وەزارەتی پێشمەرگە: کۆبانێ هەرگیز ناکەوێت

وەزارەتی پێشمەرگە: کۆبانێ هەرگیز ناکەوێت

وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان: سەرکەوتنی کۆبانێ سەرکەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر دڕندەییدا.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە یازدەهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری کۆبانێدا، پەیامێکی ڕێزلێنانی بڵاوکردەوە و تێیدا ستایشی بەرخودانی ئەفسانەیی پێشمەرگە و شەڕڤانانی کرد لە دژی تیرۆریستانی داعش.

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو سەرکەوتنە مێژووییە بەرهەمی یەکڕیزی و گیانبازیی هەموو ئەو قارەمانانە بوو کە ڕێگرییان لە کەوتنی شارەکە کرد و لە جەنگێکی بێوێنەدا دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستییان تێکشکاند.

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە ، یازدە ساڵ پێش ئێستا، پێشمەرگە و شەڕڤانان شان بە شانی یەکتر لە یەکێک لە سەختترین جەنگەکانی سەدەی 21دا، توانییان بە ئیرادەیەکی پۆڵایین کۆبانێ لە چنگی تیرۆر ڕزگار بکەن.

 وەزارەت ئاماژەی بەوە کرد، ئەم سەرکەوتنە تەنها دەستکەوتێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی ئیرادەی ژیان و گیانی مرۆڤایەتی بوو بەسەر هزری توندڕەوی و دڕندەییدا. وەزارەتی پێشمەرگە سڵاوی بۆ ئەو پێشمەرگە و شەڕڤانانە نارد کە بە خوێنی خۆیان ڕێڕەوی مێژوویان گۆڕی و شکۆی گەلی کوردیان پاراست.

هەروەها وەزارەت دووپاتی کردەوە، بە هەمان ڕۆحییەتی بەرخودانی ئەو سەردەمە، ئیرادەی سەرکەوتن بەردەوام دەبێت و کۆبانێ بە سەربەرزی دەمێنێتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە دروودی بۆ گیانی پاکی شەهیدان نارد و جەختی لەسەر بایەخی یەکدەستی و یەکڕیزیی نەتەوەیی کردەوە وەک تەنها ڕێگە بۆ تێپەڕاندنی مەترسییەکان و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری.

شەڕی کۆبانێ لە پاییزی ساڵی 2014 دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چەندین مانگ بووە جێی سەرنجی هەموو جیهان. لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا، بە بڕیاری سەرۆک بارزانی و پەسەندکردنی پەرلەمانی کوردستان، هێزێکی پێشمەرگە بۆ پشتیوانیکردنی شەڕڤانان ڕەوانەی کۆبانێ کرا، کە ئەوە یەکەمجار بوو لە مێژووی نوێدا پێشمەرگە بۆ پشتیوانی پارچەیەکی تری کوردستان سنوورەکان ببڕێت، لە 26ـی کانوونی دووەمی 2015، شارەکە بە تەواوی لە تیرۆریستانی داعش پاكکرایەوە و ئەوەش بووە سەرەتایەک بۆ هەرەسهێنانی ئەو ڕێکخراوە لەسەر ئاستی جیهان. ئەمڕۆ یازدە ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت و وەک سیمبولی یەکگرتوویی هێزی کورد لە یاد دەکرێت.

Share