دیمەشق و هەسەدە لەسەر هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزە سەربازییەکان کۆبوونەوە

دیمەشق و هەسەدە لەسەر هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزە سەربازییەکان کۆبوونەوە

لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی یەکخستنی یەکەکانی هەسەدە لە چەند لیوایەکی فیرقەی سوپای عەرەبی سووریا و جێگیرکردنی سەربازیی لەسەر زەوی و هەندێک هەنگاوی ئیداری پەیوەست بەو پرۆسەیە کراوە.

سەرۆک ئەرکانی گشتیی سووریا و شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لە دیمەشق کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، هەنگاوە کردەییەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ کرا.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 22ی شوبات، لیوا عەلی ناسان، سەرۆک ئەرکانی گشتیی سوپای سووریا، لە دیمەشق پێشوازیی لە شاندێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) کرد. بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگری سووریا، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە “یەکخستنی هێزە سەربازییەکان” بووە.

میدیای فەرمی سووریا بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەنگاوەکانی یەکخستنی یەکەکانی هەسەدە لە چەند لیوایەکی فیرقەی سوپای عەرەبی سووریا و جێگیرکردنی سەربازیی لەسەر زەوی و هەندێک هەنگاوی ئیداری پەیوەست بەو پرۆسەیە کراوە.

بەمەبەستی بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە، سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لە 21ی شوباتدا ڕایگەیاند کە لیوا زیاد ئەل ـ عائیش وەک نێردەی سەرۆکایەتی بۆ چاودێریکردن و جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنی 29ی ژانیڤەری نێوان حکومەت و هەسەدە دەستنیشانکراوە.

خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنی 29ی ژانویە

حکومەتی سووریا لە 29ی ژانویە ڕایگەیاند، لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لەسەر ئاگربەستی گشتی و پەیمانێکی هەمەلایەنە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بەپێی زانیارییەکان، خاڵە گرنگەکانی ئەم ڕێککەوتنە بریتین لە:

ـ هێزی سەربازییەکان: هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

ـ دۆزی ئەمنی: هێزە ئەمنییەکان دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە ناو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

ـ کارگێڕی و زمان: خوێندنی زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت. فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکەش بەدەست خەڵکی ناوچەکە دەبێت.

ـ دۆخی کۆبانی: گەمارۆی سەر کۆبانی هەڵدەگیرێت و ئەو هێزانە لە ناوەوەی شارەکەن بۆ دەوروبەری ئەو شارە دەکشێنەوە.

Share