رفێندرانی 3 هاووڵاتی دیکەی ناوچەی شیلادزێ لە لایەن پەكەكەوە

رفێندرانی 3 هاووڵاتی دیکەی ناوچەی شیلادزێ لە لایەن پەكەكەوە

بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێ: تا ئێستا نازانین بە چ هۆكارێك لە لایەن پەكەكەوە دەستگیر كراون

ماوەی حەوتوویەک دەبێت کە سێ هاووڵاتیی خەڵکی شارەدێی شیلادزێ باشووری کوردستان کە سەردانی گوندەکانی خۆیان لە ناوچەکانی ڕێکان، نیروێ و دۆسکێ سەروو کردبوو، بێسەروشوێن ببوون و بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێش ئاشکرای کرد کە ئەو سێ هاووڵاتییە لەلایەن پەکەکە دەستگیر کراون.

ڕزگار عوبێدی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/9/2021 بە ئاژانسەکانی باشووری کوردستانی ڕاگەیاندوە: “سێ هاووڵاتی بەناوکانی (جوبرائیل ئیبراهیم) تەمەن 50 ساڵ و (جەگەر و ڕێگر) كە هەردوویان تەمەن 35 ساڵن و دانیشتووی کۆمەڵگەی (سیریێ)ی سەر بە شیلادزێن، سەردانی گوندەکانی خۆیان کردبوو، ماوەی شەش ڕۆژ بێسەروشوێن ببوون و چارەنووسیان نادیار بوو”.

بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێ ئەوەشی ئاشكرا كرد كە پاش ئەوەی ئەوان لەمبارەوە بەدواداچوونیان کرد، بۆیان دەرکەوت ماوەی چەند ڕۆژێکە تورکیا لەو ناوچانە بۆردومانی نەکردووە، ”ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە لە لایەن فڕۆکەوە زیانیان پێ نەگەیشتووە و بابەتەکە بەو ئاراستەیەدا دەچێت کە لە لایەن چەکدارانی پەکەکەوە دەستگیر کرابن“.

ڕوونیشی كردەوە كە ئەوان ”تا ئێستا“ نازانن ئەو كەسانە بە چ هۆكارێك دەستگیر كراون، بەڵام ماوەی شەش ڕۆژە هیچ زانیارییەكیان لەبارەوە ئاشكرا نەكراوە.

لە ماوەی رابردوودا حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام داوای لە “پەكەكە” كردووە، ڕەچاوی بار و ژیانی خەڵكی ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان بكات و ئاستەنگیان بۆ دروست نەكات، بەڵام پەكەكە نەك هەر بە پاساودان بە تورکیە و چوونە نێو شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتە، ژیانی خەڵكی ناوچەكە دەخاتە مەترسیی جۆراوجۆرەوە، بگرە ماوە نا ماوە بیانوێك دەدۆزێتەوە و ئەو كەسانە دەڕفێنێت كە بە مەبەستی ئاودان یان چنینەوەی بەری رەز و باخەكانیان سەردانی گوند و ناوچە سنوورییەكان دەكەن.

Share