لووتکەی 2026ی ناتۆ لە ئەنقەرە

لووتکەی 2026ی ناتۆ لە ئەنقەرە

ناتۆ ڕاستەوخۆ پرسی کورد چارەسەر ناکات، چونکە ناتۆ ئەم پرسە وەک کێشەیەکی ناوخۆیی دەبینێت. بەڵام دەتوانێ بەشێوەی ناراستەوخۆ ڕۆڵی هەبێت.

✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین

سی و شەشەمین کۆبوونەوەی لووتکەی سەرۆکانی دەوڵەت و حکومەتەکانی ئەندامی ناتۆ لە 7-8ی تەمموزی 2026 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا بەڕێوەدەچێت. لووتکەکە لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی بەشتەپە بەڕێوەدەچێت و دووەمجارە کە تورکیا میوانداریی دەکات (دوای لووتکەی ئەستەنبوڵ لە ساڵی 2004). مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی ناتۆ، کۆبوونەوەکە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ پێداچوونەوە بە پێشکەوتنەکان لە دوای کۆبوونەوەی لووتکەی ساڵی 2025 لە لاها و دانانی نەخشەڕێگا بۆ داهاتوو. بەڵام پشت پەردەی ئاڵۆزییەکانی هاوپەیمانی ئاتلانتیک، شەڕی ئۆکراین و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەم لووتکەیە بۆ یەکێتی و یەکگرتووی ناتۆ، تاقیکردنەوەیەکی گرینگ و چارەنووسساز دەبێت.

کارنامە و ئەولەویەتە سەرەکییەکان

کارنامەی سەرەکی لەسەر بنەمای سێ ستوونی بنەڕەتی دامەزراوە، وەک لەلایەن مارک ڕووتەی ئەمینداری گشتیەوە ئاماژەی پێکراوە:

1ـ زیادکردنی وەبەرهێنانی بەرگری: لە ساڵی 2025دا بڕیاری 5%ی GDP درا، ئێستا مەسەلەکە جێبەجێکردنەکەیەتی. هەندێک وڵات لە ساڵی 2026دا دەگەنە ئەم ئامانجە، ئامانجەکە تەنها پارە نییە، بەڵکوو توانا ڕاستەقینەکانی وەک چەک و ئۆتۆمبێل و تەکنەلۆژیای نوێیە.

2ـ پەرەپێدانی پیشەسازی بەرگری: لە کۆڕبەندی پیشەسازی بەرگری ناتۆ لە ئەنقەرە لە 7ی تەمموزدا، تیشک دەخرێتە سەر زیادکردنی بەرهەمهێنان، هاوکاری و تەداروکی هاوبەش. تورکیا بە توانای پیشەسازی چەک وەک نموونە نیشان دەدرێت. بەداخەوە ئەمە ئاستەنگی بەرچاو بۆ کورد دروست دەکات. بەو پێیەی تورکیا دوژمنێکی سەرەکی کوردە، بەهێزکردنی ڕۆڵی تورکیا لە ناتۆدا کارەساتی گەورە بەسەر کورددا دەهێنێت.

3ـ پاڵپشتیکردنی ئۆکراین: پشتگیریی بەردەوامی سەربازی. بڕیارە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەڵێنی 70 ملیار یۆرۆ وەک هاوکاری سەربازی بە ئۆکراین بۆ ساڵانی 2026 و 2027 بدرێت. ڕووسیا بە هەڕەشەیەکی گەورە دادەنرێت.

لە هەمان کاتدا پرسی دابەشکردنی بارگرانی لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا گرنگە. ترەمپ زەخت لەسەر زیادکردنی خەرجییەکانەوە دەکات و دەیهەوێت ئەوروپییەکان زیاتر بەرپرسیار بن.

کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

ئێران، سووریا و بارودۆخی کورد؛ هەرچەندە کارنامەی فەرمی لەسەر بەرگری و پیشەسازی و ئۆکراینیایە، بەڵام لایەنی باشووری (ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ساحل)، لە گفتوگۆکانی پشت پەردەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن. ناتۆ لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵدەفات کە تێکەڵاوییەکانی لە باشوور زیاد بکات، چونکە هەڕەشەکانی وەک تیرۆر، کۆچ و دەستوەردانی ڕووسیا و چین لەم ناوچەیەدا کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی ئەوروپا هەیە. لووتکەی ئەنقەرە دەرفەتێکە بۆ قووڵبوونەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم پرسانە.

کێشەی ئێران:

دوای قەیران و پێکدادانەکانی ئەم دواییە لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل (لە ساڵی 2026دا)، ئێران وەک هەڕەشەیەکی گەورەی ناوچەیی سەیر دەکرێت. ناتۆ پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا نیشانداوە (بە پاراستنی ئاسمانی تورکیاوە)، بەڵام بەشێک لە ئەندامە ئەوروپییەکان ڕەخنەیان لێ گرتووە. چاوەروان دەکرێت کە لە کۆبوونەوەکەدا ڕاگەیاندراوێکی کورت لەسەر کردارەکانی ئێران لە ناوچەکە هەبێت، بۆ ئەوەی کە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەمریکا بپارێزرێت. چارەسەرییەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکوو بە دیالۆگ، فشاری ئابووری و ڕێگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە گرێدراوە. ئامانجەکە ئەوەیە کە ڕێگا نەدەن ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات و دەستوەردانەکانی لە سووریا، عێراق و لوبنان کەم بکرێنەوە. تورکیا وەک ئەندامێکی ناتۆ کە خاوەن کۆمەڵێک پەیوەندیی ئاڵۆزە، دەیهەوێت ڕۆڵی نێوەندگیری بگێڕێت.

سووریا:

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024دا، سووریا لە دۆخێکی ناجێگیردایە. لە کۆبوونەوەی ئەنقەرەدا ڕۆڵی ناتۆ لە سەقامگیرکردنی سووریا تاوتوێ دەکرێت. بڕیارە ترەمپ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی سووریا کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کە کۆتایی بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بهێنێت و ڕۆڵی سووریا لە ناوچەکەدا ڕوون بکاتەوە. ناتۆ دەیهەوێت سووریا ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر و پشتیوانی تیرۆر (وەک داعش) نەکات و کۆچکردن کەم بکاتەوە. چارەسەری سیاسی بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریاوە گرێدراوە. بەداخەوە پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە چۆن دەکرێ کە لە ڕێگای هێزە سەلەفییە تیرۆریستیە ئیسلامییەکانەوە سووریایەکی ئارام و دامەزراوەی دیموکراتیک لە سووریا دابمەرزێت؟ ئەمە بابەتی مشتومڕە! تورکیا لێرەدا ڕۆڵی ستراتژیکی خۆی دەگێڕێت، بەتایبەتی لە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە تیرۆردا. بەڵام ئامانجی سەرەکی تورکیا لە سووریا ئەوەیە کە ڕێگری لە دەستکەوتەکانی کورد بکات.

دۆخی کورد:

دۆخی کورد لە چوارچێوەی سووریا و ئێراندا پرسێکی هەستیارە. لە سووریا (ڕۆژئاوای کوردستان) کورد بوەتە قوربانیی هەبوونی تەڤگەری ئاپۆیستی و تورکیا. هەرچەندە کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتی بۆ ڕەخسا، بەڵام تەڤگەری ئاپۆئیستی ئەم دەرفەتەی بەفیڕۆدا. لێرەدا ڕۆڵی تورکیا و کاریگەریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەسەر تەڤگەری ئاپۆیستی هۆکاری سەرەکی بوون.

ناتۆ بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی شەڕی دژ بە تیرۆر، بەڵام نایهەوێت ناکۆکییە سەرەکییەکانی نێوان ئەندامەکانی قووڵتر بێتەوە. ئەمەش دەرفەت دەدات بە دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی کە دوژمنایەتی کورد بکات.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لایەنە کوردەکانی دژی ڕێژیمی ئێران، لە کاتی قەیرانەکاندا چالاک بوون، بەڵام پشتیوانی ڕاستەوخۆیان لە لایەن ئەمریکاوە ئاڵۆزە.

چارەسەری گشتگیر:

ناتۆ ڕاستەوخۆ پرسی کورد چارەسەر ناکات، چونکە ناتۆ ئەم پرسە وەک کێشەیەکی ناوخۆیی دەبینێت. بەڵام دەتوانێ بەشێوەی ناراستەوخۆ بەشداری بکات؛ بە پشتیوانیکردن لە سەقامگیری ناوچەیی، ڕێگریکردن لەو بۆشاییە ئەمنیانەی کە تیرۆریزم بەرهەم دەهێنن و پشتگیری کردن لە چارەسەرێکی سیاسی کە مافی سەرجەم گەل و نەتەوەکان (بە نەتەوەی کوردیشەوە) لە چوارچێوەی بڕیاری مافی چارەی خۆنووسیندا بپارێزێت و هێزی سەرەکی نێودەوڵەتی لەو بوارەدا بەرپرسیارەتی خۆی لە هەمبەر نەتەوەی کورد بەجێ بگەیەنێت. بێگومان ئامانجی گشتی ناتۆ سەقامگیری و ڕێگریکردنە، بەڵام بۆ سەقامگیری ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشەی کورد و کوردستان ئەولەوییەتێکی سەرەکییە. ئەگەر ناتۆ ئێستا ئەمە بکاتە قوربانی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا؛ ئەمەش ئەخلاقی نییە. دەستوەردانی ڕاستەوخۆ لە سەقامگیری ناوچەکەدا بۆ ڕێگریکردنە لە چارەسەرکردنی پرسە سەرەکییەکان.

دەرفەت یان تاقیکردنەوە؟

لووتکەی ئەنقەرە یەکڕیزی ناتۆ لەژێر فشاری ترەمپ و هەڕەشەکانی ڕووسیا و قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاقی دەکاتەوە. ئەگەر ئەنجامی پراکتیکی (زیادکردنی خەرجییەکان، بەرهەمهێنان و پشتیوانی بەردەوام) بەدەستبهێنرێت، ئەوا دەسەڵاتی ناتۆ بەهێزتر دەکات، بەڵام وەکوو دیکە گرژییەکە قووڵتر دەبێتەوە. تورکیا دەیهەوێت بە پێگەی جیۆستراتژیکی خۆی ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت، بەڵام سەرکەوتن پەیوەستە بە هاوکاریی هەموو ئەندامەکانەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە تەنها کۆبوونەوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکوو کۆبوونەوەیەکی سیاسییە کە ئایندەی ئاسایشی یۆرۆ ـ ئەتلانتیک و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری دەکات. لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەنجامەکانی دەبینین.

06/07/2026

Share