لافاوەکەی هەولێر و بێ ویژدانیی میدیای پەکەکە

لافاوەکەی هەولێر و بێ ویژدانیی میدیای پەکەکە

تێدەگەم کە ماڵپەڕی ANF و پەکەکە بە هەموو هێزیانەوە لە دژی باشووری کوردستان کار دەکەن بەڵام هیچکات بڕوام نەدەکرد کە رق و قینی پەکەکە گەیشتبێتە ئاستێکی وەها کە کاتێک لافاو لە باشووری کوردستاندا هەڵدەستێت بەوشێوەیە شاگەشکە دەبن.

سمکۆ عەبدولعەزیز

من رۆژانە بەدواداچوون بۆ میدیای پەکەکە و بەتایبەتی ANF دەکەم. نەک لەبەر ئەوەی کە بزانم لە کوردستان و جیهاندا چی دەگوزەرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی بزانم کە لە رۆژێکدا چەندە درۆ، هەواڵ و لێدوانی ناشایست دەرحەق بە کوردستان و کەسایەتی و لایەنە نیشتمانپەروەرەکان بڵاو دەکەنەوە. دوێنێ لە ANF هەواڵێکم بە سەردێڕی “دەستە خوشکەکەی پاریس جاریکی دیک بوو بە ژێر باراناوەوە!” بە قەڵەمی کەسێک بەناوی “ژ.ت” بەرچاو کەوت.

کاتێک هەواڵەکەم خوێندەوە، هەستم کرد کە نووسەرەکە سەرچۆپی داوەتێکی گرتووە و هەڵدەپەڕێت و هەر وەکوو ئەوەی کە زەماوەندی خۆشکەکەی بێت و هەلهەلە و شاباشەکانی دەگەیشتنە ئاسمان.

پاش ئەوەی کە هەواڵەکەم خوێندەوە بۆم دەرکەوت کە ئەوە داوەتی خۆشکی ئەو نیە، بەڵکوو لەبەر ئەوە سەرچۆپیی گرتووە کە لە هەولێری پایتەختی باشووری کوردستان لافاو هەستاوە و ژمارەیەک لە هاونیشتمانیانی کورد زەرەرمەند بوون. هەر بەوهۆیەوە کابرای نووسەر شاگەشکە بووە و بە پەلەپەل هەواڵێکی لەسەر لافاوەکەی هەولێر نووسیوە تاوەکوو چەند قرووشێکی دەست بکەوێت. ماڵپەڕی ANFیش بە بێ دوودڵی ئەو هەواڵەی کە هیچ بنەمایەکی هەواڵنووسیی تێدا نیە وەکوو هەواڵێکی نایاب بڵاو کردۆتەوە.

من لەو جیاوازیە فیکری و سیاسیانە تێدەگەم کە لەنێوان حیزبەکانی کوردستاندا بوونی هەیە. من تێدەگەم کە ماڵپەڕی ANF و پەکەکە بە هەموو هێزیانەوە لە دژی حکوومەتی هەرێمی و باشووری کوردستان کار دەکەن و هیچکات ئامادە نین دانی خێر بە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستاندا بنێن، بەڵام هیچکات بڕوام نەدەکرد کە رق و قینی پەکەکە گەیشتبێتە ئاستێکی وەها کە کاتێک لافاو لە باشووری کوردستاندا هەڵدەستێت بەوشێوەیە شاگەشکە دەبن و پێی کەیفخۆش دەبن و درۆی ئەوەندە گەورە لە دژی حکوومەتی کوردی بڵاو بکەنەوە.

ئەوەی من لێی تێگەیشتبێتم ئامریکا تا سەر ئێسقان دژایەتی ئیران دەکات و رێژیمی ئێرانیش هەر بەوشێوەیە دژی ئامریکایە، بەڵام کاتێک لە ساڵانی رابردوودا لافاو لە ئامریکا هەستا، یەکسەر ئێران ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی بۆ ئامریکا دەربڕی. هەروەها کاتێکیش کە بوومەلەرزە لە چەند شارێکی ئێرانی دا، ئامریکاش ئامادەیی خۆی بۆ پێشکەش کردنی هاوکاری مرۆیی بۆ خەڵکی ئێران پیشاندا. هەڵوێستی لەو چەشنە لەنێوان تورکیە و ئیسرائیلیشدا روویداوە و بە سەدان نموونەی دیکە لە جیهاندا هەن.

نامهەوێ بێزارتان بکەم، من لێرەدا بە کورتی هەواڵەکەی ANF دەنووسم و ئێوەش بەخێری خۆتان ببنە داوەر تاوەکوو بە چاوی خۆتان بیبینن کە ئەو هەواڵە چەندەی بێویژدانی و قسەی نەشیاو و ناڕاستی لەخۆ گرتووە.

بەشێک لە نێوەرۆکی هەواڵەکەی ANF:

1ـ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دوور و نزیک هاوکاریی هاووڵاتیانی زیانمەندی نەکردووە.

2ـ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەولێر بە دەستەخۆشکی پاریس ناو دەبات بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە بە رێژەیەکی زۆرتر باران لە پاریس دەبارێت، کەچی قەد لافاو دروست نابێت و بە پێچەوانە لە هەولێر لەگەڵ بارینی بڕێکی کەم باراندا شارەکە دەکەوێتە ژێر ئاو.

3ـ حکوومەتی هەرێم بە خەڵکەکەی گوتووە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک رەخنەمان لێ بگرن، بەڵکوو دەبێ رەخنە لە خۆیان بگرن چوونکە ئەو لافاوە خودا بەسەری ئەوانیدا هیناوە نەوەک ئێمە.

ئیوە بۆخۆتان ئەو خاڵانە شرۆڤە بکەن و بڕیار بدەن کە پەکەکە چەندە رق و قین و بوغز لەناو کوردەکاندا بڵاو دەکاتەوە، بەچاوی خۆتان بیبینن کە پەکەکە چەند دەرحەق بە هاووڵاتیانی باشووری کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا نووسراوە و هەواڵی ناڕاست بڵاو دەکاتەوە.

تەنها بەو سایتە و نووسەری هەواڵەکەی دەڵێم، هەولێر نەک هەر دەستەخۆشکی پاریسە بەڵکوو هەولێر شاری هۆلاکۆ بەزێن و پایتەختی کوردستانە.

Share