باخچەلی ژیانێکی لوکسی لە دەریای مەڕمەڕە بۆ ئۆجەلان ئامادە کردووە

باخچەلی: “خانووە نوێیەکە ڕێگە بە سەرۆکی پەکەکە دەدات بە ئاسانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا لە پەیوەندیدا بێت”.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، مەرجە سووککراوەکان بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان پشتڕاست دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە لە دوورگەی ئیمرالی شوێنێکی بۆ دروست کراوە.
دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، کە بە ئەندازیاری پڕۆسەى “تورکیای بێ تیرۆر” ناسراوە، باسى لەو ڤێلایەى کرد کە بە ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە دراوە و وتی: “لە ئیمرالی، کە ئۆجەلانى تێدا دەستبەسەرە، بەمەبەستی سوککردنی مەرجەکانى و ئاسانکاریکردن بۆ پەیوەندیکردنى لەگەڵ جیهانى دەرەوەدا، خانوویەکی بۆ دروستکراوە”.
باخچەلی ڕوونیشی کردەوە کە خانووەکە “ڤیلا” نییە، بەڵکوو خانوویەکە کە نزیکەی 250 مەتر چوارگۆشەیە و بۆ ئۆجەلان دروست کراوە. وتیشی: ئەم خانووە نوێیە ڕێگە بە سەرۆکی پەکەکە دەدات بە ئاسانی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا لە پەیوەندیدا بێت، بەتایبەتی کاتێک ڕای گشتی لە پەیامەکانی خۆی سەبارەت بە پرۆسەکە ئاگادار دەکاتەوە.
پرسی دروستکردنی ڤێلا بۆ ئۆجەلان بووەتە بابەتێکی گەرمی گفتوگۆ لە تورکیا و ڕەخنەگرانی پڕۆسەی ئاشتی کە دەوڵەتی تورک بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، هەر زوو دەستیان کرد بە ڕەخنەگرتن لە باخچەلی و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئۆجەلان سەرەڕای تاوانەکانی ڕابردووی، یژیانێکی لۆکس لە دوورگەی دەریای مەڕمەڕەدا هەیە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شامل تەییار، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکەپە زانیاری زیاتری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردبۆوە و ڕایگەیاندبوو: “ئەو خانووەی کە باخچەلی باسی کردووە ڤێلایەکی دوو نهۆمییە و بۆ شوێنی ژیان و کارکردنی دروستکراوە”.
بە گوتەی تەییار، ڤێلاکە ڕووبەرەکەی 250 مەتر چوارگۆشەیە کە بەرزییەکەی زیاتر لە دوو نهۆمە و بە باخچەیەک دەورە دراوە. هەروەها بیناکە بە تەواوی بە ژێرخانی تەکنەلۆژیای وەک ئینتەرنێت و پەیوەندی ڤیدیۆیی، تەیار کراوە.
تەییار ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆجەلان هێشتا بە تەواوی نەگوازراوەتەوە بۆ ئەو شوێنە، بەڵام بۆ کاری ئۆفیسەکەی بەکاریدەهێنێت.
شایانی باسە، داواکارییەکانی ئۆجەلان بۆ گۆڕینی پێگە یاسایی و ئیدارییەکەی لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە ڕەتکراوەتەوە و ئەردۆغان پێی وایە هەڵگرتنەوەی هەر هەنگاوێکی کردەیی، پێویستی بە چەکدانانی تەواوی پەکەکە هەیە.