یەکێتی لە نێوان دوو پایتەختدا: پارێزەری هەولێر یان هاوپەیمانی مووشەکەکانی بەغدا؟

یەکێتی لە نێوان دوو پایتەختدا: پارێزەری هەولێر یان هاوپەیمانی مووشەکەکانی بەغدا؟

سمکۆ عەبدولعەزیز

مرۆڤ ناتوانێت لە هەولێر وەزیر و خاوەن بڕیار بێت، لە بەغداش هاوپەیمانی ئەو هێزانە بێت کە بە ئاشکرا مووشەک دەگرنە هەمان ئەو پایتەختەی کە خۆی تێیدا دەسەڵاتدارە.

لە فەرهەنگی سیاسیی دوو سەدەی ڕابردوودا، شتێک نییە بە ناوی دووفاقییەکی سەلامەت. یان تۆ خاوەن ماڵیت و بەرگری لە بنمیچ و سەقفی ماڵەکەت دەکەیت، یان دەرگاوان و ڕێخۆشکەری ئەو کەسەیت کە بەردەوام بەرد دەگرێتە پەنجەرەکانی ئەو ماڵە.

ئەمڕۆ، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (YNK) لە نێوان ئەم دوو ڕۆڵەدا یارییەکی مەترسیدار دەکات، کە نەک هەر لۆژیکی حوکمڕانی، بەڵکو بنەماکانی ئاسایشی نەتەوەیی کوردستانیشی تێکداوە.

  1. پارادۆکسی مێز و مەیدان

کاتێک لە دۆکیۆمێنتە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم دەڕوانین، یەکێتی بە پشکی زیاتر لە 40٪ی پۆستە وەزاری و کارگێڕییەکان وەک شەریکێکی سەرەکیی کابینەی نۆیەم دەردەکەوێت. جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکانیان لە هەولێر دادەنیشن و بڕیاری پاراستنی خاکی هەرێم ئیمزا دەکەن.

بەڵام پارادۆکس لێرەدا دەستپێدەکات: چۆن دەبێت هەمان ئەو هێزەی لە هەولێر حکوومەت بێت، لە بەغدا لەگەڵ ئەو گرۆپانەدا (بەرەی موقاوەمە) لە یەک سەنگەردا بێت کە بە ئاشکرا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) ئاراستەی هەولێر دەکەن؟

  1. لە 16ێ ئۆکتۆبەرەوە تا مووشەکەکانی پێشڕەو دزەیی

مێژوو بە ئاسانی ناشێوێنرێت. لە ساڵی 2017وە و ڕادەستکردنی کەرکووک لە ڕێگەی هەماهەنگییەکی گوماناوییەوە لەگەڵ فەرماندەکانی حەشد، یەکێتی ڕێچکەیەکی گرتەبەر کە ناوی نابوو کارتی فشار. بەڵام ئەمڕۆ ئەم کارتە بووەتە خەنجەرێک لە پشتی قەوارەی هەرێم.

بەڵگە: لەو کاتەی کە مووشەکەکانی بەرەی موقاوەمە ماڵە سڤیلەکان و سەرمایەدارە نەتەوەییەکانی کوردانیان لە هەولێر خاپوور دەکرد، سەرکردایەتیی یەکێتی لە بەغدا لەگەڵ داڕێژەرانی ئەو هێرشانەدا لە کۆبوونەوەی برایانه‌ دا بوون. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر هەولێر، لە سلێمانی وەک تێکۆشەر پێشوازییان لێ دەکرێت. ئەمە نەک هەر دووفاقییە، بەڵکو تێکدانی ئەو پیرۆزییەیە کە ناوی خاک و نیشتمانە.

  1. دادگای فیدراڵی: کلیلی پارچەپارچەکردن

لۆژیکی نەتەوەیی دەڵێت: هێز لە یەکگرتووییدایە. بەڵام یەکێتی لە بەغدا بووەتە نوێنەری پڕۆژەیەک کە ئامانجی لاوازکردنی ناوەندە لە هەولێر. بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە بودجە و نەوتی هەرێم، بە پاڵپشتی و هاندانی ڕاستەوخۆی یەکێتی و هاوپەیمانە موقاوەمەکانی بوون. ئامانجەکە ڕوونە: ئەگەر من لە هەولێر هێزی یەکەم نەبم، با هەولێریش وەک هێزی یەکەم لە عێراقدا نەمێنێت.

  1. یاری لەسەر پەتێکی باریک

ستایلی نوێی سیاسەتی یەکێتی لەسەر بنەمای هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنی برا بونیاد نراوە. ئەوان دەڵێن ئێمە دژی پارتین، بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە دەرەنجامی کارەکانیان دژی قەوارەی هەرێمە. ناوی ئەمە لە زانستی ئاسایشی نەتەوەییدا ئیفلیجبوونی ناوخۆیی یە. مرۆڤ ناتوانێت لە هەولێر وەزیر بێت و لە بەغداش ڕاوێژکاری ئەو کەسە بێت کە هەرێم بە لانەی مۆساد تۆمەتبار دەکات.

  1. ڕێگەیەکی تر بۆ پاشەڕۆژ

لە کۆتاییدا، ڕاستی مێژوویی سەلماندوویەتی کە هیچ هێزێکی ئیقلیمی یان تایەفی لە بەغدا، بەرژەوەندیی کوردانی ناوێت. لێرەدا پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێداچوونەوەیەکی ورد و قووڵ بە پەیوەندییەکانی خۆیدا بکات لەگەڵ هێزەکانی بەرەی موقاوەمە. مان و نەمانی کورد نەک بە هاوپەیمانی لەگەڵ ئەوانەی مووشەک دەگرنە هەولێر، بەڵکو تەنیا بە پتەوکردنی دەستی برایەتی و هاوسەنگەرییە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.

قەدەری کورد وایە کە یان پێکەوە دەمێننەوە، یان پێکەوە لەناو دەچن. گەڕانەوەی یەکێتی بۆ ناو سەنگەری نەتەوەیی و ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی، تەنیا ڕێگەیە بۆ ڕاگرتنی هێرشە دەرەکییەکان و پاراستنی قەوارەی هەرێم. چونکە لە کۆتاییدا، نە بەغدا و نە موقاوەمە، تەنیا کورد بۆ کورد دەمێنێتەوە.

Share