وڵاتانی روسیا، سین و ئێران مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەش بەڕێوە دەبەن

“مانۆڕە سەربازیەکە بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەمریکایە”
هێزی دەریایی 3 وڵاتی روسیا، سین و ئێران مانۆریکی سەربازیی هاوبەش لە ئاوەکانی دەریای هیندو زەریای عۆممان بەرێوە دەبەن و میدیاکانی سینیش ڕایدەگەیەنن ئامانجی مانۆڕە سەربازیەکە ئاگادارکردنەوەی ئەمریکایە.
ئەمڕۆ هەینی 27/12/2019، مانۆڕی سەربازی هاوبەشی هیزی دەریایی هەر 3 وڵاتی روسیا، سین و ئیران لە باکووری دەریای هیند و لە ئاوەکانی زەریای عوممان دەستیپێکرد و وەزیری دەرەوەی سینیش دووپاتی دەکاتەوە کە بەرێوەچوونی مانۆڕە سەربازییەکە هیچ ناتەباییەکی لەگەڵ یاسا نیودەوڵەتییەکاندا نیە و دووپاتیشی کردۆتەوە کە مانۆڕەکە هیچ پێوەندیی بە بارودۆخی دیپلۆماسیی ناوچەکەوە نیە.
وەزیری بەرگریی سینیش رایگەیاندووە کە مانۆرەکە بۆ پێکهێنانی هاوئاهەنگی زیاتری نیوان هێزەکانی هەر ٣ وڵاتەو ئامانجی سیاسیی لەپشتەوە نیە.
بە پیچەوانەی بەرپرسانی وڵاتەکەیان میدیاکانی سینی رایدەگەیەنن کە مانۆرە سەربازیەکە بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەمریکایە، و بڵاوکراوەی گلوبال تایمزی ئەو وڵاتە لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی مانۆرەکە ئاگادار کردنەوەی ئەمریکایەو یارمەتی سینیش دەدات کە تواناکانی لەپێوەندی لەگەڵ پاراستنی کەنداودا بە جیهان پیشان بدات.
بەرپرسانی سەربازیی ئێران مانۆرەکە لەڕاستای پتەوتر کردنی ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بە گرنگ وەسف دەکەن، بەرپرسانی ئێران لەکاتیکدا باس لە ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن کە ماوەیەکە ولاتەکەیان لەگەڵ ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی نێوخۆ بەرەوڕوویەو حکوومەت لە رێگای لاواز کردنی هیڵەکانی ئینتەرنەت و زیادکردنی ژمارەی هیزە ئەمنیەکانی هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی نائارامییەکانی ناوخۆ دەدات.