مەزڵووم عەبدی: دەچمە تورکیا و لەگەڵ ئۆجەلان کۆدەبمەوە

فەرماندەی گشتیی هەسەدە: “هەرێمە کوردییەکان پێویستە لەلایەن خودی خەڵکی ئەو هەرێمانەوە بەڕێوەببرێن”.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، ئامادەکاریی سەردانێک بۆ تورکیا دەکرێت و ڕەنگە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) قسەی بۆ ماڵپەڕی (ئەل مۆنیتەر) کرد و ڕایگەیاند، ئامادەکاریی سەردانێک بۆ تورکیا دەکرێت و ڕەنگە بەم نزیکانە دیدارێک لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئەنجام بدرێت.
مەزڵووم عەبدی سەبارەت بە پرۆسەی ئەنتەگرەبوون لەگەڵ حکوومەتی سووریادا ئاماژەی بە هێندێ زانیاری کرد و گوتی، گرنگترین ئەرکیان لە ئێستادا ئەوەیە کە لەگەڵ دیمەشقدا ڕێکبکەون.
مەزڵووم عەبدی باسی لە هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیش کرد و ڕایگەیاند: هەرێمە کوردییەکان پێویستە لەلایەن خودی خەڵکی ئەو هەرێمانەوە بەڕێوەببرێن.
گوتیشی ئەو شارانەی کە پێکهاتە جیاوازەکانیان تێدا دەژین پێویستە لە ڕێگەی ڕێککەوتنێک لە نێوان هەموو پێکهاتەکاندا بەڕێوەببرێن.
مەزڵووم عەبدی شارەکانی وەک حەسەکە، کۆبانێ، عەفرین، شەهبا و گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەبی وەکوو نموونە هێنایەوە.
فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لە چارەنووسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ش کرد و وتی: دیمەشق پێشنیاز دەکات کە چەکدارە ژنەکان ببنە ئەفسەری پۆلیس. چونکە لە یاساکانی سوپادا جێگایەک بۆ ژنانی شەڕڤان لە ناو ئەرتەشدا نییە.