ئیمرالی؟”

دەوڵەتی تورک و پەکەکە بە ئەنقەست زانیارییەکان دەشێوێنن و لە کاتێکدا لەو ئاڵۆزیەدا هەموان بە دوای هەقێقەتدا دەگەڕێن، گرووپێکی بچووک یاری بە چارەنووسی نەتەوەیەکەوە دەکات.

ڕۆژی 12ی ئایاردا، پێگەی دارکا مازی هەواڵێکی بەناونیشانی “ئایا مەزڵووم عەبدی ڕۆیشتۆتە ئیمرالی؟ ئایا ئەگەری سەردانی ئەنقەرە و لێدوانەکان سەبارەت بە تورکیا ڕاستن؟”، بڵاوکردەوە. هەرچەندە ئەم هەواڵە لە میدیا کوردییەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی لێوە نەکرا، بەڵام مشتومڕی میدیاکانی تورکیای بەدوای خۆیدا هێنا.

ئایا مەزڵووم عەبدی ڕۆیشتۆتە ئیمرالی؟ ئایا ئەگەری سەردانی ئەنقەرە و لێدوانەکان سەبارەت بە تورکیا ڕاستن؟

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئیحمەد سەردانی ئیمرالییان کردووە و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەتەوە، هەروەها هەندێک وردەکاریی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە خستبووەڕوو. هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە پێی ئەجێندای سیاسی خۆیان ئەم هەواڵەیان شرۆڤە کرد و هەندێکی دیکەش ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەو هەواڵە ڕاست نییە. ئێمە وەک دەستەی نووسەرانی پێگەی “دارکا مازی”، بە پێویستمان زانی ئەم بابەتە زیاتر ڕوون بکەینەوە.

سەرەڕای ئەو مشتومڕە بەرچاوەی کە دوای ڕاپۆرتەکەی دارکا مازی هاتەئاراوە، بەڵام دوو لایەنی سەرەکی پەیوەندیدار (هەسەدە-دەوڵەتی تورک) تا ئێستا کاردانەوەیەکی فەرمییان نەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا هەسەدە کەوا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ “دڵبخوێن دارا”، کارمەندی کەناڵی “ڕووداو”ی باشووری کوردستان هەیە، لە ڕێگەی ئەوەوە ڕایگەیاندووە کە “ئەم هەواڵە ڕاست نییە” و داوای ڕوونکردنەوەشی کردووە. دڵبخوێن دارا بە کورتی بەڵام بە ڕوونی وەڵامی دایەوە و وتی: “من بەدواداچوونم کردووە و هەواڵەکە ڕاست نییە”. تەنانەت دڵبخوێن دارا بۆخۆشی لەم وەڵامە دڵنیا نەبوو، بۆیە بابەتەکەی بە کورتی بڕاندەوە.

لە ڕاستیدا تەنانەت ئەگەر دەوڵەتی تورک یان بەڕیوەبەریی ڕۆژئاڤاش بە فەرمی ڕاگەیاندراو بدەن و کۆبوونەوەکە ڕەت بکەنە، ئەمە بەو مانایە نییە کە هەواڵەکە ناڕاستە. ئێمە وەک تیمی نووسەرانی دارکا مازی لە پشت زانیاریی ناو هەواڵەکەمانەوە وەستاوین و هیچ گومانێکمان لە راستبوونی نییە. تەنانەت ئەگەر لایەنەکان ئەو هەواڵە ڕەت بکەنەوە، ئێمە تەنها بەم شێوەیە شرۆڤەی دەکەین کە “ڕەنگە ئەوان هەندێک پلانی دیکەیان هەبێت بۆیە ئەم بابەتە بە نهێنی دەهێڵنەوە”.

سەردانی عەبدی بۆ ئیمرالی: واقعی دووهەمی ئۆسلۆ

کەناڵەکانی پەیوەندی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا، وەک کۆبوونەوە و نامە، هەرگیز دانەخراون. بە تایبەت لە ساڵی 1999 بەملاوە پەیوەندییەکە زۆر قووڵتر بوون کە لە ڕای گشتی شاراونەتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی 1999دا سەبری ئۆک بە هێلیکۆپتەر چووە ئیمرالی، بەڵام هەرگیز ڕانەگەیەندرا.

ساڵی 2006 ئەحمەد تورک و یووکسل گەنچ و سەبری ئۆک لە ڕۆژێکی شەممەدا چوونە ئیمرالی، بەڵام ئەوەش ڕانەگەیەندرا. (ئێمە وەکوو دارکامازی پێشتر ڕاپۆرتمان لەسەر ئەم بابەتە بڵاو کردبۆوە).

سەردانەکەی عەبدی، درێژەی ئەم زنجیرە سەردانانەیە. وتەیەک هەیە دەڵی لە تەشبیهدا کەموکووڕی نابێ، ئێمە دەتوانین ئەم سەردانە وەک واقیعی دووەمی ئۆسلۆ ناوببەین.

کۆبوونەوەکانی ئۆسلۆ لە ساڵی 2009دا ئەنجام دران، ئەگەر کەسێک لەو کاتەدا بیگوتبا، “ئەمرە تانەر، موستەشاری میت، هاکان و هەندێکی دیکە لە ئەندامانی میت، 2 کیلۆ پاقلاوایان بردە ئۆسلۆ و لەگەڵ مستەفا قەرەسوو و نوورییە کەسپیر (سۆزدار) و ئەندامانی دیکەی پەکەکە لە هۆتێلێکدا خواردیان”، کەس باوەڕی پێنەدەکرد. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان پێکەوە پاقلاوایان خوارد و قسەیان کرد. دەگوترێ کەس بە زۆرێک لە سەرکردەکانی ئەوکاتی پەکەکەش ئاگاداری ئەو کۆبوونەوەیە نەبوون. دواتر بەهۆی ململانێیەکانی ناو دەوڵەتی تورکیا، کۆبوونەوەکانی ئۆسلۆ ئاشکرا کران. لەبەر ئەوەی کە بەڵگەکان تۆماری دەنگی بوون، دەوڵەت نەیتوانی حاشایان لێبکات. ئێستاشی لەگەڵدا بێت ڕاستییەکانی ئۆسلۆ بەتەواوی نازانرێن.

بە واتایەکی تر ئەو کۆبوونەوانەی ئاشکرا نەکراون زۆر زیاترن لەوانەی کە ئاشکرا کراون.

دەزگا نهێنییەکان مینەکان پاکدەکەنەوە، دواتر سیاسەت دێتە ژوورەوە

ئەمرە تانەر، سەرۆکی دەگای هەواڵگری تورکیا (MIT) کە پرۆسەی ئۆسلۆی ئۆرگانیزە کردبوو، دواتر سەبارەت بەم کۆبوونەوانە وتی: “ئێمە پرۆسەی ئۆسلۆمان دەستپێکرد هەتا بیانییەکان یاری بە پرسی کورد نەکەن و تورکیاش بێدەسەڵاتانە تەنها سەیری بکات. پێویستە ئێمە لەگەڵ ئەم گرووپە (پەکەکە) بە تەنیا بمێنینەوە… دەزگا نهێنییەکان مینەکان پاک دەکەنەوە، دواتر سیاسەت دێتە ناوەوە.”

لێدوانەکەی ئەمری تانەر بە تەواوی ڕەنگدانەوەی دۆخی ئێستایە. سەرەتا دەزگا نهێنییەکان دەچنە ناو مەیدانەکەوە، کۆبوونەوەی نهێنی ئەنجام دەدرێن، پاشان شتێک بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت. هەموو پەیوەندییەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورک بەم شێوەیەیە.

ئایا ئۆجەلان پەکەکەی هەڵوەشاندەوە؟ ئایا تەواوی ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی نامەی نووسراوەوە ئەنجامدرا؟ نەخێر، لەو ماوەیەدا ترافیکی سەردان و پەیوەندییە تەلەفۆنیەکان پێکهات. بەڵام ئەمە لە ڕای گشتی شاردرایەوە.

با بڵێین ئێستاکە ئێمە مژار و ئەکتەرەکان دەبینین، ئەوانەن کە لەسەر سێنەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر شت لە پشت پەردە ڕەشەکەوە ڕوودەدات کە دەشاردرێنەوە. لە دیدارەکەی 30ی ئایاردا لەگەڵ ئۆجەلان کە دواتر بڵاوکرایەوە، بەرپرسێکی دەوڵەتی سەبارەت بە سووتاندنی چەکەکان دەڵێ: “ئێمە بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، هێندێ شت بۆ میدیاکان ئاشکرا دەکەین، دواتر پڕۆسەکە بە بێدەنگی بەڕێوەدەبەین”.

لە ڕاستیدا هەرواشە، پاشماوەی زانیارییەکان بڵاو دەکرێنەوە بۆ ئەوەی کە ڕای گشتی دەربارەی پرۆسەکە مانیپۆل بکەن.

مەزڵووم عەبدی بە چ نرخێک چووە تورکیا؟

سەردانەکەی مەزڵووم عەبدیش بۆ ئیمرالی شاردرایەوە. بۆچی؟ چونکە دۆخێکی ئاڵۆز لە ناوچەکەدا هەیە، تورکیاش هێشتا بە تەواوی بڕیاری نەداوە کە لەگەڵ پەکەکەدا چی بکات. لە هەمان کاتدا لە ناوخۆی تورکیادا ململانێیەکی ناوخۆیی جیددی هەیە. ئەگەر دەستبەجێ هەموو وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکان ئاشکرا بکرێن، جەماوەری کورد کە لەخۆیدا ڕۆژبەڕۆژ زیاتر لە ئۆجەلان دوور دەکەونەوە، ئەوکات توانای کۆنترۆڵکردنی کوردیان زۆر کەمتر دەبێت. بۆیە پێویستە کە ئۆجەلان کاریزمای خۆی بپارێزێت. هەر بەو هۆیەشەوە “دەوڵەتی تورک ـ ئیمرالی” ڕێگرییان لە ڕاگەیاندنی هەر جۆرە پەیوەندییەک کردووە.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە هەرچەندە سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی بۆ ئیمرالی دەبوا بابەتی سەرەکی کورد بێت و کاردانەوەشی لێبکەوێتەوە، بەڵام تورک کاردانەوەی پیشاندا. هەسەدە کە خاوەن هێزی دیپلۆماتیک، سەربازی و ئابووری بوو، ئەمڕۆکە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە لە پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆندا، خەریکە بۆ نووسین بە زمانی کوردی لەسەر تابلۆکان، سواڵ لە حکوومەتی کاتیی دیمەشق دەکات. ئەگەر عەبدی چووەتە ئیمرالی، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە ئۆجەلان تێکشکاندنی دەرفەتی دامەزراندنی قەوارەیەکی نەتەوەیی لە ڕۆژئاوای کوردستان، وەک دیاری پێشکەش بە تورکیا کردووە. لە ڕۆژئاڤا لەبەر ئەوەی کە ئۆجەلان ڤێلا و کۆبوونەوە و تەلەفون و پزیشکی تایبەت و هتد…یان پێ بەخشیوە، لە پێوەندی لەگەڵ ڕێگریکردن لە دامەزرندنی ستاتۆیەک بۆ کورد، هیچ بە تورکیا ناڵێت.

دارکا مازی دەستی بەرز دەکاتەوە: لە نزیک قەڵادزێ کۆبوونەوەیەک لەنێوان میت و پەکەکە ئەنجامدرا

ئێمە وەک دارکا مازی دژی هەڵوەشانەوەی پەکەکە و چەکدانانی پەکەکە نین. ئامانجی هەواڵەکانی ئێمە ئاستەنگ دروست کردن لەبەردەم پرۆسەکە و هتد… نییە، بەڵام ئێمە دژی ئەوەین کە گرووپێکی بچووک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کورد، هاوکاریی داگیرکەر بکات. جگە لەوەش ئێمە دژی ئەوەین کە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەک چارەسەرێک بۆ پرسی کورد پێناسە بکرێت. ئەگەر کورد لە دەست ڕێکخراوێکی وەک پەکەکە ڕزگاری ببێت کە وەکوو شێرپەنجە بەربۆتە گیانی هەموو نەتەوەی کورد، ئەمە لەخۆیدا دەستکەوتێکی مێژووییە. ئەمە ئامانجی هەواڵەکانمانە.

ئێمە جارێکی تر دووبارەی دەکەینەوە، متمانەمان بە سەرچاوەکانی خۆمان هەیە. زۆرێک لە سەرکردەکانی پەکەکە چوونەتە ئیمرالی و ئەوانی تریشیان دەڕۆن. هەروەها وەک دارکا مازی دەستمان بەرز دەکەینەوە: وەفدێکی هاوبەش لە میت و دەوڵەتی تورک لە ناوچەیەکی نزیک قەزایەکی سلێمانی لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکەدا کۆبووەتەوە. سەبری ئۆک، بەسێ هۆزات، مستەفا قەرەسوو، بەهزات چارچەل (نەدیم سەڤەن) بەشێک لە ئەندامانی شاندی نوێنەرایەتی پەکەکە بوون. لەو کۆبوونەوانەدا وردەکاریی دابەزینی گەریلاکان لە شاخەکانەوە تاوتوێ کراوە و زانیاریی کەسی ئەوانەی کە چەک دادەنێن و لە چیا دادەبەزێن و هەروەها و لیست و ناونیشانی جبەخانەکان ڕادەستی بەرپرسانی دەوڵەتی تورک کراون. ئێمە لەم زانیاریانەش بەتەواوی دڵنیان هەروەک چۆن لەو زانیاریانە دڵنیان کە مەزڵووم عەبدی سەردانی ئیمرالیی کردووە.

لە ئەنجامدا، بەداخەوە ئەوەی پێی دەوترێت “پێڤاژۆ” بووەتە گێژاوێکی ئاڵۆز و شوێنپێی ئەسپ و سەگی تێدا تێکەڵ بووە. دەوڵەت و پەکەکە بە ئەنقەست زانیارییەکان دەشێوێنن و لە ناو ئەو لێڵی و شێواندنانەدا، لە کاتێکدا کە هەرکەسەو بە دوای هەقێقەتدا دەگەڕێت، گرووپێکی بچووک یاری بە چارەنووسی نەتەوەیەکەوە دەکات.

Share