لە دەوڵەتی کوردییەوە بۆ دیموکراسیی تورکی: ئایا ڕێگاکە گۆڕاوە یان ئامانجەکە؟

ئەو وەرچەرخانە فیکری و ئایدۆلۆژییانەی کە تەڤگەرەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم دەیان ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە، سەنگی گەنگەشەی فەلسەفییان بەرەو شوێنێکی تەواو جیاواز بردووە.
✍️ سمکۆ عەبدولعەزیز
لە مێژووی گەلاندا گەورەترین شۆڕش ئەو شۆڕشانە نین کە لە بەرەکانی شەڕدا ڕوودەدەن، بەڵکو ئەو شۆڕشانەن کە لە عەقڵییەت و هزرەکاندا شین دەبن و ڕوودەدەن.
فیشەکێک دەتوانێت ساڵانێک یان دەیان ساڵ هاوسەنگی هێز بگۆڕێت، بەڵام بیرێکی فەلسەفی دەتوانێت چارەنووسی نەتەوەیەک بۆ چەندین سەدە بگۆڕێت.
لەم ڕوانگەیەوە، مرۆڤ ناتوانێت سەیری “نەخشەڕێگا”ی ئەم دواییانە بکات کە لە دوورگەی ئیمرالیەوە سەریهەڵدا و گفتوگۆکانی دواتریش لەسەر یاسای چوارچێوەیی و مۆزایککردنی پڕۆسەی ئاشتی، وەک دەستپێشخەرییەکی سیاسی دەربازبوو یان هەوڵێکی تاکتیکی بۆ کردنەوەی دەرگای دانوستانێکی نوێ لە نێوان بزووتنەوەی کورد و دەوڵەتی تورکدا ببینرێت، چونکە مەسەلەکە لێرەدا لە وردەکاریی سیاسیی ڕۆژانە و کلیدۆرەکانی پەرلەمان تێدەپەڕێت و دەچێتە سەر جەوهەری هەبوون و فەلسەفەی ئەو پرسیارەی کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوودا لەگەڵ دۆزی کورد بووە. لە ئەنجامدا کورد چییان دەوێ؟
لە ڕووکەشدا پرسیارێکی سادە دەردەکەوێ، بەڵام لە واقیعدا مەترسیدارترین و هەستیارترین پرسیارە لە مێژووی بزووتنەوەی سیاسی هاوچەرخی کورددا.
چونکە لە ماوەی دەیان ساڵەی قوربانیداندا، هۆشیاریی و ویژدانی گشتیی کورد لە دەور هزرێکی ناوەندیی ڕوون و دیاریکراو بنیات نرابوو: نەتەوەیەکی کورد هەیە کە جوگرافیایەکی مێژوویی و شوناسێکی تایبەت و زمانی دایکی و یادەوەرییەکی بەنرخی شۆڕش و دەربەدەری و گۆڕی بەکۆمەڵی هەیە.
لەم واقیعە زیندووەوە، داخوازی بۆ مافە نەتەوەییە بەهێزەکان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە “مافی سروشتی بڕیاردان لەسەر چارەنووس” و سەروەری بەسەر خاکدا دەستی پێکرد.
بەڵام ئەو وەرچەرخانە فیکری و ئایدۆلۆژییانەی کە تەڤگەرەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەم دەیان ساڵەی دواییدا بەخۆیەوە بینیوە، سەنگی گەنگەشەی فەلسەفییان بەرەو شوێنێکی تەواو جیاواز بردووە.
قسەکردن لەسەر دەوڵەتی کوردی یان سەروەری نەتەوەیی یان مافی چارەی خۆنووسین چیتر لە ئەدەبیاتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی بە مانای کلاسیکی دانپێدانان نابیندرێت. بەڵکوو تەوەری ئاخاوتنەکە لە دەور بە دیموکراتیک کردنی دەوڵەتی تورک بووەتە ڕۆژەڤی بزاڤی سیاسیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان (بەرفراوانکردنی فەزای هاووڵاتیبوون و بنیاتنانی مۆدێلێکی پۆست ـ نەتەوەیی کە بە نەتەوەی دیموکراتیک) دەناسرێت.
لێرەشدا پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: ئایا ئێمە تەنها لەبەردەم گۆڕانی ئامراز و کەرەستەکانین؟ یان لەگەڵ سەرلەنوێ داڕشتنەوە و گۆڕانی خودی ئامانج و ویستەکاندا بەرەوڕووین؟