یەپەژە: 35 شەڕڤانمان لە گرتووخانەکانی حکومەتی دیمەشقدان

یەپەژە: 35 شەڕڤانمان لە گرتووخانەکانی حکومەتی دیمەشقدان

یەپەژە: “داواکارین هەبوونی یەپەژە لەنێو وەزارەتی بەرگریدا لە رووی دەستووری و یاساییەوە گەرەنتی بکرێت و رێز لە جلی سەربازییەکەشی بگیرێت”.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بۆ یەکەمجار وردەکاریی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری بەرگریی سووریا ئاشکرا دەکات. گوتەبێژی راگەیاندنی هێزەکە دەڵێت، رەشنووسێکیان بۆ تێکەڵبوونیان بە سوپا پێشکێشی دیمەشق کردووە، بەڵام جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت “هەبوونی یەپەژە و جلی سەربازییان” لە دەستووردا گەرەنتی بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە هێشتا 35 شەڕڤانیان لە زیندانەکانی حکومەتی سووریادان.

 رووکەن جەمال، گوتەبێژی راگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی “رووداو”ی باشووری کوردستان، تیشکی خستۆتە سەر دوایین گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا سەبارەت بە چارەنووسی هێزەکانیان و پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکان.

 رووکەن جەمال ئاشکرای دەکات کە داوایان کردووە لەنێو ئەو چوار لیوایەی بڕیارە لە هێزەکانی هەسەدە پێکبهێنرێن، یەپەژە وەک هێزێکی “سەربەخۆ و یەکسان” جێگەی ببێتەوە و نوێنەریشیان لە دەستەی راوێژکاریی وەزارەتی بەرگریدا هەبێت.

 گوتەبێژی راگەیاندنی یەپەژە سەبارەت بە تێکەڵکردنی شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە نێو وەزارەتی بەرگری یان وەزارەتی ناوخۆی سووریادا دەڵێ: “بێگومان ئێمە لە راگەیێندراوەکانیشماندا ئاماژەمان بەوە کردووە کە نەگەیشتووینەتە رێککەوتن، وەک یەپەژە ئەمە یەکەم کۆبوونەوەمان بوو کە بەتایبەتی لەسەر پرسی تێکەڵبوونی یەپەژە بە نێو سوپا لەگەڵ وەزیری بەرگریی سووریا دانیشتین. ئێمە رەشنووسێکمان سەبارەت بە شێوازی بەشداریکردنمان لەنێو وەزارەتی بەرگری پێشکێشی وەزیر کرد. بێگومان داواکاریی سەرەکیمان ئەوە بوو کە هەبوونی یەپەژە لەنێو وەزارەتی بەرگریدا لە رووی دەستووری و یاساییەوە گەرەنتی بکرێت و رێز لە جلی سەربازییەکەشی بگیرێت. لەم چوارچێوەیەدا داوامان کرد کە لەنێو هەر چوار لیواکەدا کە لە هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێندرێن، ئێمەش وەک یەپەژە جێگەی خۆمان هەبێت. لەگەڵ ئەمەشدا داوامان کرد کە لە فەرماندەیی فیرقە و وەک نوێنەرایەتیی یەپەژە، لەنێو دەستەی راوێژکاری لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریدا جێگەمان هەبێت. بەڵام دووبارە جەخت لەوە دەکەمەوە کە ئەم کۆبوونەوەیەمان تەنیا لە ئاستی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بۆچووندا بوو. ئێمە هێشتا چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی بەرگرین”.

روکەن جەمال سەبارەت بە ژمارەی ئەو شەڕڤانانەی تێکەڵ دەکرێن گوتوویەتی: “سەبارەت بە ژمارەی شەڕڤانانی یەپەژە ناتوانم ژمارەیەکی روون بدەم. ئێمە بە وەزارەتی بەرگریشمان راگەیاندووە کە وەک یەپەژە نامانەوێت لە دەرەوەی سوپا بمێنینەوە، بەڵام داواکاریمان ئەوەیە لەنێو لیواکانی هەسەدەدا بەشێوەیەکی سەربەخۆ و یەکسان جێگەی خۆمان بگرین. کاتی ئەم پرۆسەیەش روون نییە، چونکە لەم بارەیەوە نەگەیشتووینەتە ئەنجامێکی دیاریکراو. واتە بەشداریکردنی یەپەژە لەنێو سوپادا هێشتا روون نییە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی وەزارەتی بەرگری و حکومەتی دیمەشقین”.

 لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەیدا وتەبێژی یەپەژە باسی لە ژمارەی شەڕڤانانی یەپەژە لە زیندانەکانی حکومەتی سووریا کردووە و ڕایگەیاندووە: “ژمارەی هەڤاڵە دیلەکانمان لە یەپەژە 35 هەڤاڵن. تاوەکو ئێستا 13 ژن ئازاد کراون، کە 5یان شەڕڤانی ئێمە بوون لە یەپەژە. سەبارەت بە دۆسیەی هەڤاڵە دیلەکانمان، کۆبوونەوە و هەوڵەکانمان بەردەوامن”.

Share