گرێ مرازا… شوێنەوارێک کە دەتوانێ ڕوانگەکان لەسەر مێژوو بگۆڕێت

سەرجەم لیکۆڵینەوە زانستیەکان دەیسەلمێنن کە دانیشتووانی گرێ مرازا، باوباپیرانی کوردانن.
گرێ مرازا، ناوی گردێکە کەوا نزیکەی 15 کیلۆمەتر لە شاری روحای باکووری کوردستانەوە دوورە. گردەکە دارەتوویەکی گەورەی لەسەرە و خەڵک دەرۆنە سەر گردەکە و پارچە قوماشێک بە لقی دارەکەوە گرێ دەدەن بۆ ئەوەی مورادی دڵیان حاسڵ ببێت. بەتایبەتی ئەو ژنانەنی کە منداڵیان نابێت، دەچنە سەر گرێ مزارا و بڕوایان بەوە هەیە کە مورادیان حاسڵ دەبێت و دەبن بە خاوەنی منداڵ.
لە ساڵی 1994دا کاتێک کە شوانکارەیەک لە روحا، مەڕەکانی خۆی لەسەر ئەو گردە دەلەوەڕاند، لە بن دارتوویەکەدا هێندێ بەردی بەرچاو کەوتن کە جیاواز بوون. دوای ئەوە ئیدی قەدەری گرێ مرازا گۆڕدرا، چوونکە گرێ مرازا بە یەکێک لە شوێنەوارە هەرە دێرینەکانی مێژووی مرۆڤایەتی دێتەئەژمار کە هەتا ئێستا ئاشکرا بووبێت.
ئەهرامەکانی میسر کە خاوەنی میژوویەکی دێرینن، هی 4500 ساڵ لەوەپێشن، ستۆنهانگ لە ئینگلیستان مێژووەکەی بۆ 5000 ساڵ لەوەپیش دەگەڕێتەوە کەچی مێژووی گرێ مرازا بۆ 12000 ساڵ لەوەپیش دەگەڕێتەوە و هێشتا لەو دەڤەرە و لە قاتەکانی ژێر زەویدا شوێنەواری ئەو شارستانیەتە دێرینە دەدۆزرینەوە.
زیاتر لە 200 ستوون لەناو کاڤلاندا دروست کراون، 20 ژووری جودا پێکدەهێنن و هەر ستوونێک 6 میتر بەرزە و قورساییەکەی 10 تەنە. لەسەر ستوونەکان و لەسەر دیوارەکان، وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵەکانی وەکوو وەردەک، بەرازی کیوی، گا، مار و تەیری کەلەخان کێشراونەتەوە. زۆر مۆتیفی ڕازدریش هەن.
ئەو کەسانەی کە گرێ مرازایان بینیوە 3 پرسیاری بنەڕەتییان لا دروست دەبێت:
پرسیاری یەکەم لە زەیهنی ئەو کەسانەدا کە گرێ مرازایان بینیوە: ئەو ستوونانە چۆناوچۆن گواستراونەتەوە بۆ گرێ مرازا؟ لە سەدەمیکدا کە هێشتا کشتوکاڵ نەدۆزرابوویەوە، کاتیک کە هیچکەس ئاسنی نەدیتبوو، کاتێک کە مرۆڤ هێشتا توانای دروست کردنی ئامرازی پیشکوتووی نەبوو، ئەو ستوونە بەردینە قورسانە چۆناوچۆن جێگیر کراون و ئەو کارە قورسە چۆناوچۆن ئۆرگانیزە کراوە؟
پرسیاری دووەمیش ئەویە: ئەو شوێنەوارە بۆچی بنیات نراوە؟
پرسیاری سیهەم: کێ ئەو شوێنەی بنیات ناوە؟
بەگشتی بیروڕاکان لەسەر ئەوە کۆکن کە گرێ مرازا، پەرستگە بووە نەوەک شوێنی ژیان و نیشتەجێبوون. واتە بەرلەوەی کە کشتوکاڵ پەیدا ببێت، بە هەزاران کەس لە دەوری یەک کۆ بوونەتەوە و گرووپی گەورەیان ڕێکخستووە و بە رەنج و زەحمەتێکی چەندین ساڵە، پەرستگەیەکیان بۆخۆیان دروست کردووە. بابەتی هەرە سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەو کەسانەی ئەو شوێنەیان دروست کردووە بۆچی دواتر بە خاک دایانپۆشیوە. ئەو شوێنەوارە میژووییە زۆر لایەنی شاراوەی هەیە کە هێشتا وەڵام نەدراونەتەوە. گرێ مرازا شوێنێکی وەها ئالۆزە کە هێندیک پێیان وایە “فەزاییەکان” ئەو شوێنەوارەیان دروست کردووە.
ئەو زانیاریانەی لەسەر گرێ مرازا، کە دەتوانێ ڕوانگەی ئێمە لەسەر مێژووی کۆمەڵگە بگۆڕێت، زۆربەی بە شاراوەیی دەهێڵدرێنەوە. لەبەر ئەوەی هەروەکوو “ئان هۆددەن” لە زانکۆی ستانفۆرد گوتوویەتی: “گرێ مرازا، هەموو شتێک دەگۆڕێت”. بێگومان ئەوانەی کە دەیانهەوێ ئەو گۆڕینە درێژە پێبدەن، زانیاریەکانی گرێ مرازا مانۆپۆل دەکەن.
هێندێک لێکۆڵینەوەی ئانترۆپۆلۆژیک هەن کە دەڵێن نموونەی DNA ئەو کەلەسەرانەی کە لەو شوێنەوارەدا ماوەن لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە هەنووکە لەو دەڤەرەدا دەژین یەکێکن. واتە ئەو خەڵکەی کە لە سەردەمی بنیاتنانی گرێ مرازادا ژیاون لەگەڵ ئەو کوردانەی کە هەنووکەش هەر لەو دەڤەرەدا دەژین، خاوەن “DNA”یەکی هاوبەشن. بە واتایەکی دیکە ئەو کەسانەی کە گرێ مرازایان بنیات ناوە بۆ هیچ شوێنێکی دیکە نەڕۆیشتوون و لە ڕاستیدا گرێ مرازا لەلایەن باوباپیرانی خەڵکی روحای باکووری کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەریەوە بنیات نراوە. سەرجەم لیکۆڵینەوە زانستیەکان دەیسەلمێنن کە دانیشتووانی گرێ مرازا، باوباپیرانی کوردانن.
تێستەکانی DNA ئیسباتیان کردووە کە نەتەوەی کورد لە 50 هەزار ساڵ لەوەپێشەوە لەناو سنوورەکانی کوردستاندا دەژین واتە گرێ مرازا پەیوەندیی بە مێژووی کوردانەوە هەیە. لێکۆڵینەوە ئارکەئۆکۆلۆژیک و ئانترۆپۆلۆژیەکان سەلماندوویانە کە کورد خاوەن چاند و مێژوویەکی وەها دێرین و کەڤناران و ژیار و شارستانییەتیان خوڵقاندووە. ڕاستە کە گرێ مرازا لەلایەکەوە تێگەیشتنە مێژووییەکان دەگۆرێت، بەڵام مێژووی دێرینی کوردان و رۆڵی نەتەوەی کورد لە خوڵقاندنی ژیار و شارستانیەتەکاندا پیشان دەدات.
شاردنەوەی زۆر پێگە و ناوە ناوە ڕاوەستاندنی لێکۆڵینەوەکان و داپۆشینی هێندێک دەڤەر، پەیوەندیی بەو گۆڕینانەوە هەیە کە گرێ مرازا لە مێژوودا پێکیان دەهێنێت. دیرۆکی گرێ مرازا، لووتکەی مێژووە.
گرێ مرازا، بابەتێکی زۆر گرینگە و پێویستە نەتەوەی کورد خاوەدارێتیی لێبکات.