“هێرشەکە بە تەقاندنەوەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم دەرگای ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی مشێرفە دەستی پێکردووە”.
فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە رایگەیاند کە شانەکانی داعش بە هێرشی خۆکوژی و ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراو پەلاماری بارەگایەکی ئەمنییان داوە و لە ئەنجامدا دوو سەرباز گیانیان لەدەست داوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، عەمید مەڕوان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە لێدوانێکی ڤیدیۆیی دا گوتی: رایگەیاند، شانەکانی رێکخراوی داعش بە زیاتر لە هێرشێکی خۆکوژی پەلاماری یەکێک لە بارەگا ئەمنییە یەکخراوەکانیان داوە و لە ئەنجامدا دوو سەرباز گیانیان لەدەست داوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە دەڵێ: “وەک نەریتی خۆی، داعش دوای ئەو سەقامگیرییەی لە شار و پارێزگای حەسەکە بەدەست هاتووە، ویستی لە رێگەی تەقینەوەیەک یان زیاتر لە تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە بۆ سەر یەکێک لە بارەگا ئەمنییە یەکخراوەکان پەیامێک بگەیەنێت”.
فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە باسی لەوەش کرد کە بە گوێرەی ئاماری سەرەتایی، هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو سەرباز و برینداربوونی پێنجی دیکە.
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە دوو کارمەند گیانیان لەدەست داوە و پێنجی دیکە بریندار بوون لە ئەنجامی دوو هێرشی تیرۆریستیی یەک لە دوای یەکدا لە پارێزگای حەسەکە کە لەلایەن چوار چەکداری ڕێکخراوی داعشەوە کراون.
وەزارەتەکە باسی لەوە کردووە کە لە کاتی هێرشەکاندا پێکدادان لەگەڵ هێرشبەرەکاندا ڕووی داوە و لە ئەنجامدا دوو لە هێرشبەرەکان لەناو براون، لە کاتێکدا دوو چەکدارەکەی دیکەیان خۆیان تەقاندووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان و ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە هێرشەکە بە تەقاندنەوەی ماتۆڕسکیلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم دەرگای ناوەندێکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی مشێرفە دەستی پێکردووە و دوای تەقینەوەکە، دەنگی تەقەیەکی سەخت و چەند تەقینەوەیەکی دیکە لە ناوچەکەدا بیستراون.