دیار دێرسیم و بێڕێزی بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان…

دیار دێرسیم و بێڕێزی بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان...

دەوڵەت باخچەلی چەندە ئاڵای ڕەنگینی کوردستانی خۆشدەوێت، دیار دێرسیمیش هەر بەو ئەندازەیە خۆشیدەوێت.

ڕووداوەکانی کۆنسێرتەکەی گۆرانیبێژ دیار دێرسیم لە شاری شتوتگارت بووە ڕۆژەڤی میدیاکان. لە کاتی کۆنسێرتەکەدا ئاڵای کوردستان لەسەر شانی دیار دێرسیم دانرا و بەدوای ئەوەدا شەپۆلی مشتومڕەکان دەستی پێکرد.

کۆمەڵێک لە گەنجانی ڕۆژئاوای کوردستان، چوونە سەر شێنەکە و ئاڵای کوردستانیان لەسەر شانی دیار دانا. پاشان بەرپرسێکی ئەڵمانی هاتە سەر شانۆ و ئاڵاکەی لەسەر شانی هەڵگرت. دیار قۆڵی بۆ ئەو بەرپرسە درێژ کرد تا بێت و و ئاڵاکە هەڵبگرێت. پاشان دەمەقاڵێ لە نێوان بەرپرسانی هۆڵەکە و گەنجە کوردەکاندا دروست بوو.

ئێمە وانەیەکمان فێری ئەو کوردە نەتەوەپەرستە دواکەوتووانە کرد!!

لە ئەنجامدا ئەو ڕووداوە لە میدیاکانەوە بڵاوکرایەوە و لە لای کورد بوو بە بابەتێکی سەرەکی. کاتێک ڕووداوەکە سەرنجی خەڵکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، دیار دێرسیم و هونەرمەندانی پەکەکە بۆ بەرگریکردن لە دیار سەفەربەر کران. ئەگەر میدیاکان نەیانگوتبا، ئەوانەی بەرگرییان لە دیار دەکرد لە نێو خۆیاندا دەیانگوت، ئێمە وانەیەکمان فێری ئەم کوردە نەتەوەپەرستە کۆنەپەرستانە کرد و هتد… بەڵام کاتێک کە ڕووداوەکە لە میدیاکاندا بڵاو کرایەوە و کاردانەوەی ڕای گشتیی کورد و کوردستانیانی لێکەوتەوە، دۆخەکە گۆڕا. چوونکە لە کۆتاییدا، دیار دێرسیم هەر گۆرانی دەڵێت و داهاتێکی بەرچاو و تەنانەت زۆر باشیش لەم کارەدا بەدەست دەهێنێت. دیار هەندێک لایەنگری هەیە، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان و بێڕێزیکردنی دیار بە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان، زیان بە داراییەکەی و هەروەها ناوبانگیشی دەگەیەنێت. جگە لەوەش گۆرانییەکانی دیار بۆ پەکەکە ئامرازێکی پڕوپاگەندەی باشن. پەکەکە بەتایبەتی دیار دەهێنێتە کۆنسێرتەکانی قەندیل لە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی جەماوەری باشوور ڕابکێشێت. دیار کاریگەریی لەسەر گەنجان هەیە. بۆیە هەموویان هەوڵ دەدەن ناوبانگی دیار بە زیندووی بهێڵنەوە.

لە ڕوانگەی دیار دێرسیم و ئاپۆچییەکانەوە، ئەو گەنجانەی کە ئاڵای کوردستانیان بەرز کردۆتەوە، تێکدەرن

دیار و دەورووبەرە پەکەکەییەکەی، بە وتنی “باشترین بەرگری، هێرشکردنە”، هەمووانیان بەرەوڕووی ڕەخنە و تەنانەت سووکایەتیکردن کردەوە. بە گوتەی دیار و ئاپۆچییەکان؛ ئەو سێ گەنجە لەبەر ئەوەی کە ئاڵای کوردستانیان خۆشیان دەوێت و لەگەڵ خۆیان هێناویانەتە ناو هۆڵی کۆنسێرتەکە، تێکدەر و ئاژاوەگێڕن. ئەو کوردانەش کە هەوڵیاندا دەستوەردان بکەن، ئەوانیش وەک تێکدەرەکانن، دلبخوین داراش لەبەر بڵاوکردنەوەیئەو هەواڵە، هاوشیوەی تێکدەرانە، ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییانەش کە گرتە ڤیدیۆییەکەیان بڵاوکردەوە، خزمەتکاری دوژمنن، ئەو کوردانەش کە لە سۆشیال میدیا ڕەخنەیان لێ گرتووە، وەک بەستراوە و لایەنگری “دەوڵەتی تورک” پێناسە دەکرێن. بەکورتی ئاپۆچییەکان دەڵێن جگە لە دیار هەموو کەسێک تاوانبارە، پیلان و ئاژاوەگێڕییەک لە دژی دیار دێرسیم هەیە.

ئەمە یەکەمجار نیە کە دیار دێرسیم ئاڵای کوردستان دەخاتە سەر زەوی

تەنها چەند مانگێک لەمەوبەر و لە مانگی شوباتدا، دیار دێرسیم لە سلێمانی ئەو ئاڵایەی کوردستانی فڕێدایە سەر زەوی کە لەسەر شانی دانرابوو. کاتێک ڕووبەڕووی کاردانەوەی خەڵک بوویەوە، هات و وتی: “نا، وەهاا نەبووە، من ئاڵاکەم نەبینیبوو”. بەداخەوە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە باشووری کوردستان بە تایبەت کەناڵی ڕوداوو، ڕیزیان بەست بۆ بڵاوکردنەوەی لێدوانەکەی دیار دێرسیم و کاردانەوەی گەلی کوردستانیان بێ واتا کرد.

ئێستا، پرسیار ئەوەیە، “بۆچی دیار دێرسیم، و نە کەسێکی تر، بە ئاڵای کوردستان دەبێت بە ڕۆژەڤ؟”

نابێت کەس تووڕە بێت، لە شوێنێک کە ئاگر نەبێت، دووکەڵ بەدیار ناکەوێت”. کەس دیار دێرسیم تۆمەتبار ناکات. تەنها  هەستی ڕاستەقینەی دیار لە کردەوەکانیدا بەدیار دەکەوێت و خەڵک تێبینی دەکەن. دواتر بۆ ئەوەی خۆی لە کاردانەوەی گەل بەدوور بگرێت، هەوڵ دەدات کە کردەوەکانی خۆی پەردەپۆش بکات. ئەگەر بەراستی دیار دێرسیم ڕێزی لە ئاڵای کوردستان بگرتبا، کاتێک ئەو ژنە بەرپرسە ئاڵاکەی لە شانی هەڵگرت وازی لە ژەنینی ئامێری مۆسیقا دەهێنا و دەستوەردانی لە دۆخەکەدا دەکرد و لە پاڵ لاوانی کورد دەوەستا. بەڵام ئەو چیی کرد؟ قۆڵی بۆ ژنە بەرپرسەکە ڕاکێشا و کاتێک دۆخەکە گەرم دەبێت، هەڵدەستێت و بەسەر گەنجە کوردەکاندا هاوار دەکات و دەڵێت: “دەتانهەوێت چی بکەن؟” پاشان کاتێک تێدەگات کە زێدەڕۆیی کردووە، دەڵێت: “هەرکەسێک ئاڵای خۆی هەیە و هتد…”.

دیار دێرسیم ئاڵای کوردستان و وێنەی ئۆجەلان هاوتا دەکات

سەرنج بدەن، دیار دێرسیم لە کۆنسێرتەکەدا نادادپەروەری و سووکایەتیکردن بە ئاڵای کوردستان نابینێت؛ وەک ئەوە قسە دەکات کە لابردنی ئەو ئاڵایە تەواو ئاسایی بێت. ئەو بەرگری لە ئاڵاکە ناکات، بەڵکوو بەرگری لە خۆی دەکات. هەروەها لە قسەکانیدا ئاڵای کوردستان لەگەڵ وێنەی ئۆجەلان هاوتا دەکات و دەڵێت وێنەی ئۆجەلانیش نمایشکراوە. ئاڵای کوردستان بە ئاڵای “باشووری کوردستان” پێناسە دەکات و ناڵێ ئاڵای کوردستان. جگە لەوەش ئەو کەسانەی ئاڵاکەیان نمایش کردووە بە “ئاژاوەگێڕ” ناودەبات. ئەوەندەی ئێمە ئاگادارین، تا ئێستا ئەوانەی نمایشکردنی ئاڵای کوردستانیان بە تێکدان و ئاژاوەگێڕی زانیوە، تەنها ڕەگەزپەرستانی تورک و ئەندامی مەهەپە بوون. ئایا دیار دێرسیم ئەندامی مەهەپەیە کە ئەو کەسانە بە ئاژاوەگێڕ و تێکدەر دەزانێت کەوا ئاڵای کوردستان نمایش دەکەن و بەرزی دەکەنەوە؟ لە ئێستادا هێڵی ئاپۆچی و هێڵی مەهەپە لەسەر یەک بنەما کاردەکەن، ئەویش لەناوبردنی بەها و نرخە پیرۆزە کوردستانییەکانە.

لەئێستادا ئەو سەرەڕای ئەو بێڕێزیکردنە، کەچی خوازیارە کە داوای لێبووردنی لێبکرێت و دەڵێ: “من 40 ساڵە مۆسیقا بەرهەم دەهێنم، ڕێگا نادەم کە هیچکەسێک بەرهەمی زەحمەتەکانم بخوات”.

دیار دێرسیم، پێشمەرگەشی بە جاش ناوبردبوو

دەڵێن “ئەرشیف لەبیرناکرێت”، با وەبیری دیار دێرسیمی بهێنینەوە کە 5 ساڵ لەمەوبەر سەبارەت بە شەڕ و جوگرافیا کە هەرگیز لێی تێنەگەیشتووە، وتی: “پێشمەرگە کەری تورکیان و لەگەڵ چەکدارانی تورکدا بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکان دەکەن”. دیار دێرسیم، بزاڤ و خەباتی 100 ساڵەی پێشمەرگەی بە “جاش ـ کەر” ناوبرد. دیار، تۆ بێڕێزی و سوکایەتیت بە بەها و نرخی کوردان کرد، تۆ درۆت کرد، تۆ بە ئەنقەست تۆوی دوژمنایەتیت لە نێو کورداندا چاند، ئایا قەد داوای لێبوردنت لە پێشمەرگە کرد؟

باخچەلی چەندی کەیف بە ئاڵای کوردستان دێت، دیار دێرسیمیش هەر ئەوەندەی خۆش دەوێت

ئەگەر میدیاکان بە تایبەت ڕوداوو کە دیار و پەکەکە هەوڵدەدەن فشاری بخەنەسەر بۆ ئەوەی داوای لێبوردن بکات و هەڵەکانی پاک بکاتەوە، بکەونە ناو یەو گەمەیە و دیار بە بێتاوان بناسێنن، بێگومان ئەوان لە دیار خراپتر ڕەزیل دەبن. با دیار ناوی خۆی بە کردەوە پاک بکاتەوە، ئەگەر بۆخۆی بیهەوێت. پێویست ناکات دلبیخوین یان پەیامنێرەکانی تر پێیدا هەڵبڵێن بن و ناوبانگەکەی پاک بکەنەوە.

بۆ ئێمە، ئەمە ڕوونە: دەوڵەت باخچەلی چەندە ئاڵای ڕەنگینی کوردستانی خۆشدەوێت، دیار دێرسیمیش هەر بەو ئەندازەیە خۆشیدەوێت.

Share