چەواشەکارییەکەی میدیا درۆزنەکەی پەکەکە لەسەر قەرەچووغ، بۆگەنیوی لێدێت

چەواشەکارییەکەی میدیا درۆزنەکەی پەکەکە لەسەر قەرەچووغ، بۆگەنیوی لێدێت

هەروەک چۆن حەماس جگە لەمەرگ چ دەسکەوتێکی دیکەی بۆ فلستینیەکان نەبووە، پەکەکەش تەنها مەرگ، ماڵویرانی، دەربەدەری و بێهیوایی بۆ کوردان هێناوە.

ڕوانگەی کۆنتراگەریلا لە “تەرمینۆلۆژی”دا (ئەو زانستەی کە لێکۆڵینەوە لەسەر وشەکان دەکات) و ژیانی سیاسیی ساڵانی 1990دا، جێگایەکی گرینگی هەیە. کۆنتراگەریلا ئەو هێزەیە کە دژ بە هێزەکانی گەریلا دامەزراوە و لە ناو تورکیادا هێزێکی کوژەری نافەرمییە. ریشەکەی بۆ وشەی ئینگلیسی “Counter” (دژ، هەمبەر) دەگەڕێتەوە.

ئەگەر ئێمە لەو روانگەیەوە لێی بڕوانیان دەتوانین میدیای پەکەکە، کەوا لە دژی کوردان دەجووڵێتەوە، وەکوو میدیای کۆنتراکورد پێناسە بکەین.

دەزگای ڕاگەیاندنی پەکەکە، ڕاگەیاندنێکی دژەکوردە. ڕاگەیاندنی پەکەکە هیچ بەهایەکی کوردەواریی لەبواری ئەخلاقی، مەبدەئی و نەتەوەییدا نیە. وەکوو شەڕفرۆشەکانی ستادیومان، بێ ئەدەب، بێ حورمەت و هێرشکارن. ئەگەر شکست دەخۆن هێرش دەکەن و سەریش بکەون هەر هێرش دەکەن.

بەڵی میدیای پەکەکە لە ڕاستیدا تەڤگەرێکی دژەکوردە و بەتایبەتی لەم دواییانەدا بۆگەنیوی خیانەتی لێدێت.

لە 19ی ئۆکتۆبەردا پەکەکە سەنگەرەکانی خۆی لە چیای قەرەچووغ ڕادەستی میلیشیاکانی حەشد کرد. لە 22ی ئۆکتۆبەردا لەکاتێکدا کە هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان دەیانهەویست سەنگەرەکانی خۆیان قایم بکەن، شەڕ و پێکدادان ڕوویدا و 2 پێشمەرگە شەهید بوون. بەپێی زانیاریەکان لە شەڕەکەدا 2 چەکداری ئەرتەشی عێراق و 8 چەکداری میلیشیاکانی حەشدیش کوژراون.

میدیای پەکەکە پاش ئەو تێکهەڵچوونە، هەواڵی درۆی لەسەر هەر دوو پێشمەرگە شەهیدەکە بڵاو کردەوە و بیڕێزیی بە شەهیدەکان کرد. هەنووکەش پەکەکە دەیهەوێ چەند درۆیەکی دیکە بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی کە خیانەتی خۆی لە ڕادەستکردنی خاکی کوردستان بە میلیشیاکانی حەشد بشارێتەوە. بەپێی ئەو درۆ و چەواشەکاریانەی پەکەکە، “لە شەڕەکەدا پێشمەرگەیەکی دیکە بەناوی “ئەحمەد حوسێن” شەهید بووە کە لە ئەساسدا تورکە و ناوە ڕاستەقینەکەی ‘یاڤوز ئەردەم’ـە و ئەندامی میت بووە”.

پەکەکە بەوشێوەیە هەوڵ دەدات بڵێت: “ئەگەر ئێمە ئەو شوێنانەمان ڕادەستی عێراق نەکردبایە، پەدەکە هێزەکانی تورکی دەهێنا و لەوی جێگیری دەکردن”. با لەسەرەتادا ئەوە بڵێین کە: دایک و باب و بنەماڵەی پیشمەرگەکان دیارن و هەموویان یەکتر دەناسن. هەموو کەس دەزانێت کە کێ شەهید بووە و کێ ماوە. لە باشووری کوردستاندا کەس ناتوانێت مەرگی هیچکەسێک بشارێتەوە ئەوە لەگەڵ سۆسیۆلۆژی دەڤەرەکەدا نەگونجاوە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان هیچ پێویستییەکی بە درۆ و چەواشەکاری نیە. پەکەکە لەبەر ئەوەی خۆی درۆ دەکات بۆیە هەمووکەس بە درۆزن دەزانێت. ئەو هێزەی کە قوربانیەکانی خۆی ئاشکرا ناکات یان گیانلەدەستداوەکانی لەپێناو بەرژەوەندیی حیزبیی خۆیدا وەکوو ئامرازێک بۆ پروپاگاندا بەکار دەهێنێت، خودی پەکەکەیە. پەکەکە هەرکات بەپێویستی بزانێت و بزانێ لە قازانجیدایە، ئەوکاتە ناسنامەی گیانلەدەستداوەکانی ئاشکرا دەکات. ئاوڕێکی خێرا لە ڕاگەیاندنی پەکەکە بدەینەوە ئەوەمان بە روونی بۆ دەردەکەوێت کە زۆر گەریلای پەکەکە ماوەی 5 ساڵ لەوەپێش گیانی لەدەستداوە کەچی پەکەکە تازە ناسنامەکەی ئاشکرا دەکات. هەروەها پەکەکە هەرکات پێویستی پێ بێت ئەو کەسانەش بە شەهید لەقەڵەم دەدات کە بۆخۆی کوشتوونی. واتە پەکەکە کولکووزێکی درۆیانە و لە درۆکردندا کەس بە تۆزی پێیدا ڕاناگات. ئەوەی لە قەرەچووغ ڕوویدا دیارە و درۆ و چەواشەکاریەکانی پەکەکە تەنها بۆ ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر لایەنگرەکانی خۆی دابنێت و هاوکات عێراق و میلیشیاکانی حەشدیش زیاتر دڵشاد بکات.

میدیای پەکەکە دەڵێت کە ئەوان هەبوونی ئەندامانی “میت”ی تورکیایان لەناو هێزی پێشمەرگەدا پشتڕاست کردۆتەوە. بەڕاستی پەکەکە ئەگەر ئەوەندە لێهاتووە، واباشە کە دەستی میتی تورک لەناو ڕیزەکانی خۆیدا بدۆزێتەوە. خۆفرۆشی و جاشایەتی ڕێبازی ڕاستەقینەی خودی پەکەکەیە. ئەگەر مرۆڤ لەناو ڕێبازێکی وەهادا بەدوای هەقێقەت و ڕاستیدا بگەڕێت، بێگومان بە ئەنجام ناگات.

لە ڕۆژئاوای کوردستاندا ڕۆژانە ئوتۆمبێلەکانی پەکەکە دەکرێنە ئامانج، بەرپرسەکانیان لەسەر چیادا دەدۆزرێنەوە و گوللـەباران دەکرێن. ئایا جگە لەو کەسانەی کە شوێنە نهێنیەکانی ئەوان پێدەزانێت، کەسی دیکە دەتوانێ ئەو زانیاریە وردانە بە میتی تورکیا بدات؟ ئەگەر ئێوە دەتانهەوێ میت ببینن، بڕۆنە بەردەم ئاوێنەیەک بە روونی دەیبینن. لێرە و لەوێ مەگەڕن بەڵکوو ئاوڕێک لە ڕابردووی سەرۆک و فەرماندەکانتان بدەنەوە بە ڕوونی میت دەبینن.

“فیلیز بوداک” هاوسەرۆکی مەجلسی گەلی مەخموور، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیای پەکەکەدا دروشمی دەدا و دەیگوت: “میتی تورک لەژێر جلوبەرگ و ناوی پەدەکەدا دەیهەوێت بێت و لە کەمپی مەخموور کۆمەڵکوژی بکات”. فیلیز خانم پێویست بەوە ناکات کە میتی تورک بە یونیفۆرمی پەدەکەوە بێت، جەنابت لەوێ بیت بەسە. میت لە ناو قووڵایی ئێوەدایە. زیاتر لە 70٪ی دانیشتووانی کەمپی مەخمور، هەڵگری پاسپۆرتی تورکیان. زۆربەی ئەو لاوانەی کە لە کەمپی مەخمووردا دەژین بەو پاسپۆرتانەوە دەگەڕێنەوە تورکیا، سەربازی بۆ دەوڵەتی تورک دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە ناو کەمپەکە. 25٪ی  ئەو کەسانەی کە ڕۆژانە سەردانی کونسوڵگەری تورکیا لە هەولێر دەکەن، دانیشتووی کەمپی مەخموورن. دانیشتووانی کەمپی مەخموور لە ئێستادا لەبەر دەرگای باڵۆیۆزخانەی بەغدا ڕیز دەبەستن. خودی خزمە نزیکەکانی “فیلیز بوداک” کە لە کەمپەکەدان، پاسپۆرتی تورکیایان هەیە.

فیلیز خانم کە هاوکات ئەندامی بەڕێوەبەریی مەجلیسی گەلە، با سەرەتا لە بەرانبەر گیانلەدەستدانی لاوێکی کورد بەناوی “دلۆڤان ئیشلاک” لەلایەن تورکیاوە وەڵامدەر بێت. ئەو لاوە بوو بە قوربانیی کادیرێکی ژنی پەکەکە بەناوی کوردستان.

پێویست بەوە ناکات کە زۆری لەسەر بڕۆین، پەکەکە کۆپی داعش و میلیشیاکانی حەشد کەوا ژنانی کوردیان لە شنگال بەدیل دەگرتن و دەیانفرۆشتن، دەستی بەسەر خەڵکی مەخمووردا گرتووە. چیا هەرە گرینگەکانی کوردستانی ڕادەستی تورک، عەرەب و فارسەکان کرد، ئەگەر ناوی ئەوانە خیانەت نەبێت، ئەدی چ ناوێکی لەسەر دادەنرێت؟ میدیای پەکەک خۆشی بدڕێنێت ناتوانێ ئەو واقعییەتە بگۆڕێت.

پەکەکە هەوڵ دەدات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خوێنی لاوانی کورد وفرۆشتنی دواڕۆژی کوردان، شەڕی بەوەکالەت بەڕێوە ببات و ئامادەیە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حیزبەکەی، هەموو نرخ و دەسکەوتەکانی کوردان بفرۆشێت.

ئەوەی کە عەفرینی ڕادەست کرد، پەکەکەیە. ئەوەی کە لەسەرێکانی هیچ خوێندکارێکی نەهێشت کەوا کوردی بخوێنن، واتە ئەو هەرێمەی دا بە باوەش تورکیاوە، هەر پەکەکەیە. ئەوەی کە لە خواکورک هەڵات، پەکەکەیە، ئەوەی کە حەفتەنینی ڕادەست کرد، هەر پەکەکەیە. ئەوەی کە ئاڵای عێراقی لە شنگال بەرز کردەوە، پەکەکەیە. ئەوەی کە میلیشیاکانی حەشدی هێنایە کەمپی مەخموور وقەرەچووغ، پەکەکەیە. هەروەکوو چۆن حەماس جگە لە مەرگ هیچ دەسکەوتێکی دیکەی بۆ فلستینیەکان نەبووە، پەکەکەش لەگەڵ خۆیدا تەنها مەرگ، ماڵویرانی، دەربەدەری و بێهیوایی بۆ کوردان هێناوە.

Share