فەرید ئازاد وتەبێژی بزووتنەوەی ڤەژینی کوردستان، بەهۆی پۆستەکانی لە سۆشیال میدیا دەستبەسەر کرا

هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی فەرید ئازاد لە شاری ئامەد و دەستبەسەریان کردووە.
فەرید ئازاد، وتەبێژی بزووتنەوەی ڤەژینی کوردستان لە ئەنجامی هێرشێکی هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورکدا، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری “ئامەد”ی باکووری کوردستان دەستبەسەر کرا. فەرید ئازاد لە ڕێگەی لێدوانێکی بەپەلە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ سەر ماڵەکەی و دەستبەسەرکردنەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کرد.
دوای ڕووداوەکە، ئەڤین ئازاد، هاوسەری فەرید ئازاد لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا وردەکاریی پەلاماری هێزە ئەمنییەکانی تورکیای بڵاوکردەوە. ئەڤین ئازاد ڕایگەیاند، هۆکاری سەرەکی دەستبەسەرکردنی هاوسەرەکەی چالاکیی و پۆستەکانی بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە وەک پاساوێکی یاسایی بۆ هێرشەکەیان خراوەتەڕوو.
ئەڤین ئازاد لە درێژەی لێدوانەکەیدا، سەرنجی بۆ ناوەڕۆکی پۆستەکانی فەرید ئازاد ڕاکێشا و ڕایگەیاند کە لە پەیامەکانیدا تەنها ڕۆشنایی دەخاتە سەر فشار و کێشەکانی بیاڤی ناسنامەی کورد و وەک چالاکوانێکی بواری مافەکانی مرۆڤ، بەرامبەر بەو کردارانە کاردانەوەی هەبووە.
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئەمنیەی دەوڵەتی تورک لە ئامەد و بەرپرسانی دادوەریی تورکیاوە سەبارەت بە هۆکاری یاسایی بەدواداچوون و وردەکاریی مەلەفەکە و کاتی دەستبەسەرکردنی فەرید ئازاد بڵاو نەکراوەتەوە.