بۆچی جەمیل بایک هێرشی کردە سەر مەزڵووم عەبدی؟ ئایا لەناو پەکەکەدا سەرلەنوێ ئەرکەکان دابەشکراون؟

بایک بۆ کوردەکان ڕۆڵی پۆلیسی باش یاری دەکات

بایک ئەرکدار کراوە تا سیاسەتی تەسلیمبوون ـ ئەنتەگراسیۆن بەشێوازی پەکەکە، بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنێت.

جەمیل بایک، یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکەی هەڵوەشاوە، گفتوگۆیەکی لەگەڵ کەناڵی نوچە تیڤی ئەنجامدوە، کە دەزگای میدیایی نوێی پەکەکەیە و لە سلێمانییەوە پەخش دەکرێت.

قسەکانی بایک کە چەندین بابەتی لە ڕۆژئاڤا هەتا ڕۆژهەڵات و لە باشوورەوە بۆ باکووری لەخۆگرتبوو، کۆمەڵێک خاڵی سەرنجڕاکێش دەوروژێنێت. بایک سەبارەت بە ڕووداوەکانی 10 ساڵی ڕابردووی پەکەکە و بە تایبەت ئەم دوو ساڵەی دوایی کە ئۆجەلان پەکەکەی هەڵوەشاندۆتەوە، لێدوانی جیاوازی دا. لایەنی هەرە سەرنجڕاکێش لە قسەکانی بایکدا، ئەو ڕەخنە توندانە بوو کە لە مەزڵووم عەبدی گرتنی.

جەمیل بایک بە توندی ڕەخنەی لە دانانی مەزڵووم عەبدی وەک ڕاوێژکار (موستەشار)ی سەرۆک کۆماری سووریا گرت و گوتی: “سەرەتا وتی هیچ پۆستێک وەرناگرم. بەڵام دواتر ڕۆڵی ڕاوێژکاری (موستەشاری)ی قبووڵ کرد. دیارە ئەو ڕاوێژکاری کاروباری کورد نییە، بەڵکو تەنها ڕاوێژکارە، بیرۆکراتە. ئەو ڕەخنانەی کە لەو پەیوەندییەدا گیراون، ڕاستن، ئێمەش ڕەخنەی لێدەگرین، نەدەبوو قبووڵی کردبا”.

ڕەخنەکانی جەمیل بایک لە عەبدی، تەنها ڕەخنەیەکی ئاسایی نەبوو؛ بەڵکوو دەتوانین بڵێین بایک بەم ڕەخنەیە سووکایەتی بە مەزڵووم عەبدی کردووە.

ئێمە زۆر بە ڕوونی دەزانین کە مەزڵووم عەبدی کادیری پەکەکەیە و ناتوانێت لە دەرەوەی ڕێنماییەکانی پەکەکە بجووڵێتەوە. مەزڵوم عەبدی بە بێ ڕەزامەندیی ڕێبەرایەتی پەکەکە لە قەندیل، تەنانەت ناتوانێت ئۆتۆمبێلێکیش بکڕێت، کەواتە چۆن دەتوانێت بە بێ ئیزن و ڕەزامەندیی قەندیل، ڕۆڵی ڕاوێژکاری قبووڵ بکات؟ ئەمە مەحاڵە. هەروەک چۆن تێکەڵبوون (ئەنتەگراسیۆن)ی ڕۆژئاڤای کوردستان لەگەڵ سووریا و هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە پرسگەلێک بوون کە ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک لە ئیمرالی باسیان کردبوو و لەسەری ڕێککەوتبوون، دانانی مەزڵووم عەبدی وەک ڕاوێژکار (موستەشار)، بڕیارێکی هاوبەشی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا بوو. کەواتە بۆچی جەمیل بایک ڕەخنەی لە مەزڵووم عەبدی گرت؟

هێرشی ئاشکرای بایک بۆ سەر عەبدی کادیری پەکەکە، بە ئاشکرا لە لایەن ڕای گشتی کوردستانەوە ڕەخنەی لێگیرا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دابەشکردنێکی نوێی ڕۆڵ و نەخشەکان لە ڕێکخراوەکەدا هەیە.

دابەشکردنی کار لەناو پەکەکەدا و ئەرکی نوێی بایک: چاککردنەوەی تراوما (Trauma)ی “ئەنتەگراسیۆن”ی کورد

لەو کاتەوە کە پەکەکە لە ساڵی 2025دا هەڵوەشاندنەوەی خۆی ڕاگەیاندووە، هەتا تەباخی 2026، بایک تەنیا سێ جار قسەی بۆ میدیاکان کردووە. زنیارییەکانی بەردەستی ئێمە دەریدەخەن کە بایک پرۆسەکەی بەدڵ نەبووە وبە بیانووی نەخۆشیەوە خۆی پەراوێز دەخست، بەڵام دوای ئەوەی ئۆجەلان وتی: “ئەگەر بایک نەخۆشە با بێتە لای من”، بایک هێندەی تر ناڕەحەت بوو و بە تەواوی بێدەنگەی هەڵبژاردبوو. بە پێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە دەستمان کەوتووە و لە زۆر لایەنەوە پشتڕاست کراونەتەوە، بایک لە مانگی تەباخی 2026دا چووەتە ئیمرالی و کۆبوونەوەی ڕووبەڕووی لەگەڵ ئۆجەلان ئەنجامداوە.

لەو کاتەوە تا ئێستا دوو جار لە میدیاکان دەرکەوتووە و لێدوانی ڕادیکاڵی داوە. واتە بایک ئاشت کراوەتەوە تا بچێتە ئیمرالی و بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات و ئەرکی خۆی لە ئەستۆ بگرێت. دەرکەوتنی بە جۆش و خرۆشەکانی لە میدیاکاندا، ئەویش یەکسەر دوای کۆبوونەوەکەی ئیمرالی دەریدەخات کە ئەرکێکی نوێی پێدراوە.

چاوخشاندنێکی وردتر لە پەکەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەرچەندە ئەرکی قەناعەت پێکردنی ڕای گشتی تورکیا لە کاتی پڕۆسەی ئەنتەگراسیۆن لەگەڵ تورکیادا بۆ ئەندامانی گرووپی ئەنقەرەی پەکەکە وەک مستەفا قەرەسوو و دوران کاڵکان دانراوە کە بە ڕەچەڵەک تورکن و خاوەن ڕوانگەیەکی چەپگەرایانەن، بەڵام بۆ چاککردنی ئەو تراومایەی کە کورد دوای کارەساتی ئەنتەگراسیۆن تووشی بووە، جەمیل بایک ئەرکدار کراوە.

لەمەودوا جەمیل بایک بەرپرسی دۆسیەی کورد دەبێت لەناو پەکەکەدا.

جەمیل بایک بەڕێوەبەری دۆسیەی کوردانە لە ناو پەکەکەدا

هەڵە نییە چاوەڕێی ئەوە بکەین کە جەمیل بایک بەو ئەرکەی لە ئیمرالیدا پێیدراوە، لە دوو بابەتی بنەڕەتیدا لە ناو کورداندا ڕۆڵ بگێڕێت.

یەکەم: ئەو پرۆسەیەی کە لە لایەن ئۆجەلانەوە دەستیپێکرد و ئەو پەیام و لێدوانانەی کە ئۆجەلان داونی، کاردانەوەی گەورەی لای کورد بەدوای خۆیدا هێنا. کەسایەتی نادەستووری و پێگەی ئۆجەلان کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە مەخدووریەتی “سەرۆکی بەدیل گیراو” بەدەستی هێناوە، خەریکە لەناو دەچێت. هەروەها سەنگەری بێقوسووری پەکەکە کە لە ڕێگای حەماسەتی شەهیدان و بەرخۆدانەوە بەدەستیهێناوە، دەلەرزێت. هەم پەکەکە و هەم دەوڵەتی تورکیش لەم دۆخە نیگەرانن. بۆیە جەمیل بایک ئەرکی هێورکردنەوە و ڕازیکردن و قسەکردن لەگەڵ کوردانی لە ئەستۆ گرتووە.

دووەم: لە ئێستا بەولاوە، جەمیل بایک لەسەر پرسەکانی ڕۆژئاڤا، باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر دەنگی بەرز دەکاتەوە. ئەو دەبێتە جێبەجێکاری سیاسەتەکانی دەوڵەت و ئۆجەلان لەم بەشانەی کوردستاندا.

“ئەوەی کە چاوپێکەوتنەکە لە کەناڵێکی زمانی کوردی وەک نووچە تیڤی پەخش کراوە و بایک لە وتارەکەیدا بەتایبەتی وشەی سۆرانیی بەکارهێناوە، بەڕوونی ئەوە دەردەخات کە جەمیل دەیهەوێت ناوچە سۆران نشینەکان بە بەردەنگ وەربگرێت”.

بایک بۆ کوردەکان ڕۆڵی پۆلیسی باش یاری دەکات

کاتێک لەم چوارچێوەیەوە سەیری چاوپێکەوتنەکەی جەمیل بایک لەگەڵ نووچە تیڤی بکرێت، دەرگا بەڕووی شرۆڤەیەکی زۆر پوختتردا دەکاتەوە. هەروەها ڕەخنەکانی لە مەزڵووم عەبد کاتێک لەم چوارچێوەیەدا لێکدەدرێنەوە، جێگای خۆیان دەگرن. ڕای گشتیی کورد بە خودی لایەنگرانی پەکەکەشەوە، بە توندی لە داگیرکردنی ڕۆژئاوا و ئەنتەگرەکردنی ئەو بەشەی کوردستان لەگەڵ سووریا و دانانی مەزڵووم عەبدی وەک ڕاوێژکار (موستەشار)ی ئەحمەد شەرع، نیگەران و تووڕەن. بایک لەبەر ئەوە هێرشی کردە سەر مەزڵووم عەبدی، هەتا ئەو کاردانەوەیەی گەل لە دژی حیزبەکەی و ستراتژییە درێژخایەنەکەی دوور بخاتەوە. لە ڕاستیدا جەمیل باییک بۆیە مەزڵووم عەبدیی کردە قوربانی هەتا بڵێت: “پەکەکە هەرگیز هەڵە ناکات؛ ئەمە هەڵەی مەزڵووم عەبدییە”. مەزڵوومیان کردە بەرخی قوربانی و بە هۆکاری وێرانی و کاولکاریی پێڤاژۆی ڕۆژئاڤای کوردستان دەستنیشان کرا.

لە ڕاستیدا بایک لەمەودوا بەگشتی ئەم ڕۆڵە دەگێڕێت، ئەو وێرانکارییەی کە لە ئەنجامی بیرۆکە و سیاسەتەکانی ئۆجەلانەوە دروست بووە، لە ڕێگەی تاکەکان، لایەنەکانی دیکە، بارودۆخ و هێزی دەرەکییەوە، ڕاڤە دەکات. بێگومان کاتێک ئەم کارە دەکات، بایک ڕۆڵی پۆلیسی باش دەگێڕێت.

لێدوانە مەترسیدارەکانی بایک سەبارەت بە باشووری کوردستان، دەبێ چۆن شرۆڤە بکرێن؟

هەرچەندە ڕەخنەکانی بایک لە مەزڵووم عەبدی وەک تەوەرێکی سەرەکی لە قسەکانیدا دەرکەوت، بەڵام ستراتژیکترین خاڵ لە ڕاستیدا ئەو قسانە بوون کە بایک سەبارەت بە باشووری کوردستان کردی.

ڕوانگەی گشتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورک دوودڵە لەوەی کە پەکەکە بەتەواوەتی لە باشووری کوردستان وەدەربنێت. بە گوێرەی دەوڵەتی تورک، ئەرکی پەکەکە لە باشوور بەردەوام دەبێت و ئەگەری دەستێوەردان لە باشووری کوردستان و عێراق بەبێ حزووری پەکەکە زۆر لاوازە. بۆیە پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا وێکڕا بۆ درێژکردنەوەی وادەی چەکدانان و دابەزین لە شاخ کاردەکەن. واتە ڕەنگە بەم نزیکانە حزووری پەکەکە لە باشووری کوردستان کۆتایی نەیەت.

لێدوانەکانی جەمیل بایک سەبارەت بە باشوور لەو چاوپێکەوتنەدا جێگەی سەرنجە و دەریدەخات کە ستراتژیەکی تاریک بۆ باشوور پەیڕەو دەکات.

بایک زۆر ڕوانگەی پێکناکۆک و دژبەیەک سەبارەت بە باشوور باس دەکات

بۆ نموونە؛ بایک لە لایەکەوە دەڵێ دەبێ بە بێ هیچ شەرت و مەرجێک یەکێتی نەتەوەیی پێکبێت و قەوارەی باشوور بپارێزرێت؛ لە لایەکی دیکەشەوە دەڵێ پێویستە شنگال بە عێراقەوە ببەسترێتەوە و دەڵێت ئێمە قەندیل بۆ هیچ هێزێک بەجێناهێڵین”.

ئەم سێ خاڵە ئەو سیاسەتە ئاشکرا دەکەن کە بایک لە باشوور بە ناوی پەکەکەوە پەیڕەوی دەکات. ئەگەر ئێوە لەباتی ئەوەی شنگال بە کورد بسپێرن بە عێراقی دەدەن، بۆچی باسی یەکێتی نەتەوەیی دەکەن؟ ئێوە شنگال دەدەن بە عێراق، بەڵام ناتانهەوێت هێزە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێنە قەندیل. لەلایەکی دیکەشەوە ئێوە بە پانەوە دەڵێن کە دەوڵەتی سەربەخۆتان بۆ کورد ناوێت.

بایک لە ساڵانی 1980 بەملاوە لە باشووری کوردستان نیشتەجێیە. پەیوەندیی لەگەڵ چەندین سیاسەتمەدار و نووسەر و سەرۆکی عەشیرەتەکاندا هەیە. زۆرێک لە کادیرە گرنگەکانی ناو یەنەکە، لە بافڵ تاڵەبانی زیاتر گوێ لە جەمیل بایک دەگرن. بۆیە هەڵە دەبێت ئەگەر وا بیر بکەینەوە کە بایک لەناکاو دەستبەرداری ئەو هەموو ئەزموون و پەیوەندییانە دەبێت. بەڕوونی دیارە کە بایک ئەرکدار کراوە تا سیاسەتی تەسلیمبوون ـ ئەنتەگراسیۆن بە شێوازی پەکەکە بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنێت و پێشبینی کردنی ئەوە کە ئەمە دەتوانێ دۆخی ئاڵۆز و پڕ لە مەترسیی باشوور لەوەش زیاتر ئاڵۆزتر بکات، دژوار نیە.

چاوپێکەوتنەکەی بایک ئەوەمان بۆ دەردەخات کە جەمیل بایک (میری تاریکی) سەرلەنوێ هاتۆتە مەیدان و ئەمەش بۆ نەتەوەی کورد هەواڵێکی خۆش نییە.

Share