بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاڤا چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند

بەڕێوەبەریی خۆسەر: “داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی رەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستنەوە، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن.”
بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیکی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە 18/1/2026 چەکهەڵگرتنی گشتی راگەیاند و حکومەتی دیمەشقی بە پێشێلکردنی رێککەوتن و دەستپێکردنی هێرش لە چەندین بەرەوە تۆمەتبار کرد. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات چەک هەڵبگرن و رووبەڕووی “شەڕی مان و نەمان” ببنەوە.
بەڕێوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا لە ڕاگەیاندراوێکدا کە ئاراستەی رای گشتی کراوە، دەڵێت: “گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتیی دیمەشق رێککەوتنیان پێشێل کردووە و لە بەیانیی دوێنێوە تاوەکو ئێستا لە چەندین بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانمان.”
بەڕێوەبەریی خۆسەر ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی ئاشتییانە و “نیشاندانی نیازپاکی” لەرێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە، “بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە شەڕ و بژارەی سەربازی.”
لەبەر ئەوە، بەڕێوەبەریی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامادە بن و دەڵێت: “داوا لە گەلەکەمان دەکەین بنەمای بەرگریی رەوا بکەنە بنچینە و شانبەشانی هێزە سەربازییەکانیان بوەستنەوە، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە شەڕی پاراستنی شکۆمەندیدا بکەن.”
بەڕێوەبەریی خۆسەر پێیوایە ئامانجی هێرشەکان “لێدانە لەو برایەتییەی کە بە خوێنی کوڕان و کچانی ئێمە بونیاد نراوە و دروستکردنی ئاژاوە و تووندوتیژییە لەنێوان پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا.”
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “داوا لە هەموو چین و توێژەکانی گەلەکەمان، بەتایبەتی گەنجان دەکەین، چەک هەڵبگرن و ئامادەبن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ. پێویستە بزانین کە لەبەردەم شەڕی مان و نەمانداین و بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان، تاکە بژاردە بەرگریی گەلە.”
ئەو ڕاگەیاندراوەی بەڕێوەبەرایەتییەکە هاوکاتە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا لە چەند گوندەوارەکانی حەلەب، کە پێشتر هەسەدە بە رێککەوتن چۆڵی کردبوون.