ڕۆژئاڤا چۆن ڕزگار دەکرێت؟ کورد دەبێ چی بکات؟

ڕۆژئاڤا چۆن ڕزگار دەکرێت؟ کورد دەبێ چی بکات؟

ئێمەی کورد نەتەوەیەکی گەمارۆدراوین و تاکە شتێک کە ڕزگارمان دەکات، خۆمانین، واتە هۆشمەندیی نەتەوەیی خۆمانە.

ڕۆژئاڤای کوردستان لەژێر هێرشێکی گەورەدایە. خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاڤا ناچار بوو کە لە بەشێکی زۆری ئەو خاک و سەرچاوە وزەیانەی کە کۆنترۆڵی کردبوون، بکشێتەوە. هەرچەندە لە 20ی ژانویە ئاگربەستی چوار ڕۆژە ڕاگەیەندرا، بەڵام لە کۆتایی ئاگربەستەکەدا هیچ ڕووناکییەکی ئەرێنی نییە. کەواتە ڕۆژئاڤا چۆن ڕزگار دەکرێت؟ ئایا ئێمە دەبێ لە تەلەفزیۆنەکانەوە ڕاستەوخۆ سەیری کاولکاری و لەناوبردنی کورد بکەین؟ کورد دەبێ چی بکات؟ هەڵەی کورد لە کوێ بوو؟

لەم قۆناخەدا کورد لە هەموو کەس زیاتر بەرخۆدانی کرد، قارەمانێتی نیشان دا و لە شەڕدا سەرکەوتوو بوو، بەڵام کاتێک مێزی دیپلۆماسی-سیاسی دانرا، کورد مەحکوم بە دۆڕان کرا. بۆچی؟

ھەندێک دەڵێن، “نابێت کورد لەم قۆناخەدا ڕەخنە لە یەکتر بگرن و نابێت لاپەڕەکانی ڕابردوو هەڵبدەنەوە”. ڕەنگە ئەمە تا ڕادەیەک ڕاست بنوێنێت، بەڵام ئەگەر بە ڕوونی باس لەوە نەکەین کە هەڵەکان لە کوێدا کراون، ئەوا لە مەترسییەکانی داهاتوودا هەمان ئەو هەڵانە دووبارە دەکەینەوە. بۆیە پێویستە بە شێوەیەکی دروست ئەو خاڵانە دەستنیشان بکەین کە هەڵەکانیان تێیدا کراوە.

کورد دەبێ بە “هۆشمەندییەکی نەتەوەیی”یەوە مامەڵە بکات

لەڕاستیدا کورد لە هەموو پرسێکدا نەگەیشتووەتە خاڵی کۆتایی، بەڵام حیساباتی سیاسی بە تەواوی لە بەرژەوەندیی کورددا نییە. زلهێزە ناوچەییە ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکان ڕێککەوتوون. ئەوان نایانهەوێت لە ڕۆژئاڤا جگە لە هاووڵاتیبوونی تاکەکەسی هیچ مافێک بە کورد بدەن. واتە کورد وەک تاک نەک وەکوو نەتەوەیەک، نە وەک میللەتێک، تێکەڵ بە دەوڵەتی سووریا بکەن. چونکە کورد وەک نەتەوە مامەڵەی نەکردووە. هەر لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە، تورک و عەرەب و هتد…، هەموویان بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دەوڵەتیی خۆیان هەڵسوکەوتیان کردووە، چونکە خاوەن هۆشێکی نەتەوەیی و هۆشێکی دەوڵەتداری بوون.

تا ئەم “هۆشیارییە نەتەوەییە”، ئەم “هۆشیاریی دەوڵەتبوونە” لەناو کورددا دروست نەبێت، ئێمە دەبێ بۆ هەتاهەتایە هەر بەرخۆدان بکەین، ئێمە دەبێ هەمیشە هەر شەڕ بکەین، هەمیشە ڕاستگۆ بین، بەڵام بە هیچ شوێنێک ناگەین. چونکە سیستەمی جیهانی لەسەر نەتەوە و دەوڵەتەکان بنیات نراوە. ئێمەی کورد بۆ ئەوەی بتوانین بەشداری لە سیستەمەکەدا بکەین، پێویستە هەمان ئارگیومێنت و هەمان هۆشمەندیمان هەبێت. وەک چۆن لە کێبڕکێیەکی ئوتۆمبێلەکاندا لەسەر ڕێگایەکی خێرا بە خێرایی 130 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، ناتوانیت بە پاسکیڵێکەوە بڵێیت “دەمەوێت بەشداری یارییەکە بکەم و لە ئۆتۆمبێلەکان ببەمەوە”، بە هەمانشێوە ناتوانیت بە دەستەواژەکانی “کۆمۆنیزم”، “ئایدۆلۆژیا”، “ئیکۆلۆژی” و هتد…، بەشداریی لە سیستەمێکدا بکەیت کە لەسەر بنەمای دەوڵەت و نەتەوە و بەرژەوەندییەکان بنیات نراوە. کورد دەبێ بە “هۆشمەندیی نەتەوەیی”یەوە مامەڵە بکات. کورد دەبێت بە هۆشیارییەکی نەتەوەییەوە مامەڵە بکات کە بگاتە ئاستی هێزێک کە بە دەوڵەتێک بەراورد بکرێت.

کورد ناتوانێت بە پێی هەست و سۆز مامەڵە بکات

سەیرکە ئەمڕۆکە ڕۆژئاڤا لە دۆخێکی زۆر دژواردایە. هەموومان زۆر توڕەین، چەندین ڕۆژە کە خەومان لێ حەرام بووە و ناتوانین ئەم کارەساتە لەبیر بکەین.

گەلی کورد چی دەکات؟ خەڵک لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتی دەردەبڕن، لە سۆشیال میدیا چالاکن. هەمووان دەڵێن “وەرن با بچینە ڕۆژئاڤا”، هەندێک دەڵێن دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان خیانەتیان لێکردین، بۆیە با نەفرەتیان لێبکەین”. بانگەواز بۆ ئایین و ویژدان و ئیمان دەکرێت. دەڵێن “دەروازەی سنووری سێمالکا لە باشوور بکەنەوە تا بتوانین بچین و هاوکاری بکەین”. (دیارە دەروازەی سنووری سێمالکا دانەخراوە؛ گواستنەوەی خواردن و کەلوپەلی دیکە و بازرگانی بەردەوامە. خەڵکی سڤیل لە ڕۆژانی دیاریکراوی هەفتەدا بەبێ هیچ کێشەیەک دێن و دەڕۆن). دەڵێن “با پێشمەرگە بچێتە حەسەکە”.

ئێستا، ئەمانە داواکاریی خەڵکن، ئایا ئەم داواکاریانە ڕاستەقینەن؟ زۆر ڕاستە کە خەڵک لەسەر شەقامەکان بن و بۆ ڕۆژئاڤا ئەگەر پێویست بکات دەبێ مردنیش لەبەرچاو بگیردرێت. بەڵام هەموو ئەو دروشمانەی دەگوترێ ڕاستەقینە نین. چونکە هەندێکیان تەنها بەرهەمی بیرکردنەوەی سۆزدارانە و تووڕەیین. بۆ نموونە لە تیک تۆک گرتەیەکی ڤیدیۆیی دروستکرا کە تێیدا نووسراوە “مەزڵووم عبدی ـ OF، شاهین جیلۆ ـ ON” و داوای گەڕانەوەی فەرماندەی هەسەدە بۆ ناسنامەی پەکەکەبوونەکەی دەکات. کۆمەڵێک فیگەری زۆر جوانیان دروست کردووە؛ وێنەکان کاتێک سەیریان دەکەین، زۆر جوان دەردەکەون، بەڵام گەڕاندنەوەی کادیرانی ڕۆژئاڤا بۆ ناسنامە پەکەکەییەکانیان، چارەسەر نییە. بەپێچەوانەوە ڕۆژئاڤا ڕێک لەبەرئەوە کەوتۆتە ئەو دۆخەی ئێستاوە، کە ناتوانێ بە هیچ شێوەیەک خۆی لە ئەندامانی پەکەکە جیا بکاتەوە. ئێستا پێویستە چی بکەین، ئایا ئێمە بە دوای تیکتۆکەرێکدا بچین تەنها لەبەر ئەوەی کە وێنەیەکی جوانی دروست کردووە؟ نەخێر، ڕۆژئاڤا بە هەست و سۆز و تووڕەیی و فرمێسک ڕزگار ناکرێ. پێویستمان بە سیاسەتمەداران هەیە بۆ ئەوەی کە هۆشیارییەکی نەتەوەیی دروست بکەن.

پێویستە ڕۆڵی نەرێنی پەکەکە و ئۆجەلان بە ڕوونی ببینرێت

پەکەکە و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕۆڵێکی گەورەیان لە دۆخی ئێستای ڕۆژئاڤادا هەبوو. پەیڤە ئیدئۆلۆژیکەکانی ئۆجەلان لە ڕۆژئاڤا شکستیان هێناوە. جگە لەو پارادایم و ڕەخنە فیکرییانە، پەکەکەلە کردەوەدا ڕۆژئاوای کوردستان وەک موڵکێک بۆ “شەرعیەتدان و بەهێزکردنی دەسەڵاتداریی خۆی” دەبینێت.

پەکەکە، تەنها بۆ ئەوەی ڕۆژئاڤا بە تەنهایی بمێنێتەوە، لە ساڵی 2013دا ڕێگریی لە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کرد کە پلانی بۆ داڕێژرابوو لە هەولێر بەڕیوەبچێت. ئەمەی کرد، چونکە پێی وابوو ئەگەر کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت، “بارزانی و لایەنەکانی دیکەش لە ڕۆژئاڤا کاریگەر دەبن”. پەکەکە ڕێگری لە سێ ڕێککەوتن کرد کە هێزەکانی ڕۆژئاڤا لە هەولێر و دهۆک بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی هاوبەش واژۆیان کردبوو. مەرجیان هەبوو، ئەوان لەبری ئەوەی لەگەڵ ئەو هێزە کوردییانە بگەنە ڕێککەوتن، چوونە پاڵ ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و دژایەتی پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە)یان کرد. بەڵام ئەگەر ئەو کاتە واتا لە ساڵی 2012دا ڕێککەوتنێک کرابا، دەبوو هەموو شتێک زۆر جیاواز بێت. پەکەکە و ئۆجەلان ڕۆژئاڤایان وەکوو مەیدانێک دەبینی کە دەتوانن بە هەمووانی بیفرۆشن و بۆخۆیان ئیمتیازات بەدەست بهێنن. ئەوان ناسنامەی کوردایەتی ڕۆژئاڤایان فرۆشت و لە ناویان برد. لە ساڵی 2012 بەملاوە سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا دەڵێن “ئێمە دەوڵەتمان ناوێت، فیدراڵیزممان ناوێت، نامانهەوێت سنوورەکان بگۆڕین، سیستەمێکی وەک باشووری کوردستانمان ناوێت” و لە بنەڕەتدا داوای “هیچ” شتێکیان نەکردووە. و ئێستاش “هیچ شتێک” نادرێت بە ڕۆژئاڤا و ئەمەش دەرئەنجامی پەکەکەیە.

لە 19ی ژانویە، ئەو ڕۆژەی کە بارودۆخی ڕۆژئاڤا لەوپەڕی خراپی خۆیدا بوو و کورد نیگەران بوو، دەزگای میدیایی سەرەکیی پەکەکە، (ANF)، ڕاپۆرتێکی تایبەتی بەناونیشانی “بۆچی کۆمۆنەکان پێویستن؟” بڵاو کردەوە و باسی لە پەیوەندیی نێوان دیموکراسی و کۆمۆنەکان دەکرد. کامە کۆمۆن، چ ئۆجەلانێک و چ ئایدۆلۆژیایەک؟ ئایا ئێستا کاتی ئەم باسە گاڵتەجاڕانەیە؟ بایک، کاڵکان، هۆزات لە کوێن؟ ئەوان لە هیچ شوێنێکدا دیار نین.

ئەگەر دەستەواژەکە ڕاست بێت، پەکەکە ڕۆژئاڤای مژی و وشکی کرد، ڕۆژئاڤای ئیستغلال کرد و خستیە سەر شانی بارزانیەکان. ئێستا هەمووان دەڵێن “با بارزانی ڕۆڵ بگێڕێت”.

کورد تەنها لە ڕێگەی “هۆشیاریی نەتەوەیی”یەوە لە وردوخاشبوون لە نێوان بەرەی “شیعە-سوننە”دا ڕزگاری دەبێت.

هەموو پارتە سیاسییەکان لەسەر ڕۆژئاڤا یەک شت دەڵێن، بەڵام مەسەلە گوتنی شتەکە نیە، مەسەلەکە بریتییە لە “یەکگرتوویی و مامەڵەکردنە بە هۆشمەندیی نەتەوەییەوە”.

سەردانە لەناکاوەکەی سەرۆک بارزانی بۆ ئەوروپا و کۆکردنەوەی هەموو سەرچاوەکان لەلایەن ئەوەوە زۆر گرنگە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە جگە لە بارزانییەکان هیچ کەسێکی تر ناتوانێت هیچ بۆ ڕۆژئاڤا بکات. بەڵام دیسانیش پەکەکە هەر بەرەو لایەنێک ڕایدەکێشێت و یەنەکەش بە ئاراستەیەکی تردا. ئەوان هێشتاش هەر زۆر دەترسن لەوەی کە بارزانی وەک نوێنەر وەردەگیردرێت و ئەوان قبووڵ ناکرێن. دەبێت بزانرێت کە گەلەکۆمە و پیلانێکی گەورە لە دژی کورد لەئارادایە.

سەیرکە ڕۆژئاڤا ئێستا لەبەردەم هەڕەشەی جینۆساید و قڕکردندایە. تەنانەت دوژمنایەتی لە دژی هەموو کورد هەیە. ڕەنگە ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا یەکەم تاقیکردنەوەی پیلانێکی گەورەتر لە دژی کورد بن. ئینگلیز لە مێژوودا سیاسەتێکی هەبوو بۆ بەکارهێنانی کورد لە دژی سوننە و پێدەچێت ئەمە بەردەوام بێت. بێگومان هێزەکانی تریش ئامانجی خۆیان هەیە. ئێستا لە ململانێی سوننە و شیعەدا، ڕەنگە کورد لە ناو ئاگری دووڕێیانێکدا ئاسێ ببێت. لەوانەیە هەوڵێک هەبێت بۆ ئەوەی کە پێکدادانێک لەنێوان عەرەب و کورددا دروست بکەن. مەترسییەکی گەورە هەیە. ئەگەر هەوڵەکانی پاراستنی ڕۆژئاڤا بە باشی ئەنجام نەدرێن، تەنانەت ڕەنگە ببینین کە لەگەڵ حەشدی شەعبی دژی سوننەکان شەڕ دەکەن! بۆیە لە کاتێکدا هەوڵی ڕزگارکردنی ڕۆژئاڤا دەدەین، با نەگەینە خاڵی “یان هەموو شتێک یان هیچ شتێک”. چەند شتێک هەیە کە پێویستە لەسەر ئەم بابەتە بگوترێ. دەتوانێ چی بۆ ڕۆژئاڤا بکرێت؟

ئایا کورد پاڵی پێوە دەنرێت بۆ ئەوەی شانبەشانی حەشدی شەعبی دژی سوننە شەڕ بکات؟

هەڵوێستی یەنەکە بەرامبەر ڕۆژئاڤا، ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا ڕاستیش بنوێنێت، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڵەیە. یەکەم؛ ئەو ناتوانێ بە خوڵقاندنی دوژمنایەتی، شکست بە بنەماڵەی بارزانی بهێنێت کە تاکە هێزی نەتەوەییە کەوا دەتوانێت ڕۆژئاڤا ڕزگار بکات. بۆیە جدی و دڵسۆز نین. دووەم؛ یەنەکە بەپێی ئەجێندای ئێرانی و شیعەکان هەڵسوکەوت دەکات و بە هەندێک لەو پسکەپسکانەی کە هەندێک جار لە بەریتانیەکانەوە دەیبیستین، بە کردارەکانی ڕۆژانەی خۆیانەوە هەموو کورد دەخاتە ژێر مەترسیەوە.

یەنەکە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا گوتی، “ئێمە هێزە سەربازییەکانمان ڕەوانەی حەسەکە کردووە”. ئەم ڤیدۆیە و لێدوانەکانی وەک ئەمانە تەنها پڕوپاگەندەن و زیانیان بۆ کورد، لە سوودەکەی زیاترە. با لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بکەین… ئێستا، سەیرکەن بزانن کە هێزەکانی یەنەکە چۆن گەیشتوونەتە حەسەکە؟ ئەوان لە سنووری سێمالکاوە نەڕۆیشتوون، بەڵکوو لە سنوورێکەوە پەڕیونەتەوە کە حەشدی شەعبی کۆنترۆڵی دەکات. وەرن با ئەمە هەڵسەنگێنین: یەکێتی هاوپەیمانی حەشدی شەعبییە، حەشدی شەعبی دژی ئەمریکایە و لەئێستاشدا دژی ئەحمەد شەرعە. کەرکووک لەژێر داگیرکاریی حەشدی شەعبی و عێراقدایە، بەڵام حەشدی شەعبی دەیهەوێت یەنەکە بچێتە حەسەکە بۆ ئەوەی بەرگری لە کورد بکات. ئایا یەنەکە بەناوی کوردەوە چووەتە حەسەکە یان بەناوی حەشدی شەعبیەوە؟ ئێستا کە دەبینین فەرماندەکانی حەشدی شەعبییش هاتوون و دەڵێن “ئێمە ئامادەین کە بەرگری لە کورد بکەین”، ئایا ئەگەر تۆزێک بیری لێبکەینەوە، ئەمانە هەمووی بە ڕیکەوتە و تەسادوفییە؟ نەخێر…

لە دوای ساڵی 2012 لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و ئێراندا شەڕێک لە دژی هێزە سوننەکان بەڕێوەچوو. ئێستا، ئێمە چی بکەین؟ ئایا ئێمە جارێکی تر لە دژای ئەمریکا و ئیسرائیل بوەستینەوە و لەگەڵ حەشدی شەعبیی عێراق لە دژی سوننەکان بجەنگین؟ ئەوکات کوردانی ڕۆژهەڵات لە ئێران چییان بەسەر دێت؟ ئەم پرسیارە بە دروستکردنی ڤیدیۆی سۆزداری لە تیک تۆک و ئینستاگرام وەڵام نادرێتەوە. ئەمە پرسیارێکی ستراتژیکە. ئەمەیە کە پێی دەوترێت “هۆشیاریی نەتەوەیی کورد”. پێویستە بزاڤە سیاسییە کوردییەکان پێش هەموو شتێک دەنگە هێرشکارانەکانیان بەرامبەر بە یەکتر بێدەنگ بکەن و کردەوە سیاسییەکانیان دژ بە یەکتری ڕابگرن. لەئێستادا نابێت دوژمنایەتی و ململانێ هەبێت، تەنانەت ئەگەر شاراوەش بێت. پێویستە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش هەبێت و بڕیار لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان بدرێت. دەبێ کورد بە حیکمەتی نەتەوەیی بڕیاری درێژخایەن و کورتخایەن بدات. بۆ نموونە:

هەموو بزووتنەوەیەکی سیاسی، بەتایبەتی لە ئەوروپا، پێویستە لایەنگرانی خۆی لەسەر شەقامەکان بهێڵێتەوە. پێویستە کورد لە سۆشیال میدیا چالاک بێت. پێویستە گەل بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بکرێت.

لە هەمووی گرنگتر، پێویستە بزووتنەوە کوردییەکان بە ئاشکرا پشتیوانی خۆیان بۆ دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاڤا ڕابگەیەنن، و ڕایبگەیەنن کە ئەو “نوێنەرایەتی کورد دەکات”.

پێویستە بارودۆخی پێشمەرگەکانی ڕۆژ ڕوون بکرێتەوە: باس لەوە دەکرێت کە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە)، هاوشیوەی دیمەشق وتوویەتی، “پێویستە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ وەک تاک بگەڕێنەوە ڕۆژئاڤا، نەک وەکوو هێزێکی ڕێکوپێک”. ئەم هەڵوێستەی بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا، دروست نییە. پێویستە واز لە بیروڕای پەکەکە لەسەر ئەم بابەتە بهێنن.

مەسەلەی ناردنی هێزی سەربازی بۆ ڕۆژئاڤا شتێک نییە کە لە ڕووی سۆزدارییەوە بڕیاری لەسەر بدرێت. بەڵکوو بابەتێکە کە لێکەوتەی جیددی هەیە و پێویستی بە هەڵسەنگاندنی ستراتژیک هەیە و بەبێ بڕیاری هاوبەشی حیزب و لایەنکان ناکرێ.

کورد دەبێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی سیاسەتێک دابڕێژێت و پەرەی پێبدات. بە پلەی یەکەم دەبێ گەلەکەی لە کۆمەڵکوژی فیزیکی بپارێزێت، بەبێ ئەوەی لە یەک کاتدا دوژمنایەتی هەمووان بکات. ئێمە ناتوانین لە یەک کاتدا دوژمنی تورک و ئێران و شیعە بین. نابێ لەبیرمان بچێت کە ئێمە نەتەوەیەکی گەمارۆدراوین و تاکە شتێک کە ڕزگارمان دەکات، خۆمانین، واتە هۆشمەندیی نەتەوەیی خۆمانە.

Share