ڕێباز چۆن بوو بە کوردستانی؟؟؟

ڕێباز چۆن بوو بە کوردستانی؟؟؟

ئەم ڕێبازە پیرۆزە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی هەر چوار پارچەی کوردستان دانراوە…

بووبێ ئەسەر

لەم وتارەدا و لە بابەتەکانی داهاتوودا تیشک دەخەمە سەر کوردستانیبوونی ڕێباز. لەبەرچی و بۆچی و چۆن ئەم ڕێبازە کوردستانییە. بەهۆی گرنگی و بەهای ئەم ڕێبازە کەوا کاریگەرییەکانی زۆر بە ئاشکرا و بە ڕوونی لە پارچەکانی دیکەشدا دەبینرێت. ئەمەش پێمان دەڵێت کە ئەم ڕێبازە تەنها بۆ پارچەیەک یان هەرێمیک نییە، بەڵکوو بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستانی گەورەیە.

بۆیە ئێستا ئەوە ڕوون دەکەمەوە کە ئەم ڕێبازە پیرۆزە لە کام پارچەی کوردستان، چی کردووە و  چ شۆڕشێکی بەرپا کردووە. ڕوونی دەکەمەوە تا بزانرێت بۆ ئازادیی هەرکام لە پارچەکان چ نرخ و کار و ماندووبوونێک دراوە و کراوە و لەسەر شایستەییەکانی دەنووسم. من بۆ ئەوە دەنووسم کە ئێمە و ئێوەش وەکوو نەتەوەی کورد بەتەواوی، ئەم ڕێبازە یان فەلسەفەیەی خۆمان بە تەواوی بناسین. بە ناسینی ئەم ڕێبازە، دەتوانین خۆشمان باشتر بناسین.

  تا ئەو ڕێبازە بە باشی نەزانین، یەک بە یەک لەسەر خاڵەکانی ڕاوەستە نەکەین، ناتوانین لەسەر بنەمای حەقێقەت و بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی و بە متمانە بەخۆبوونەوە، خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان بکەین.

لەم بابەتەدا بەشێک لەم بابەتە ڕوون دەکەمەوە. کاتێک تەماشای مێژووی گەلەکەمان دەکەین، دەبینین لەسەردەمی دەوڵەتی ئالی عوسمانی (ئیمپراتۆریەتی عوسمانی)دا بەهۆی ئەو دڕندەیی و ناعەدالەتییەی بەرامبەر کوردیان دەکرد، شێخ عەبدولسەلام بارزانی دژایەتی ئەو هەڵوێستەی دەوڵەتی عوسمانی کرد و لەپێناو مافی کورداندا واتە لەپێناو ئەوەدا کە کورد لەناو ئەو دەوڵەتەدا مافی خۆی هەبێت و بتوانێت کارەکانی خۆی بە دەستی خۆی بەڕێوە ببات، ڕاپەڕی و شۆڕشێکی بەرپا کرد.

بەڵام بەداخەوە بەهۆی خۆفرۆشە کوردەکانەوە، شۆڕشەکە سەرنەکەوت. شێخ عەبدولسەلام لەلایەن حکومەتەوە و بەهاوکاری بەشێک لە سیخوڕەکانی دەستگیرکرا و لە شاری مووسڵ لەسێدارە درا. دوای ئەمەش بارزانییەکان بە سەرکردایەتی شێخ ئەحمەد لەگەڵ بارزانیی نەمر لە بەرانبەر حکوومەتی عێراقدا ڕاپەڕین، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.

لەبەر خاتری ئەوەی کە کورد بەتەواوی لەناو نەچن و نەفەوتن، ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد. لەوێ، کاتێک بارزانیەکان بینیان جووڵانەوە و بزووتنەوەیەکی هێڵی نەتەوەیی گەلی کورد هەیە کە لە دژی حکوومەتی ئێران ڕاپەڕیوە، بارزانییەکان بەبێ دوودڵی بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە هاوکاریی شۆڕشەکەیان کرد. شانبەشانی یەکتر، لەگەڵ برا کوردەکانیان لە ڕۆژهەڵات، بە سەرپەرشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەو حیزبە پێشەوا قازی، خەبات و  تێکۆشانیان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەستپێکرد.

لە شەڕی سەربەخۆیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بارزانی نەمر بوو بە یەکەم ژەنەراڵی کورد. ئەوەش پێمان دەڵێت کە شەڕی بارزانیەکان دژ بە داگیرکەران، هەر لەسەرەتاوە لەسەر هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی بنیات نراوە و هەتا ئێستاش هەر لەسەر ئەو هێڵە بەردەوامە. بارزانیی نەمر لەبەر خەبات و هەوڵ و تێکۆشانەکانی لە پاڵپشتی کردنی برا کوردەکانیدا خەڵاتی جەنەڕاڵیی وەرگرت.

لێرەدا دەبینین کە ئەم ڕێبازە، ڕێبازی هەموو گەلی کوردە و لە سایەی ئەو ڕێبازەدا نەتەوەی کورد دەتوانێت خۆی بگەیەنێت بە کوردستانی گەورە. لەڕاستیدا ئامانج و هەدەفی ئەم ڕێبازەش هەر ئەمەیە. هەر بۆیە بە گرنگم زانی باس لەوە بکەم و لەسەری بنووسم کە ئەم ڕێبازە پیرۆزە لە سەرەتاوە تا ئێستا چۆناوچۆن پاڵپشتیی لە براکانی خۆی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کردووە. من دەنووسم بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی ئەم ڕێبازە وەکوو ڕێبازی هەموو گەلی کورد دەزانین و دەیناسین.

بەڵام لە سایەی هاوکاریی هەندێک وڵاتی گەورە کە پشتیوانییان لە  ئێران کرد، کۆماری کوردستان تەنها توانی بۆ ماوەی ساڵێک لە مەهاباد بەردەوام بێت و دواتر ڕووخا یان باشتر بڵێین ڕووخاندیان. پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بارزانی مەزن درکی بەوە کرد کە ئەگەر خۆی و پێشمەرگەکانی خۆیان لە رق ق قین و غەزەبی دەسەلاتدارانی فارس نەپارێزن، هەم خۆی و هەم خەونی کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ لەناو دەچێت.

لەبەر ئەوەی کە کورد بەتەواوەتی لەناو نەچێت و دەرفەتێک  دروست ببێت بۆ ئەوەی جاریکی دیکە شەڕی مان و نەمانی کوردستان بکەن، ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر لە یەکێتی سۆڤیەتدا دەمێننەوە. چیرۆکی بارزانیەکان کاتێک لە یەکێتی سۆڤیەت بوون، چییان بینی و چییان بەسەر هات، خۆی لە خۆیدا ڕۆمانێکە. بەڵام نژاری ئێمە لەم وتارەدا ئەو باسە نییە.

کاتێک بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت گەڕایەوە، وەکوو زۆرجار دیسان حکومەتی عێراق ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکرد کە بە بارزانیەکانی دابوون. هەر بۆیە کورد ناچار بوو دیسان لەهەمبەر زوڵم و ستەم و زۆرداریی عێراقدا، شەڕی مان و نەمانی گەلەکەی دەستپێبکاتەوە.

هەر لەبەر ئەوەش بوو شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی 1961 بە سەرپەرشتی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر و هێزی پێشمەرگە قارەمانەکان دەستی پێکرد.

لە بابەتی داهاتوودا تیشک دەخەمە سەر شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و ڕاوەستە لەسەر بەها و ئامانجەکەی دەکەم و باس لەوە دەکەم کە ڕێباز لەو شۆڕشەدا چۆناوچۆن ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی جێبەجێ کردووە.

گرنگ و پێویستە ئەم ڕێبازە پیرۆزە بناسین. هەروەها دەبێت کردە و پراکتیکەکانی بزانین، واتە شۆڕشەکانی ئەو ڕێبازە لە هەر چوار پارچەکەشدا بە باشی بناسین بۆ ئەوەی بزانین ئەم ڕێبازە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی هەر چوار پارچەی کوردستان دانراوە…

Share