لە نێوان خەیاڵی پاراستن و واقیعی چارەنووسدا

لە نێوان خەیاڵی پاراستن و واقیعی چارەنووسدا

لە تورکیا قسەی نەرم و نیان لەسەر ئاشتی دەکرێت، بەڵام هێشتا مافی بنەڕەتی و دانپێدانانی سیاسی لە ئارادا نییە.

سمکۆ عەبدولعەزیز

ئەوەی کە ئەمڕۆکە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاڤای کوردستان)دا ڕوودەدات، بایەک نییە کە بێت و بڕوات، هەروەها ساتێکیش نییە لە رەخ و دەوری شەڕ، بەڵکوو ئەوە ئەزموونێکی گەورەیە بۆ ویژدان و عەقڵییەتی سیاسیی کوردی لە هەمبەر نەتەوەکەی خۆیدا.

ئەوە ئەم کاتەیە کە پەردە لەسەر چاوان هەڵدەگرێت و خەیاڵ لادەدات و سنووری دۆستایەتی نێوان دەوڵەتەکان ئاشکرا دەکات و هاوسەنگی هێز بە زمانێکی نوێ دادەڕێژرێت. زمانی دەستەمۆکردن لە جیاتی ڕووبەڕوبوونەوە.

گەڕانەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی سووریا بۆ ئەو ناوچانەی کە ساڵانێکە بەڕێوەبەریی خۆسەریی تێیدا هەیە، لەژێر ناوی ڕێککەوتنێکی سیاسیدا، تەنها بە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزترە.

قۆناغێکە کە سیستەمی ناوەندی دەگەڕێتەوە بەڵام بە هێواشی، بەبێ تانک و تۆپ و بەبێ هاتوهاواری میدیا. سیاسەتێکە کە ئامانجی ئەوەیە پەراوێز کۆنترۆڵ بکات نەوەک دانی پێدا بنێت.

هەندێک لە ئێمە پێمان وابوو کە پشتیوانی نێودەوڵەتی و ڕۆحی جیهانی دەتوانێت جێگەی ئازایەتی نەتەوەیی بگرێتەوە و هاوپەیمانانی بیانی بەرگری لە پڕۆژەکەمان بکەن.

بەداخەوە ئەزموون جارێکی تر سەلماندوویەتی کە سیاسەت دۆستایەتی ناناسێت، تەنها بەرژەوەندی دەناسێت و کاتێک بەرژەوەندییەکان گۆڕان، هاوڕێکانی دوێنێ لە مەیدانەکەدا بەتەنیا بەجێت دەهێڵن.

کەموکووڕی لە ئازایەتی قوربانیدانەکاندا نەبوو. کورد بەشی خۆی خوێن و سەبووریی بەخشیوە. کەموکووڕیەکە هەمیشە ئەوە بوو کە پڕۆژەی نەتەوەیی هاوبەشمان نەبووە و پشتمان بەو تیۆری و ئایدۆلۆژیانە بەست کە ناسنامەکەمان ون دەکەن و کورد تەنیا وەک ژمارەیەک لە نێو هاوکێشەی گەورەکاندا دەبینن.

کاتێک پڕۆژەی یەکڕیزیی نەتەوەیی گۆڕدرا بۆ دروشمی دیموکراسی گەلان، هەندێک کەس پێیان وابوو دەرگایەکی نوێ کرایەوە، بەڵام لە واقیعدا هەنگاوێک بوو بۆ بەتاڵکردنی ناسنامەی ئێمە لە ناوەڕۆکی سیاسی و گۆڕینی دۆزی نەتەوەیەک بۆ دۆزی شارەوانی و ئیدارەیەکی خۆجێی، بەبێ ئەوەی کە هیچ گەرەنتییەکی دەستووری و مێژوویی هەبێت.

ئێمە بەدوای دەوڵەتێکداین لەناو دەوڵەتێکدا

ئەگەر ڕێککەوتنەکانی دهۆک و هەولێر لەکاتی خۆیدا جێبەجێ نەکرابا و ئەگەر ماڵی کورد لەسەر بنەمای هاوکاری ڕاستەقینە بنیات بنرابا، بارودۆخی ئێمە زۆر جیاواز دەبوو. دبێ دەنگمان یەک بێت و داواکارییەکانمان ڕوون بن و هێزی دانوستانمان بەهێزتر بێت. بەڵام بەداخەوە دابەشبوون و دووبەرەکێ دەرگای کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەوانی دیکە دەستوەردان لە ناو ئێمەدا بکەن و ناکۆکیەکانمان لە دژی ئێمە بەکاربهێنن.

ئێمە ناتوانین بە تەنیا جیهانی دەرەوە تاوانبار بکەین. بەشێک لەم کارەساتە بۆ بێسەروبەرەیی ئێمە بۆ لێدوانە دژبەیەکەکانمان و نەبوونی پڕۆژەیەک کە بتوانێت ئەم خوێنڕشتنە بگۆڕێت بۆ دەستکەوتی بەردەوام، دەگەڕێتەوە.

ئەم ڕەخنەیەی کە لەخۆمانی دەگرین، بۆ شکاندن نییە، بەڵکوو مەرجی ڕزگاربوونە.

ئەمڕۆ دۆزی کورد لە سووریا لە قۆناغی هێز لە مەیداندا بەرەو شەڕی کاغەز و شەڕی دەستووری دەڕوات. چەکەکان دادنێن و لەسەر مێز دادەنیشن.

ئەم قۆناغە زۆر خراپترە لە شەڕ، چونکە مرۆڤ بە بێ فیشەک شکست دەهێنێت و بەبێ هەبوونی بڕگەیەکی دەستووری ڕوون بۆ پاراستنی زمان و بەڕێوەبەریی خۆجێی و نوێنەرایەتی سیاسی و شوناسی کولتووری، بە بێدەنگی فریو دەدرێن و لەناو دەچن.

هەر لێکتێگەیشتنێک کاتی دەبێت و هەر ڕێککەوتنێک دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە

هەموو دەسەڵاتە ناوەندگەراکان لە فرەچەشنی دەترسن، نەک لەبەر ئەوەی لاوازە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باوەڕیان بە مافە ڕەواکانیان نییە، بۆیە هەوڵ دەدەن کە شوناسەکان لەناو ببەن نەک دانیان پێدا بنێن و جیاوازییەکانیان کۆنترۆڵ بکەن نەک بیکەن بە سەرچاوەی هێزی نیشتمانی.

لە تورکیا قسەی نەرم و نیان لەسەر ئاشتی دەکرێت، بەڵام هێشتا مافی بنەڕەتی و دانپێدانانی سیاسی لە ئارادا نییە. ئاشتی ڕاستەقینە لە ڕێگەی بێدەنگکردنی ئەمنییەوە بەدەست نایەت، بەڵکوو بە دادپەروەری دەستوری و هاوڵاتییبوونی یەکسان بەدەست دێت.

ئەزمونی ئێران و عێراق ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەر شکستێکی کورد لە بەشێکدا کاریگەری لەسەر بەشەکانی تر دەبێت، چونکە دۆزەکەی هەر یەکە، تەنانەت ئەگەر جوگرافیاکەشی جیاواز بێت.

قۆناغی داهاتوو پێویستی بە قسەی سۆزداری و لڤلڤان نییە، بەڵکو پێویستی بە بڕیارە، پێویستی بە بنیاتنانی دامەزراوەکانە نەک پەرستشی تاکەکان. پێویستیی بە پرۆژەیەکی نەتەوەیی عەقڵانی و دووربین هەیە، بەرنامەیەک کە بە ڕوونی بڵێت: مافی کورد، نە خێری بابی سیاسەتمەدارانە و نە کارتێکی بازرگانی کردنە، بەڵکوو مافی یاسایی نەتەوەیەکی ڕەسەنە کە لەسەر ئەم خاکە بوونی هەیە و دەبێ لە دەستوورەکاندا بنووسرێت و لە پەیماننامەکاندا گەرەنتی بکرێت و بە ئیرادەی میللەت بپارێزرێت.

ئێمە نەتەوەیەک نین کە بەدوای سەرکیشیدا بگەڕێین، ئێمە بەدوای ئاشتییەکی دادپەروەرانەدا دەگەڕێین

ئێمە عاشقی ئالۆزی نین، بەڵکوو بەدوای دەوڵەتێکداین لەناو دەوڵەتدا و هاوڵاتیبوونی یەکسان و ناسنامەیەکی دانپێدانراوین.

ئێمە ئەمڕۆ لەسەر دوو ڕێیانێکین: یان قۆناغێکی سیاسی بنیات دەنێین کە گەیشتبێتە ئاستی عەقڵ و یاسا، یان بە سۆز و حەماسەتەوە قەیرانەکانمان بەڕێوە دەبەین و وردە وردە ئەو کاغەزانەی هێزیش لەدەست دەدەین کە لە دەستماندا ماونەتەوە.

مێژوو فێری کردووین هەر میللەتێک کە لە ساتەوەختە چارەنووسسازەکاندا کاتی خۆی بەکار نەهێنێت و بڕیاری خۆی نەدات، مێژووەکەی لەلایەن خەڵکی دیکەوە دەنووسرێت و ئەمە سەردەمی ئێمەیە. یان لە نووسینەوەی داهاتوودا بەشدار دەبین، یانیش تەنها تەماشاوانی ونبوونی دەبن.

Share