کۆمەڵەی گەنجانی کورد لە گرێ سپی داوای گەڕانەوەی سەلامەت و ڕاگرتنی سەرپێچیەکان دەکەن

کۆمەڵەی گەنجانی کورد لە گرێ سپی داوای گەڕانەوەی سەلامەت و ڕاگرتنی سەرپێچیەکان دەکەن

“هەتا دادپەروەری و سەروەری یاسا لە گرێ سپی جێگیر نەکرێت و موڵک و ماڵی خەڵک نەپارێزرێت، سەقامگیری بەردەوام و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا مسۆگەر ناکرێت”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 4/10/2026، “کۆمەڵەی گەنجانی کورد لە گرێ سپی”، لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و یاسایی ئاوارەکان، یاداشتێکی بەپەلەی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لیژنەی مافی مرۆڤی مەجلیسی گەل، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پیاوماقووڵانی ناوچەکە کرد. لە بەیاننامەکەدا داوای گەڕانەوەی سەلامەت و شکۆمەندانە بۆ ئاوارەکان و کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرداگرتنی سیستماتیکی ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کراوە.

کۆمەڵەکە سەرنجی خستۆتە سەر ئەو پێشێلکارییە جیددییانەی کە لە سەنتەری شارەکانی گرێ سپی، عەین عیسا، عەین ئەل ـ عەرووس و گوندەکانی دەوروبەریان وەک (تل ئەخدەر، بیر تەمەع و باقاجاخێ) ڕوودەدەن. ڕاگەیەندراوە کە میلیشیا چەکدارە دیفاکتۆکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەست بەسەر موڵک و ماڵی خەڵکی ڕەسەندا دەگرن و بە بیانووی ڕێوشوێنی وەک “سندووقی سەروەری” بەرهەمەکانیان دەفرۆشن و مەترسی گۆڕانی دیمۆگرافی قووڵتر دەکەنەوە بەبێ ئەوەی کە هیچ میکانیزمێکی یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە هەبێت.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە ئاڵۆزە، کۆمەڵەی گەنجانی کورد داواکارییەکانی خۆی لە چەند خاڵێکی بنەڕەتیدا ڕیز کردووە:

ـ دابینکردنی کەشێکی یاسایی و سەلامەت بۆ ئاوارەکان بەبێ هەڕەشە و مەترسی تۆڵەسەندنەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێد و خاکی خۆیان.

ـ ڕاگرتنی دەستبەجێی هەموو کشتوکاڵێکی نایاسایی و ئیستغلالکردنی زەوی و زارەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەستە ستەمکارانەکان.

ـ دامەزراندنی لیژنەیەکی دادوەری و بێلایەن (بەبەشداری دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ) بۆ لێکۆڵینەوە لە سکاڵاکانی دەستبەسەرداگرتنی موڵک و لێپێچینەوە لە تاوانباران.

ـ بەشداریکردنی سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد و عەرەب، بۆ پتەوکردنی هاودەنگی کۆمەڵایەتی و پێشگرتن لە ناکۆکی لە وەرزی کشتوکاڵدا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەتا دادپەروەری و سەروەری یاسا لە گرێ سپی جێگیر نەکرێت و موڵک و ماڵی خەڵک نەپارێزرێت، سەقامگیری بەردەوام و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا مسۆگەر ناکرێت.

Share