نەتەوەی دیموکراتیک: بەدیلێک بۆ دەوڵەت یان ئاڵترناتیڤێک بۆ خەون؟

“نەتەوەی دێموکراتیک” ڕووکەشێکی تیۆریی پەیداکرد بۆ تێکەڵکردنی پرۆژەی کوردی لە ناو سیستەمی دەوڵەتانی داگیرکەردا، بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە مانەوەی ئەو دەوڵەتانە نەکات.
سمکۆ عەبدولعەزیز
بەشی سێهەم
هەڵوەشاندنەوەی گوتاری پۆست ناسیۆنالیستی لە پرۆژەی ئۆجەلاندا
لەگەڵ هەر پێشکەوتن و شکستێکدا، بزووتنەوە سیاسییەکان واز لە هیوا و ئامانجەکانیان ناهێنن، بەڵکوو بە زمانێکی جیاواز و بە بەرگێکی نوێ دایدەڕێژنەوە. بە زمانێکی نەرمتر کە بتوانێت خۆی لەگەڵ هاوسەنگی هێزدا بگونجێنێت.
ئەم زمانە نوێیە زۆرجار بە زاراوەی بریقەداری ئەخلاقی و ئینسانی دەڕازێنرێتەوە بۆ شاردنەوەی ئەو گۆڕانکارییە قووڵانەی کە لە ئامانجە سەرەکییەکەدا ڕوویداوە.
لەم چوارچێوەیەدا چەمکی نەتەوەی دیموکراتیک لە گوتاری ئۆجەلاندا وەک شوێنگرەوە (بەدیل)ێک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی هاتەئاراوە، نەک وەکوو پەرەسەندنێک یان قۆناغێک بۆ بەدەستهێنانی دەوڵەت.
ئەم چەمکە وەک پردێکی کاتی بۆ گەیشتن بە سەروەری ناخرێتەڕوو، بەڵکوو وەک ئاسۆیەکی کۆتایی و دەربازبوون لە دەوڵەت پێشکەش دەکرێت.
ئەم بۆچوونە پشت بە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی نەتەوەیی دەبەستێت و وەکوو ئامرازێکی چەوساندنەوە و نکۆڵیکردن سەیری دەکات.
ڕاستە ئەم ڕەخنەیە لە زۆر ئەزموونی جیهانیدا لە جێگای خۆیدایە، بەڵام کێشەکە لە ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتدا نییە، بەڵکوو کارەساتەکەی ئەوەیە کە تۆ ئەم ڕەخنەیە لەسەر نەتەوەیەک بەکار دەهێنیت کە هێشتا نەبووەتە خاوەن دەوڵەت!
دەوڵەت بۆ کورد هەرگیز ئامرازی ستەم و چەوساندنەوەی ناوخۆیی نەبووە، بەڵکو خەونێکی دواخراو بووە.
دەوڵەت لە نێو ئێمەدا هێمای باڵادەستی و دەسەڵات نییە، بەڵکو هێمای شوناس و هەبوونە. بۆیە هێنانی ڕەخنەی فەلسەفی لە گەلانی پڕ ـ دەوڵەت و سەپاندنی بەسەر نەتەوەیەکی بێ دەوڵەتدا، جیاوازییەکی فیکریی مەترسیدارە.
نەتەوەی دیموکراتیک وەک کۆمەڵێک پێکهاتەی جیاواز وێنا دەکرێت کە لە چوارچێوەی سنووری دەوڵەتە داگیرکەرەکاندا دەژین، بەبێ ئەوەی کە دەستکاری سەروەری و سنووری ئەو دەوڵەتانە بکەن. بەکورتی ئەمە پرۆژەی بەڕێوەبردنی جیاوازیەکانە نەک پرۆژەی ڕزگاری نەتەوەیی.
مرۆڤ دەتوانێت ئەم بادانەوەیە وەک دەرئەنجامی شۆکێکی سیاسی ببینێت.
کاتێک ناتوانیت واقیع بگۆڕیت، ئامانجەکانت دەگۆڕیت بۆ ئەوەی لەگەڵ واقیعدا بگونجن. واتە لەبری ئەوەی کە بەرەنگاریی ڕاستەقینە بکەین بۆ ئەوەی کە دۆخەکە بگۆڕین، تیۆری دادەڕێژین بۆ ئەوەی خۆمانی لەگەڵدا بگونجێنین.
ئەم دیسکۆرسە، خەباتی ئێمە لە ئاستی سەروەرییەوە دەگوازێتەوە بۆ ئاستی ئیدارەدان
لە پرسیاری: کێ خاوەنی ئەم خاکەیە و کێ دەبێ حوکم بکات؟
بۆ پرسیاری: ئێمە چۆن لەناو ئەم خاکەدا بژین؟
لێرەدا مەترسی گۆڕانکارییەکە دەردەکەوێت:
چەمکی ڕزگاری دەگۆڕێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی کۆیلایەتی.
پرۆژەکە لە رواڵەتدا وەها دەنوێنێ کە دەبێ لە ناسیۆنالیزمی بەرچاوتەنگ دوور بکەوینەوە و بەرەو ناسنامەیەکی مرۆیی هەنگاو بنێین. ئەم قسەیە ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا جوان دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێتە هۆکاری تواندنەوەی وردە وردەی تایبەتمەندیی نەتەوەیی کورد لە ناو ئەو سیستەمانەدا کە کورد تێیاندا ژێردەستەن و باڵادەست نین.
بۆ ئەو گەلانەی کە دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان هەیە، ڕەنگە پۆست ناسیۆنالیزم (Post-Nationalism) بژاردەیەکی فیکری بێت، بەڵام بۆ گەلانی بێ دەوڵەتی وەک ئێمە دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژیای پاساوهێنانەوە و ڕەوایەتیدان بە لاوازی.
نەتەوەی دێموکراتیک ڕووکەشێکی تیۆریی پەیداکرد بۆ تێکەڵکردنی پڕۆژەی کوردی لە ناو سیستەمی دەوڵەتانی داگیرکەردا، بە شێوەیەک کە هەڕەشە لە مانەوەی ئەو دەوڵەتانە نەکات. بۆیە تا ڕادەیەکی دیاریکراو لەلایەن زلهێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانەوە قبووڵ دەکرێت.
قبووڵکردنی دەرەکی بە مانای دادپەروەری مێژوویی نییە.
پرۆژەی نەتەوەیی کورد، لە جەوهەری خۆیدا، ئینکاری ئەوانی دیکە نییە، بەڵکوو لەسەر بنیاتنانی دیاردەیەکە تا ئێمە لە فەوتان بپارێزێت.
دەوڵەتی کوردی دژی پێکەوەژیان نییە، بەڵکو تەنها مەرجی دادپەروەرانەی پێکەوەژیانە.
گۆڕینی خەونی دەوڵەت بۆ گوتاری نەتەوەی دیموکراتیک، پێویستی ئێمەی بە سەروەری دابین ناکات، بەڵکوو تەنیا بۆ ماوەیەکی نادیار هەڵیدەپەسێرێت.
ئەو گەلانەی وەڵامی پرسیارە وجودییەکانیان دوادەخەن، باجەکەی بە “لەبیرچوون و لاوازبوونی هۆشیاری نەتەوەیی” دەدەنەوە.
لە وتاری داهاتوودا، باس لەوە دەکەین کەوا ئەو گۆڕانکارییە هزرییە، چۆناوچۆن کاریگەریی لەسەر واقیعی ڕۆژئاڤا و باشووری کوردستان کردووە و سنوورەکانی پرۆژەی ئیداری لە بەرەنگاربوونەوەی ڕووداوە ناوچەییەکاندا، هەتا کوێن.