شکستی پەکەکە سەرکەوتنی نەتەوەی کوردە!!!

شکستی پەکەکە سەرکەوتنی نەتەوەی کوردە!!!

حکومەتی نوێی سووریا لەسەر داوای تورکەکان ویستی کورد لەناوببات و پەکەکەش لە هەندێک ڕووەوە هاوکاریان بوو.

✍️ بووبێ ئەسەر

ساڵانێکە دەیڵێین و دەنووسین کە پەکەکە ڕێکخراوێکە کەوا لە لایەن داگیرکەرانەوە دامەزراوە بۆ ئەوەی کە هەموو توانا و ئەرزشەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەناو ببات.

بەو ئامانج و پڕۆژەیەی کە داگیرکەران بۆیان دانابوو، کارەکانی جێبەجێ دەکرد و لە ئێستاش بەولاوە هەر بەردەوام دەبێت. ئەو خراپە و وێرانکارییانەی کە پەکەکە کردوویەتی، دە ئەوەندە لە هی داگیرکەران گەورەتر و بە ئازارترە، چونکە پەکەکە مێشکی کوردی تێکداوە و ڕۆحی کوردستانیبوونی کوشتووە.

بە دەیان هەزار گەنجی کوردیان لەخۆڕا بەکوشتن داوە. بە سەدان ڕۆشنبیر و سیاسەتوانی کورد یان کوژران یانیش بێدەنگ کران. زۆرێک لە هونەرمەندان و بیرمەندانی کوردیان سەرەتا کرد بە پیاوی خۆیان، ئینجا بێحورمەت و بێ ئەرزش کران.

ئەوان بۆ ئەوەی لە سەرانسەری ئەورووپادا کورد وەک تیرۆریست و خراپەکار نیشان بدەن، ئەوەی لە دەستیان هات کردیان و لەمەودواش دەیانهەوێ بیکەن، بەڵام ئیدی نەتەوەی کورد وشیار بووەتەوە.

لەبەر ئەوەی کە عەودەڵڵا بۆخۆی وتبووی: “هەتا من و پەکەکە هەبین، بارزانی ناتوانێت دەوڵەتی کوردی دابمەرزێنێت”، ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوەیە کە کورد نەبێتە دەوڵەت. قسەکانی عەبدوڵڵا لە زۆر ڕووەوە ڕاست بوون. من دەڵێم ڕاستگۆترین کەس لە نێو پەکەکەدا خودی عەودەڵڵا [ئۆجەلان] بوو، کە هەمیشە هەموو قسەکانی بە ئاشکرا دەگوت، بەڵام مورید و شوێنکەوتەکانی بە شێوەیەکی جیاواز شرۆڤەیان دەکرد و پێشکەشی خەڵکی کوردستانیان دەکرد.

بە واتایەکی تر پەکەکە لەسەر حیسابی خوێنی لاوانی کورد، بە درۆ و بۆختان و چەواشەکاری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرەی سەند. هەرچەندە ئەم دۆخە لەلایەن زۆر کەسەوە دەزانرا و زۆر کەسیش لەسەریان دەنووسی، بەڵام نەتواندرا سەرنجی زۆرینە بۆ ئەم هەقێقەتە ڕابکێشرێت.

چونکە عەبدوڵڵا و عاقڵمەندەکەی واتە خاوەنەکەی، زۆر باش دەیانزانی کە ئاڵا بەواتای هەبوونە، بۆیە هەرگیز ئاڵای کوردستانیان قبووڵ نەکرد و بەرزیان نەکردەوە. تەنانەت چەندین جار سووتاندیان و لە گڵ و قوڕیان وەردا.

دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا و هەڵاتنی ئەسەد و لەگەڵ هاتنی ئەحمەد شەرع و بەدەسەڵاتگەیشتنی، ڕووداوی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕوویاندا. حکومەتی نوێی سووریا لەسەر داوای تورکەکان ویستی کورد لەناوببات. لە هەندێک ڕووەوە پەکەکەش یارمەتیدەریان بوو.

بەڵام پەکەکەکە و داگیرکەرانی کوردستان، حیسابیان بۆ دەسەڵاتی باشووری کوردستان و بارزانییەکانیان نەکردبوو، یان زۆر بە گرنگیان نەدەزانی. باوەڕیان ئەوە بوو کە هەرچییەکیان بوێت دەتوانن بیکەن. یەکێک لەوانە ئەوە بوو کە لە سەر دەستی ئەحمەد شەرع بە هاوکاریی دەوڵەتی تورک، نەتەوەی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببەن و کۆتاییان پێ بهێنن.

بەڵام بارزانییەکان و بەتایبەت سەرۆک بارزانی نەیانهێشت دوژمنان بە ئامانجەکەیان بگەن. سەرۆک بارزانی بە لیدوان و تێبینییەکانی خۆی، کوردانی هەر چوار پارچەکانی کوردستانی لە ئامیز گرت و ویستی بە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست و لەژێر ئاڵای کوردستاندا، لە دژی داگیرکەران بوەستنەوە. هەر بەو شێوەیەش بوو.

سەرۆک بارزانی لە ڕێگەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی و دانوستان لەگەڵ دەوڵەتە زلهێزەکان ڕۆڵێکی گەورەی بینی و ئەرکێکی پێویستی بەجێ گەیاند و دەیویست جیهان بزانێت کە کورد بێ خاوەن و بێکەس نییە.

گەلی کورد لە سەرانسەری جیهان و لە کوردستان بە هەموو هەڵوێستەکانیەوە، بە یەک دەنگ و یەک ئاڵا لە دژی داگیرکەران وەستانەوە و خاوەندارێتییان لە براکانیان کرد. لە سەرجەم خۆپیشاندانی کورداندا، تەنها ئاڵای کوردستان بەرز کرایەوە ودروشمەکانیش یەکێک بوون و هەموویان دروشمی نەتەوەیی بوون.

کوردستانییان بەم خۆپیشاندانانە، هەم هێزی بەریز مەسعوود بارزانی سەرۆکی خۆیان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا زیاتر کرد و هەمیش ئاڵاکانی پەکەکە و داخواز و دروشمەکانی ئەو حیزبەیان لەگۆڕنا. نەتەوەی کورد لە هەموو جیهاندا یەکگرتوویی و یەکێتی خۆی پێکهێنا.

ئیدی جیهانیش فێری ئەوە بووە کە کورد بێ ساحەب نییە. ئیدی تێگەیشتن کە سەرۆکێک ھەیە کەوا ھەموو کورد لە ئامێز دەگرێت. فێربوون کە سەرۆکێکی کوردان هەیە کەوا تەنها لەپێناو بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی کورددا کار دەکات و بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە هەوڵدەدات و تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی کە کورد بکات بە خاوەنی دەوڵەتی خۆی و ئەو سەرکردەیە، سەرۆک مەسعوود بارزانییە…

بۆیە دەڵێم کە شکستی پەکەکە سەرکەوتنی گەلی کوردە، بێدەنگکردنی پەکەکە، بەرزکردنەوەی دەنگی کوردە، لاوازی و شکستی پەکەکە بە واتای ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کوردە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستاندا.

دەبێت میللەتی کورد ئیدی فێری ئەوە بێت کە ئەوەی بەرگریی لە مافەکانیان دەکات، پەکەکە نییە، بەڵکوو هێڵ و ڕێبازی بارزانییە. ئەگەر دیپلۆماسی و تەڤگەری بارزانییەکان و کوردستانیبوونیان نەبوایە، هەم ڕۆژئاڤا لەناو دەچوو و هەمیش ویستی لەناوبردنی کورد بەدی دەهات.

ئەگەر ئەمڕۆکە نەتەوەی کورد لە سەرانسەر جیهاندا بە یەک ئاڵا و بە یەک هەڵویست هەستاوەتە سەر پێ، لە سایەی ئەو ڕیبازە پیرۆز و بناخە پتەوەکەی ڕێزدار سەرۆک مەسعوود بارزانییەوەیە. پەندیکی ئشیرینی کوردی هەیە کە دەڵێ: “هەتا من خۆ ناس کر، من مالێ خوە خەلاس کر”.

هەتا بەشێک لە کوردەکانیش بارزانی و ڕێبازی پیرۆزیان ناسی، ماڵ و منداڵەکانیان خەلاس کرد. بەڵام دەبێ کورد ئارام و پشوودرێژ بن. گەلی کورد بەرە بەرە بە مافە ڕەواکانی خۆی دەگات. تەنها شتێک کە پێویستە کورد بیکات ئەوەیە کەوا لەسەر بنەمای هێڵی نەتەوەیی بارزانیەکان یەک بگرن. پێویستە گەلی کوردستان پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی پەکەکە کە ئەوەندەی ماڵوێرانیی بەسەر کورد و کوردستاندا هێناوە، تێکبشکێنرێت.

ڕۆژانی خۆش لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا نزیکە…

بژی کورد و بژی کوردستان

Share