بنەماڵەی شەڕڤانە بێسەروشوێنەکانی هەسەدە لە قامیشلۆ دەپرسن: ڕۆڵەکانمان لە کوێن؟!

سەدان شەڕڤانی هەسەدە، لەلایەن چەکدارەکانی حکومەتی سووریاوە بە دیل گیراون یان لەکاتی کشانەوەکەدا بێسەروشوێن بوون.
لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، دەیان بنەماڵەی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکاندا خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا. ئەو خێزانانە داوای چارەنووسی ئەو ڕۆڵانەیان دەکەن کە لە شەڕی ئەم دواییە لەگەڵ هێزەکانی حکوومەتی سووریادا بە دیل گیراون یان بێسەروشوێن کراون.
خۆپیشاندەران بە هەڵگرتنی وێنە و لافیتە، داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد فشار بخەنە سەر دەسەڵاتی دیمەشق بۆئەوەی کە دیلەکان و زیندانییەکان ئازاد بکات. خێزانەکان هەروەها گلەیی و گازەندەیان لە نەبوونی زانیاری و بێدەنگی دەسەڵاتداران هەبوو.
کێ وەڵاممان دەداتەوە؟
دایکێک کە لە خۆپیشاندانەکەدا بوو، سەرنجی بۆ کوڕەکەی ڕاکێشا کە لە کاتی خۆپیشاندانێکەدا لە دەڤەری دێرحافر بێسەروشوێن بووە و وتی: “بۆچی کوڕەکەی منت بردە لای ئەعراب؟ لە دێرحافر چی دەکرد؟ کێ وەڵامی من دەداتەوە؟ من هیچم ناوێت، تەنها کوڕەکەمم دەوێت، ئایا ئێستا مردووە یان لە ژیاندایە؟”
چارەنووسی سەدان شەڕڤان نادیارە
دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای سووریا بۆ سەر پێگەکانی هەسەدە لە گوندەوارەکانی حەلەب، ڕەققا و دێرەزوور، گرژیی لەنێوان هەردوولا پەرەی سەند. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو ڕووداوانەدا سەدان شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، لەلایەن چەکدارەکانی حکومەتی سووریاوە بە دیل گیراون یان لەکاتی کشانەوەکەدا بێسەروشوێن بوون.
بنەماڵەی دەستبەسەرکراوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان تا سەرجەم دیلەکان ئازاد دەکرێن و چارەنووسی بێسەروشوێنەکان ئاشکرا دەبێت. هەروەها داوا لە فەرماندەی هەسەدە دەکەن تا بە جددیتر کار لەسەر ئەم دۆسیەیە بکات و خێزانەکان لە چارەنووسی ڕۆڵەکانیان ئاگادار بکاتەوە.