عەفرین… لە قەزای بلبل شوێنەواری دێرینی سەردەمی لاتینی دۆزراوەتەوە

عەفرین... لە قەزای بلبل شوێنەواری دێرینی سەردەمی لاتینی دۆزراوەتەوە

ئەو شوێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە، بە تایبەتی لە کێلی گۆڕەکان و ستوونی شوێنەواریی کۆن پێکدێن.

کارەکان بۆ پاراستنی میراتی مێژوویی و کولتووری لە سەرتاسەری هەرێمی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامن. لەو چوارچێوەیەدا، لە ئەنجامی گەڕان و چاودێرییەکی ورد لەلایەن تیمەکانی فەرمانگەی شوێنەواری عەفرین و هێزە ئەمنییەکانەوە، ژمارەیەک پارچەی شوێنەواری گرنگی سەردەمی کۆن لە گوندێکی نزیک قەزای بلبل دۆزرانەوە.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئەو شوێنەوارانەی کە دۆزراونەتەوە، بە تایبەتی لە کێلی گۆڕەکان و ستوونی شوێنەواریی کۆن پێکدێن. ئەوەی کە گرنگی و بەهای مێژوویی ئەم ئاسەوارانە زیاتر دەکات، هەبوونی نەخشاندن و نووسراوەکانە بە زمانی لاتینی کۆن کە لەسەریان هەڵکەندراوە. ئەم دۆزینەوە ڕۆشنایی دەخاتە سەر سەردەمەکانی ڕابردووی ناوچەکە و ڕاستی نوێ سەبارەت بە میراتی مێژوویی ئاشکرا دەکات.

دوای دۆزینەوەکە دەستبەجێ تیمەکانی پسپۆڕانی ئەو بوارە دەستیان بە کارەکانیان کرد و بە شێوەیەکی زانستی ئەو شوێنەوارانەیان بەڵگەمەند کرد و لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان لەسەریان ئەنجامدا. بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە مەترسی زیانەکان و دڵنیابوون لە پاراستنی سەلامەتی ئەم ئاسەارە مێژووییانە، بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرجەم شوێنەوارەکان بۆ مۆزەخانەی نیشتمانی حەلەب گواسترانەوە.

ئەم کار و دۆزینەوە بە بەشێک لە هەوڵە گشتییەکانی دامەزراوە ناوخۆییەکان دادەنرێت کە ئامانجیان پاراستنی میراتی دەوڵەمەندی کولتووری عەفرین و ڕێگریکردنە لە تاڵانکردن و لابردنی شوێنە دێرینەکانی سەر خاکی سووریا.

Share