سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل هەڕەشە لە ڕێبەری نوێی ئێران دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێسێت) لە پەیامێکدا هەڕەشە لە ڕێبەری نوێی ئێران دەکات و دەڵێت: “هەر کەسێک ڕێگەی خامنەیی بگرێتە بەر، هەمان چارەنووسی ئەوی دەبێت.”
ئەمیر ئۆهانا، سەرۆکی پەرلەمانی ئیسرائیل، لە ڕێگەی پلاتفۆرمی Xـەوە هەڕەشەی لە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران کرد. ناوبراو لە پۆستەکەیدا وێنەی چەند سەرکردەیەکی داناوە کە کوژراون، کە وێنەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێرانیشی لەنێواندایە.
ئۆهانا بە زمانی عیبری نووسیویەتی: “هەر کەسێک لەسەر ڕێگەی ئەوان بڕوات، وەک ئەوانی لێ دێت.” ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەویش دەکوژرێت.
هەڵبژاردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر
ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران، موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی شۆڕشی ئیسلامی هەڵبژارد. لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ماددەی 111 دەستوور، ئەنجومەنێکی کاتی بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێ و پڕکردنەوەی بۆشایی بەرزترین پۆستی ئەو وڵاتە پێکهێنراوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەنجومەنی کاتیی شارەزایان ئەمڕۆ رۆژی دووشەممە، 9ی ئاداری 2026 بەپێی ماددەی 108ی دەستوور، ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا حوسێنی خامنەیی وەک سێیەمین ڕێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران هەڵبژارد و داوای لە هەموو گەلی ئێران کرد کە بەیعەت بە ڕێبەرە نوێیەکە بدەن.