لەجیاتی ئەوەی ڕێز لە وەفاداریەکەی بگرێت، پەکەکە هاوژینی شەهیدێک دەڕفێنێت!

گەلی ڕۆژئاڤا ئەم کردەوە قێزەونەی پەکەکە ئیدانە دەکەن و دەڵێن “هیچ جۆرە دەستدرێژی و ڕفاندنێک بەرامبەر بە کەسوکاری شەهیدان قبووڵکراو نیە”.
چەتەکانی بەناو “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، ژنی شەهیدێکی بەرخۆدانی گەڕەکی شیخ مەقسوودی ڕۆژئاڤایان ڕفاند. ئەم تاوانە بێئەخلاقانەیەی پەکەکە، کاردانەوەی توندی گەلی لێکەوتۆتەوە.
تاوان و بێ ئەخلاقیی چەتەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان کۆتاییان بۆ نییە. لە شاری کۆبانێ، خاتوونێکی گەنج بە ناوی “ئایدل ئەحمەد عەلی” لەلایەن تاقمێکی چەکدارەوە ڕفێندرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە. ئەم کردەوە قێزەونە، شەپۆلێکی بەهێزی ناڕەزایی و نیگەرانی خەڵکی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.
هاوژینی شەهیدانیش هیچ ڕێزێکیان لای پەکەکە نییە و لە بێئەخلاقیی ئەو ڕێکخراوە دژە کوردە ڕزگاریان نابێت
ئایدل ئەحمەد عەلی، کە هاوسەری ئەندامێکی ئاسایشی پەیەدە بووە، دوای چەند مانگێک لە کوژرانی هاوسەرەکەی، لە باتی ئەوەی وەک هاوسەری شەهیدێکی بەرخۆدان ڕێزی لێگیرابا، بەڵام پەکەکە فەرمانی بە چەتەکانی کرد کەوا بیڕفێنن.
ئەو زانیاریانەی دەست پێگەی “دارکا مازی” کەوتوون، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئایدل لە 25/9/2025دا لەگەڵ “ڕەشۆ موسلیم حەسەن” ناسراو بە “جەمشید کۆبانێ” هاوسەرگیری کردووە. جەمشید کۆبانێ، ئەندامی هێزەکانی ئاسایش بوو و لە ڕێکەوتی 26/1/2026دا لە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاڤای کوردستان، لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەکانی “درکا مازی” ئاشکرایان کردووە کە ئایدل لە ڕێکەوتی 12/5/2026دا لەلایەن تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکەوە ڕفێندراوە و ڕەوانەی شوینێکی نادیار کراوە.
ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کۆبانێ و کەسوکاری ئایدلەوە بە توندی شەرمەزار کرا
ئەم ڕووداوە لەلایەن خەڵکی کۆبانێ و کەسوکاری ئایدلەوە بە توندی شەرمەزار کرا و نیگەرانییەکی زۆری لە شەقامی کۆبانێدا بەدوای خۆیدا هێنا. خەڵکی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە: “نابێت هیچ جۆرە دەستدرێژی و ڕفاندنێک بەرامبەر بە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان بکرێت، بەتایبەتی لەلایەن ئەو گرووپانەی کە خۆیان بە پارێزەری ئەم خاکە دەزانن”.
خەڵکی ناوچەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن بە زووترین کات چارەنووسی ئایدل ئاشکرا بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ ناو خێزانەکەی، چونکە ئەم جۆرە ڕەفتارانە دەبێتە هۆی ئەوە کە نەزمی کۆمەڵایەتی بە هەموو شێوەیەک تێکبچێت.
تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” یەکێکە لەو ڕێکخراوە چەتەئاساکانی سەر بە پەکەکە و لە قەندیلەوە فەرمان وەردەگرێت و لەلایەن مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدەوە سەرپەرشتی دەکرێت. ئەرکی سەرەکی ئەم گرووپە چەتەیە، ڕفاندنی منداڵانی ڕۆژئاوای کوردستان و ترساندن و هەڕەشەکردنە لە خەڵکی سڤیل و پەلاماردانی بارەگای حزبە کوردستانییەکانە.