ئایا ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا دەرئەنجامی داڕمانی پارادایمی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە؟

پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد ئەوە لەقاو بدەن کەوا ئەم پارادایمەی ئۆجەلان بۆ لەناوبردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و هەروەها بۆ ئەوە دروستکراوە کە نەتەوەی کورد بکات بە پاشکۆی سیستەمە داگیرکەرەکانی کوردستان.
پێکدادانەکانی مانگی ژانیڤەری 2026ی ڕۆژئاڤا، مشتومڕێکی فرەلایەنەی لەسەر مانا و ئاراستەی خەباتی نەتەوەیی کورد، بەدوای خۆیدا هێنا. ڕۆژئاڤا نەک هەر بۆ هەموو کورد، بەڵکوو هاوکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیش، خۆی وەک مۆدێلێک پیشان دەدا. لە ڕۆژئاڤا سیستەمێکی هاوتەریب لەگەڵ پارادایمی “دیمۆکراتیک -ئیکۆلۆژی- ئازادیی سێکسی”ی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بنیات نرا، کە چەمکەکانی وەک مۆدێرنیتە دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک، کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، ڕێکخستنی دژە دەوڵەت و برایەتی گەلانی لەخۆگرتبوو. ئەم سیستەمە لە ڕێگەی سەپاندنگەلێکی پراکتیکی وەک کانتۆن و خۆسەریی دیموکراتیکەوە جێبەجێ کرا.
بوارەکانی سەپاندنی پارادایمی ئۆجەلان
دوای ئەوەی ئۆجەلان لە ساڵی 1999دا گەڕایەوە تورکیا، گۆڕانکارییەکی دروست کرد و ڕایگەیاند، چەمکی بێدەوڵەتی بەسەر پەکەکە و کادیرەکانی و جەماوەری دەوروبەری دەسەپێنێت. پەکەکە ئەم سیستەمەی لە باکووری کوردستان، لەو ناوچانە لە باشووری کوردستان کە بۆخۆیان ناوی “ناوچەکانی پاراستنی میدیا”یان لەسەر داناوە و هەر لە بادینانەوە هەتا قەندیل درێژ دەبێتەوە، لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور و دواجاریش لە ڕۆژئاڤای کوردستان جێبەجێ کرد. کاتێک مرۆڤ ئاوڕێک لەم چوار دەڤەرە سەرەکییە دەداتەوە کە ئەم سیستەمەی تێدا سەپێندراوە، بۆی ڕوون دەبێتەوە کە کورد لەو ناوچانەدا لە کولکارییەکی گەورەدا دەژی. هەزاران کەس لە کەمپی مەخموور وەک ئامرازێکی بازرگانی ڕاگیراون، وەکوو سەرمایەیەک لە دەستی پەکەکە و ئۆجەلاندا بەکاردەهێندرێن. لە لایەکی دیکەوە باکووری کوردستان بەراورد بە 26 ساڵ لەمەوبەر، زیاتر ئاسمیلە کراوە؛ تەمەنی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە شارەکانی کوردستان بۆ ئاستی قوتابخانەی سەرەتایی دابەزیوە؛ مرۆڤەکان نە لە پێشوو دڵخۆشترن و نە ئازادترن؛ و دوای خەندەقەکان، تێکچوونێک ڕوویدا، کەسانی سەربەخۆ و ئازاد ئەندێش؛ ئەوانەی تەسلیمی پەکەکە نابن، ناتوانن پێشبکەون. ئەو ناوچانەی کە پەکەکە بە “ناوچەکانی پاراستنی میدیا” ناوی دەبات، بە تەواوی ڕادەستی دەوڵەتی تورک کران. بەکورتی، پارادایمی 26 ساڵەی ئۆجەلان نەک هەر بۆ ڕۆژئاڤا، بەڵکو بۆ هەموو دەڤەرەکانی شوێنی کار و چالاکیی پەکەکە، کاولکاریی هێناوەتە ئاراوە.
تاقیکردنەوەی پارادایم و دیموکراسی لە ڕۆژئاڤا
لە ڕاستیدا، ڕەوشەکە ئەوە بوو، بەڵام پەکەکە هێزیکی پڕوپاگەندەی گەورەی هەیە. وێنایەک ئافرێندرا کە تێیدا لایەنە بژاردەکانی پارادایمی ئۆجەلان کە لەگەڵ واقیعەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتدا نەدەگونجا، بە پاکێج کامۆفلاژ کران (واتە پەردەپۆش کران یان ڕوواڵەتەکەیان و بەرگەکەیان گۆڕدرا بۆ ئەوەی نەنانسرێنەوە و نەبیندرێن). بە تایبەتی ڕۆژئاڤا بوو بە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەم کارە. گەیشتە ئاستێک کە تەنانەت لە باشووری کوردستانیش بەشێک لە ڕۆشنبیران هەستان و گوتیان “پێویستە لای ئێمەش وەک ڕۆژئاڤا بنیات بنرێت” و سەرسامی خۆیان بەو سیستەمە دەربڕی. تەنانەت لە ماوەیەکیشدا هەوڵێکی جیددی هەبوو بۆ ئەوەی کە لە سلێمانی “خۆسەری دیموکراتیک” ڕبگەیەندرێت.
لە پارادایمی ئۆجەلاندا، هەموو چەمکێک پاشگرێکی دیموکراتیکی بۆ زیاد دەکرێت، بەڵام لە واقیعدا لەو شوێنەی کە پەکەکە حزووری هەبێت، دیموکراسی بوونی نابێت. سەیری بەرنامە تەلەفزیۆنیەکانی پەکەکە بکەن؛ هەرکەسێک ئەندامی پەکەکە نەبێت تێیدا بەشداری ناکەن. هەموویان دەڵێن ئێمە تێکەڵ بە ئاخاوتڤانانی بەر لە خۆمان دەبین و دواتر هەموویان لەگەڵ ڕاگەیاندراوەکانی کەجەکە یان پەکەکە یەکدەگرن. پەکەکە و کەجەکەش بە لێدوانەکانی سەرکردایەتی یەکدەگرن. بە واتایەکی تر نیقاش و مشتومڕ بوونی نییە، بیرۆکەی جیاواز بوونی نییە. تەنها زنجیرەیەک لە گوێڕایەڵی هەیە. ڕۆژئاڤا نیشانەیەکی ئەم میتۆدە بوو.
ئەوەی لە ڕۆژئاڤا دامەزرا، سیستەمی “یەک ـ حزبی، یەک ـ سەرۆک، یەک ـ ئایدۆلۆژیا” بوو. کەسێک کە ئۆجەلان وەک سەرۆک نەبینێت، ناتوانێت لە ڕۆژئاڤا ببێتە مامۆستای زانکۆ، بەڵام کەسێک ڕەخنەشی لە بارزانییەکان هەبێت، دەتوانێت لە دهۆک مامۆستا بێت.
لەپشت ئەو سیستەمە دیموکراتیکەی کە لە میدیاکانی ڕۆژئاڤادا پیشان دەدرا، سیستەمێکی هاوتەریب هەبوو کە لەلایەن کادیرانی پەکەکەوە بەڕێوە دەبرا. ئەو تەعلیماتانەی کە لە ئیمرالیەوە بۆ قەندیل و لە قەندیلەوە بۆ ڕۆژئاڤا دەنێردران، تەنیا لەلایەن کەسێکەوە کە وەکوو سەرۆک مامەڵەی دەکرد، لە شاشەی تیڤیەکانەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەندرا. پاشان بۆچوونەکە بەسەر خەڵکدا دەسەپێندرا و گەل ناچار دەکرا کە بەیعەت بکات. بەکورتی لە ڕۆژئاڤا هیچ سیستەمێک نەبوو کە لە سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان بە گشتی جیاواز بێت. ڕۆژئاڤا سیستەمێکی پەکەکەیی بوو؛ هەڵەیە کە مرۆڤ ئەو سیستەمە لەگەڵ دیموکراسیی ئەورووپادا بەراورد بکات. سیستەمی ڕۆژئاڤا جۆرە تێکەڵەیەک لە سیستەمی بەعسی عەرەبی و سیستەمی ئایەتوڵڵاکان لە ئێراندا بوو.
مێشکی مرۆڤ زۆر حەزی لە تاقیکردنەوەی شتی نوێیە؛ جا خواردن بێت، جل و بەرگ، ڕوانگە و هتد… شتێکی نوێی دەوێت. بەتایبەت لە شوێنێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەرهەمهێنانی فیکری لاوازە، سیستەمی فیکری ئیکلێکتیک و ناواقیعی ئۆجەلان کە لە ئەنارشیستەکانی وەک مۆرای بووکچین کۆکراوەتەوە، بە پڕوپاگەندەی بەهێز بەسەر ڕۆژئاڤادا سەپێنرا.
دەوڵەتانی عێراق و ئێران و تورکیا پشتیوانییان لە پارادایمی ئۆجەلان کرد
بێگومان هێزی ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندەی پەکەکە لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بیرۆکەکانی ئۆجەلاندا ڕۆڵی هەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زلهێزە کۆلۆنیالیستەکانیش پاڵپشتی بیرۆکەکانی ئۆجەلانیان دەکرد. چونکە ئەم دەوڵەتانە کە بۆ ماوەی سەدەیەک بە داگیرکردنی کوردستان بەهێزتر ببوون، بیرۆکەی غەیرەکوردستانی و ناکوردانەی ئۆجەلانیان بە بێ زیان دەبینی. بۆ نموونە ئێران پشتیوانی لە بڵاوکردنەوەی بەرگرییەکان (ئیفادەکانی دادگا)ی ئۆجەلان بە زمانی فارسی و سۆرانی کرد. ڕژێمی شیعە لە عێراق لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتی لەو کۆنفرانس و سیمینارانە کرد کە سەبارەت بە بیرۆکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بەغدا بەرێوەدەچوون.
هەڵوێستی تورکیا بابەتێکی زۆر درێژە، چونکە لە ڕاستیدا مافی ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان عایدی تورکیایە. بێگومان ئۆجەلان کەوا هەرگیز ئینگلیزی نەزانیوە، تەنها بە هاوکاریی دەولەتی تورک توانیویەتی سوود لە کتێبە ئینگلیزییەکانی بووکچین وەربگرێت. بە هاوکاری تورکیا بوو. چونکە هەستی گەشەسەندووی نەتەوەپەروەریی کورد و خواستی نەتەوەیی کوردان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی کوردی، دەبوو سەرەتا لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە شکستی پێبهێندرێت.
لەو کاتە بەملاوە، دەرفەتی ئەوە بە ئۆجەلان درا کە سەرەتا پەکەکە و پاشان نەتەوەی کوردیش بگۆڕێت. ئۆجەلان دوای ساڵی 1999 ئەو کادیرانەی کە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو چووبوونە شاخ، بەرەو ڕێبازێکی ئایدیۆلۆژیی جیاواز برد. بۆ نموونە کتێبەکانی بواری میتۆلۆژیای هیدنی و خوداوەندەکانی یۆنانی، بوون بە فەرهەنگی کادیرەکانی پەکەکە. لە ناو پەکەکەدا کەسێک کە میتۆلۆژی (ئوستوورەناسی) نەزانێت، نەیدەتوانی ببێتە کادرێکی پێشەنگ. بزووتنەوەی ڕزگاریخوازنەی نەتەوەیی کورد سەرەتا لە کەسایەتی کادیرانی پەکەکەدا لاواز کرا. وردە وردە کورد لە ڕێگای ئەفسانە و فەلسەفەوە لە دۆزی نەتەوەیی خۆیان دوور خرانەوە.
پارادایمی ئۆجەلان بۆ پڕۆژەی ناسیاسی و خۆئاسمیلەکردن (ئوتوئاسمیلاسیۆن)ی کورد
ناسیاسیکردن لە ڕاستیدا دابڕانە لە داینامیکی سەرەکی واقیعی سیاسی و ژیانی ڕۆژانە. لە ڕوانگەی زانستی سیاسییەوە “ناسیاسیکردن” (دەپۆلیتیزەکردن) واتە دوورخستنەوەی خواستە سیاسییە نەتەوەییەکان لە هێز و سەروەری و بڕیاردان و سەرقاڵکردنیان بە پلانە خەیاڵییەکانەوە. واتە داواکارییەکان دادەبەزیندرێن بۆ ڕێککەوتن، ئەنتەگراسیۆن و دەربڕین کەوا دواجار دەبێتە هۆی ئاسمیلاسیۆن و توانەوە لە ناو سیستەمی دوژمندا.
دەرئەنجامەکانی ناسیاسیکردن بۆ گەلێکی وەک کورد کە لەپێناو هەبوون و مانەوەی خۆیاندا تیدەکۆشن و ناسنامەکەیان دەستنیشان ناکرێت و مافە نەتەوەییەکانی بە شێوەیەکی یاسایی دانیان پێدا نانرێت، بەشێکی بەرچاویان لە سەدەی ڕابردوودا ئاسمیلە کراوە و جوگرافیاکەیان لە ڕێگەی ئیستغلالکردنی دیمۆگرافیکەوە داگیرکراوە، دەرکەوتەی زۆر دژواری لێکەوتەوە. بەتایبەتی ناسیاسیکردنی کورد وەک بزووتنەوەیەکی جەماوەری و وەک ئایدۆلۆژیایەکی سیاسی هاوواتای مەرگ و لەناوچوونە.
مافی بەدەوڵەتبوونی کورد و ئۆجەلان
لە ڕوانگەی پەرسپێکتیڤی ڕاستەقینەی سیاسی ئێستاوە، ڕەنگە جێگەی مشتومڕ بێت کە ئایا “کورد لە ئێستادا خاوەن شەرت و مەرجی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی نییە” و چارەسەری کاتی دەتوانێ نیقاشی لەسەر بکرێت. بەڵام پارادایمی ئۆجەلان ئەمەش ناڵێت. لە ڕاستیدا ئۆجەلان لێدوانی وەک “دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر سینییەکی زێڕیش پێشکەش بە ئێمە بکرێت، ئێمە ڕەتی دەکەینەوە”ی داوە.
26 ساڵە پەکەکە بە جەماوەرەکەی دەڵێت “بەدەوڵەتبوون خراپە؛ پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ لە بەدەوڵەتبوون باشترە”. پارادایمی ئۆجەلان چی دەڵێت؟ “رزگاری ژن، سیستەمی کۆمۆن، برایەتی گەلان و هتد…” بەڵام کورد دەبێ لەو بوارانەدا کە بنەمای سیستەمی سیاسیی جیهان پێکدەهێنن، خاوەن مافە بنەڕەتییەکانی وەک مافی چارەی خۆنووسین، مافی سەروەری بەسەر خاکی خۆیدا، مافی زمان و کولتووری خۆی، مافی هەڵبژاردنی فۆرمی حکومەتی خۆی و مافی ئابووریی خۆی بێت.
پەکەکە وەک نەتەوەیەک پێناسەی کورد ناکات و دژایەتی ئەم پێناسەیە دەکات. واتە کورد هەموو شتێکە، بەڵام نەتەوە نییە. ئەگەر سەرنج بدەین، پەکەکە قەد ناڵێ “میللەتی کورد”، بەڵکوو دەڵێت “گەلی کورد”. بە واتایەکی تر نکۆڵی لە بوونی نەتەوەیی کورد دەکات. لە ئێستادا سیستەمی سیاسیی جیهان لە دەوری نەتەوە و دەوڵەتەکان بنیات نراوە. بۆیە ئەگەر ئەم دوو شتەت نەبێت، ناتوانیت لەناو سیستەمەکەدا جێی خۆت بکەیتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە قبوڵکردنی چەمکەکانی وەک ئیکۆلۆژی و فێمینیزم و برایەتی گەلان بۆ کورد، وەک مرۆڤێکی برسی وایە کە لەژێر هەڕەشەی مەرگدا هەوڵی فێربوونی دانسی بالە دەدات… ئۆجەلان بەم شێوەیە سووکایەتی بە عەقڵی کورد دەکات.
دەرئەنجام
ئایا دەتوانین بڵێین “پارادایمی ئۆجەلان لە ڕۆژئاڤادا شکستی هێناوە و مایەپووچ بووە”؟ لەم ڕوانگەیەوە دەتوانرێت وەڵامەکە بەم شێوەیە بدرێتەوە: پارادایمی ئۆجەلان لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای شکستی کورد لە بەرامبەر سیستەمی جیهانیدا بنیات نراوە. واتە پارادایمی ئۆجەلان پارادایمێکە بۆ ئیفلاسی سیاسی-ئیداری کورد و لە ڕاستیدا هۆکاری سەرەکیی شکستی ڕۆژئاڤا بووە.
وەک پارادایمێک لە بەر چاوی گەلی کورد کەوتووە؛ شکستی هێناوە. بەڵام هێشتا سیستەمێکی نێودەوڵەتی دژە کورد هەیە کە پاڵپشتی ئەم پارادایمە ویرانکەرە دەکات. هەڵە نییە ئەگەر مرۆڤ وا مەزەندە بکات کە ئەم سیستەمە پارادایمی ئۆجەلان زیاتر بخەمڵێنێت و بیڕازێنێتەوە و پێشکەش بە کوردانی بکات. لێرەدا ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ڕۆشنبیرانی کورد ئەوە لەقاو بدەن کەوا ئەم پارادایمە بۆ لەناوبردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد و بۆ ئەوە دروست کراوە کە نەتەوەی کورد بکات بە پاشکۆی سیستەمە داگیرکەرەکانی کوردستان.