پێنتاگۆن: هەماهەنگیی ئێمە و هەسەدە تەنیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشە

گوتەبێژی پێنتاگۆن: تا ئەو کاتەی مەترسییەکانی داعش کۆتاییان پێ دێت، هاوپەیمانیی ئەمریکا و هەسەدە بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) رایدەگەیەنێت، هەماهەنگیی و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان، تەنیا بۆ شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعشە.
جۆن كێربی، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا، رایگەیاندووە: هێشتا مەترسیی داعش لەسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا ماوە.
جۆن کێربی هەروەها رایگەیاندووە: هەماهەنگی و هاوکاریی ئەمریکا بۆ هەسەدە تەنیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعشە، ”لەوە زیاتر هیچ هاوپەیمانییەکمان لەگەڵ هەسەدە نییە“.
گوتەبێژی پێنتاگۆن جەختی لەوە کردووەتەوە، تا ئەو کاتەی مەترسییەکانی داعش کۆتاییان پێ دێت، هاوپەیمانیی ئەمریکا و هەسەدە بەردەوام دەبێت.
هەسەدە هێزێکی چەکداریی رۆژئاوای کوردستانە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش دروست بووە و زۆرینەی چەکدارەکانی لە چەکدارەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، پێک دێن.