ئێران سزای سێدارەی بەسەر 2 لاوی کورددا سەپاند

ئێران سزای سێدارەی بەسەر 2 لاوی کورددا سەپاند

محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی لە دەستبەسەرکراوانی شۆڕشی ژینا، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و دەستبەسەر لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان لە پارێزگای ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە کاتی شۆڕشی ژینادا بە دروشمی ژن،ژیان ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ئێرانەوە بە تۆمەتی “دژایەتی خودا” و “افساد فی الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە “ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی” تەمەن 24 ساڵ و “محەممەد فەرەجی” تەمەن 23 ساڵ کە هەردووکیان خەڵکی بۆکانن و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا زیندانی کراون، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ڕێژیمی ئێرانەوە لە مەهاباد، بە تۆمەتگەلێکی وەک “محارەبە” و “فساد فی‌الارض” سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە.

ڕەئووف شێخ‌مەعرووفی ئێوارەی دووشەممە، 26ی دیسەمبەری 2022 و محەممەد فەرەجی ڕۆژی سێشەممە 21ی فێبریوەریی 2023، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات لە بۆکان دەستبەسەر کران و بۆ دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە گواسترابوونەوە.

هەنگاو لە زمانی سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بلاوی کردۆتەوە کە ئەم دوو هاووڵاتییە لە ماوەی لێپرسینەوەیاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئورمیە، بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەلایەن کارمەندانەوە تووشی سەختترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

Share