ئەنەکەسە سەرکۆنەی بڕیار و هەڕەشەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی هەرێم دەکات

ئەنەکەسە سەرکۆنەی بڕیار و هەڕەشەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دژی هەرێم دەکات

ئەنەکەسە هاوپشتیی تەواوی خۆی لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە.

ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بە توندی سەرکۆنەی بڕیارە تاکلایەنەکان و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا کرد، هاوکات داوای لە ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بە پەلە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان بکەن.

چوارشەممە 25ی تشرینی دووەمی 2026، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی (ئەنەکەسە) راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە پێشهاتەیەکی مەترسیدار و نیشانەی ئاڵۆزکردنی دۆخی عێراق ناو برد و رایگەیاند: عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە رۆژانی 23 و 24ـی تشرینی دووەمدا چەند بڕیارێکی تاکلایەنەی داوە و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزی کردووە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.

ئەنجوومەنەکە باسی لەوە کردووە، ئەو هەنگاوانە تێپەڕاندنی چوارچێوە دەستوورییەکانی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمن و زیانگەیاندنن بە بنەماکانی هاوبەشی و سازان کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزراوە؛ هەروەها هەر هەڕەشە یان رێکارێکی سەربازیی رەتکردەوە کە پێگەی دەستووری و دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە و ئەم هەنگاوانە ئاراستەی چەسپاندنی ناوەندگەرایی زیاد لە پێویست و کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمن.

لەم چوارچێوەیەدا، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد ریزەکانیان یەک بخەن، بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە و پێکەوە کار بکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەکانی دوورخستنەوە و پاراستنی ماف و دەستکەوتە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، ئەنجوومەنەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزە هەرێمییەکان و لە پێش هەموویانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد، بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن و بە پەلە کار بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم گرژییانە و رێگریکردن لە تێوەگلانی عێراق لە ململانێ و قەیرانی نوێ، و گرتنەبەری زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە گوێرەی دەستوور.

لەم بارەیەشەوە باسی لەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی رژێمی دیکتاتۆریدا رۆڵێکی دیاری لە لەخۆگرتنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و دابینکردنی پەناگەی ئارام بۆیان هەبووە، کە ئەوەش وا دەخوازێت رێز لە پێگەی دەستووریی و رۆڵی لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا بگیرێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی هاوپشتیی تەواوی خۆی لەگەڵ سەرکردایەتی و گەلی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە و متمانەی خۆی بە توانای گەل و هێزە سیاسییەکانی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان نیشان داوە.