پەکەکە ناسنامەی 5 لاوی دیکەی کوردی ئاشکرا کرد کە چەند مانگ لەوەپێش گیانیان لەدەستداوە

پەکەکە ناسنامەی 5 لاوی دیکەی کوردی ئاشکرا کرد کە چەند مانگ لەوەپێش گیانیان لەدەستداوە

هەپەگە: ئێمە هەڤاڵانی خۆمان کردە فیدای ئاپۆ و ئەوان لەپێناو ئاپۆدا گیانیان لەدەستدا!

پەکەکە ناسنامەی پۆلێکی دیکە لە گریلاکانی ئاشکرا کردووە کەوا چەند مانگ لەوەپێش لە باشووری کوردستاندا لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج و لە وەسفیاندا نووسیویەتی: ئەوان لەپیناو ئاپۆدا گیانیان لەدەستداوە!

هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، رۆژانی شەممە و یەکشەممە 3 و 4/6/2023، ناسنامەی 5 گریلای دیکەی حیزبەکەی ئاشکرا کردووە کە لە مانگەکانی ئادار و نیسانی ئەمساڵدا لە باشووری کوردستان لەلایەن ئەرتەشی تورکەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

هەپەگە کە گیانلەدەستدانی ئەو گریلایانەی وەکوو هەزاران لاوی دیکەی کورد بۆ ماوەیەک لە بنەماڵەکەیان و رای گشتی شاردبۆوە، بەوپەڕی رووهەڵماڵراویەوە لە وەسفیاندا نووسیویەتی: ئێمە هەڤاڵانی خۆمان کردە فیدای ئاپۆ و ئەوان لەپێناو ئاپۆدا گیانیان لەدەستدا!

هەپەگە ناسنامەی ئەو 5 گریلایەی بەمشێوەیە راگەیاندووە:

1ـ ئەمراهـ ئارپاک خەڵکی وان.

2ـ دۆگان ئالاس خەڵکی مێردین.

3ـ فەهمی ئۆگمەن خەڵکی جۆلەمێرگ.

4ـ محه‌مه‌د ساڵح چاکال خەڵکی سێرت.

5ـ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د عه‌لی خەڵکی سەرێکانی.

پارتی کرێکاران رۆژانە وێنە و ناسنامەی پۆلێک لە لاوانی کورد لە میدیاکانیدا بڵاو دەکاتەوە کە زۆربەیان لە ساڵان و مانگەکانی رابردوودا لەلایەن تورکیەوە کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە و پاش تێپەڕینی ماوەیەکی بەرچاو ئەوسا پەکەکە هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان بڵاو دەکاتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست “دارکا مازی” کەوتوون، هێشتا بە هەزاران رۆڵەی دیکەی کورد هەن کە پەکەکە لە رابردوودا بەکوشتنی داون و تا ئێستا هەواڵی گیانلەدەستدانەکەیان دەشارێتەوە و ئاشکرای ناکات.

پەکەکە بۆ دابینکردنی شەڕڤان پشتی بە رفاندنی منداڵانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان بەستووە و ئەو کردەوەشی بە دەیان جار لەلایەن دامەزراوە نیودەوڵەتیەکانی داکۆکیکاری مافەکانی منداڵان و مافەکانی مرۆڤەوە سەلمێنراوە وشەرمەزار کراوە.

Share