لاوێکی کورد لە قامیشلوو، لەژێر ئەشکەنجەی گەریلاکانی پەیەدە گیانی لەدەستدا

عەلا ئەمین لە تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە ماڵی باوکی دەستگیر کرابوو.
دوای نزیکەی 6 مانگ لە دەستگیرکردنی، خێزانی گەنجێکی شاری قامیشلۆ بە ناوی “عەلا ئەمین” (33 ساڵ)، ڕایانگەیاند کە تەرمی کوڕەکەیان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە (پەیەدە) ڕادەست کراوەتەوە، لەکاتێکدا شوێنەواری ئەشکەنجەی توند بە جەستەیەوە دیار بووە.
عەلا ئەمین، کە بۆ ماوەی 13 ساڵ لە وڵاتی سوید ژیابوو و خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە بوو، لە 7ی ئەیلوولی 2025 بە مەبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوسەرگیری گەڕابووەوە نیشتمانەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی خێزانەکەی، تەنیا مانگێک دوای زەماوەندەکەی، لە 20ی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە لە ماڵی باوکی دەستگیر کراوە، بێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەک لەسەر هۆکاری گرتنەکەی بدرێت.
خێزانەکەی عەلا جەخت دەکەنەوە کە کوڕەکەیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کاتی وەرگرتنەوەی تەرمەکەیدا لە ڕۆژی دووشەممە (9ی ئازاری 2026)، بە چاوی خۆیان شوێنەواری شکاوییان لە لووت و سەریدا بینیوە و نیشانەکانی تێکچوون و هەڵاوسان بە جەستەیەوە دیار بووە.
هەرچەندە پزیشکی دادوەری ئاماژەی بەوە کردووە کە گیانلەدەستدانەکەی بۆ سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەگەڕێتەوە (واتە نزیکەی 2 مانگ پێش ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەی)، بەڵام خێزانەکەی ئەو گێڕانەوەیە ڕەت دەکەنەوە و داوای دادگاییکردنی بەرپرسانی ئەو کارە دەکەن.
ئەم ڕووداوە نیگەرانییەکی زۆری لە ناوخۆی ڕۆژئاوای کوردستان و لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات لێکەوتووەتەوە. خێزانەکەی عەلا بە توندی ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە کە کوڕەکەیان پەیوەندیی بە کاری تیرۆریستییەوە هەبووبێت و دەڵێن: “عەلا گەنجێکی بێگرفت و ڕێزدار بوو، تەنها بۆ هاوسەرگیری گەڕابووەوە، بەڵام وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵ کرا.”
تاکوو ئێستا هێزەکانی ئاسایش و بەڕێوەبەریی خۆسەر هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەم دۆسیەیە نەداوە. خێزانی عەلا داوا لە فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنانە و شەفاف ئەنجام بدەن و ڕێگە نەدەن خوێنی کوڕەکەیان بەفیڕۆ بچێت.