لە ڕۆژئاڤا، دیواری بەرلینی کورد ڕووخا

لە ڕۆژئاڤا، دیواری بەرلینی کورد ڕووخا

پێڤاژۆی ڕۆژئاڤا تەنیا پێشکەوتنێکی سەربازی یان سیاسی نییە. بەڵکوو هاوکات ڕزگارییەکە لە هۆشی گەلی کورددا.

لە ڕێکەوتی 9ی مانگی مژداری 1989دا، دیواری بەرلین کە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لێک جودا دەکردەوە، لە ئەنجامی بەرخۆدانی خەڵکی سڤیل و خۆپیشاندانی جەماوەریدا، ڕووخا.

دیواری بەرلین تەنیا بەربەستێکی کۆنکرێتی نەبوو کە ئەڵمانیای بەسەر دوو وڵاتدا دابەش کردبوو، ئەو دیوارە دەستبەسەرداگرتنی عەقڵی خەڵک بوو بە ئایدۆلۆژیا و سنوور و تێڕوانین و مانیپۆلکردنی هۆشی مرۆڤەکان و بە بارمتەگرتنی ئیرادەیان بوو. کاتێک ئەو دیوارە ڕووخا، نەک تەنها شارێک بووەوە بە یەک؛ هەروەها ڕژێمێکی درۆیین و سیستەمێکی ترس و زیندانێکی ئیدئۆلۆژیکیش هەڵوەشایەوە. هەروەها خەڵک ڕاستیی ئەو درۆ گەورانەیان بۆ دەرکەوت کە ساڵانێک بوو باوەڕیان پێی کردبوون.

لە مانگی یەکی ساڵی 2026دا، لە واقیعی پێکدادانەکانی ڕۆژئاڤادا، ئەو دیواری بەرلینەش لە ڕۆژئاڤا ڕووخێندرا کە لە مێشکی کورددا بنیات نرابوو. ئەمڕۆکە ئەو پڕۆسەیەی کە لە ڕۆژئاڤا ڕوودەات، ڕێگای بۆ وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ کورد خۆش کردووە.

هەقێقەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە کەوا ساڵانێک بوو وەک تاکە ڕێگای ڕزگاری بە پیرۆزی و بە بێ هیچ گومانێک لە سەرکەوتنی، پێشکەش بە گەلی کورد دەکرا، لەگەڵ پێشهاتەکانی ڕۆژئاڤادا بە ڕوونی و ئاشکرایی دەرکەوت.

ئەو گەردوونە ئایدیۆلۆژییەی کە پەکەکە دروستی کردبوو، بوو بە دیوارێکی دەروونی کە کوردی لە واقیعی نەتەوەیی خۆی دابڕیبوو. لە پشت ئەم دیوارەوە ڕەخنە قەدەغە بوو، پرسیارکردن خیانەت و ڕامانی جیاواز دوژمنایەتی بوو. وەک ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات یان خەڵک بە “خائین” ناوزەد دەکران و لە پەکەکە و کاریگەرییەکەی هەڵدەهاتن، یانیش خۆیان تەسلیمی ئەو سیستەمە دەکرد، هەرچەندە کە باوەڕیشیان پێی نەبوو بەڵام بەهۆی هەلومەرجەکەوە نەیاندەتوانی بەرەنگاری ببنەوە.

لە ساڵی 1975 تا 1999 ئۆجەلان هەموو وزەی کوردە کوردستانییەکانی لەناو پەکەکەدا کۆکردەوە. لە دوای ساڵی 1999دا ئەوانەی کۆدەبوونەوە لە سێگۆشەی “خوێن-ئیمان-موریدی”ی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسمیلە کران. لەبری ناسنامەی کوردایەتی، ناسنامەی پەکەکە، لەبری کوردستان، ئۆجەلان و هتد… جێگیر کران. ئۆجەلان دیوارێکی ئایدیۆلۆژیی وا دروست کرد کە خەیاڵ بکەن. تەنانەت لە شنگالدا مەراسیمێکی سەربازیی یادکردنەوە بۆ دەنیز گەزمیش سەرۆکی چەپگەراکانی تورک، بەڕێوەچوو.

ئۆجەلان، بە کەڵک وەرگرتن لەو بابەتانەی کە لە ئەفسانە و باوەڕ و چیرۆک و فۆلکلۆر کۆی کردبووەوە، وەک ئەندازیارێک بەسەر کۆمەڵگەی کوردیدا سەپێندرا. ئەندامانی پەکەکە خۆیان وەک فریادڕەسی هەموو جیهان پێناسە دەکرد. ئۆجەلان وەک خوداوەندی ئافرێنەری عەرز و ئاسمان و شەو و ڕۆژ، پێشکەش بە کۆمەڵگەی کوردی کرا.

ساڵانێک دەگوترا ئۆجەلان تەڵەیەکی بۆ کورد داناوە، بەڵام زۆرێک باوەڕیان پێی نەدەکرد. کارەساتێک لە هەزار ڕاوێژ باشترە.

ئەوەی لە ڕۆژئاڤا ڕوویدا لەو چیرۆکانە بەهێزتر بوو کە ساڵانێکە دەگێڕدرێنەوە. بۆ یەکەمجار کورد دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا کە ئیدیعاکانی ئۆجەلان و پەکەکە بە ئەزموونێکی بەرچاو پێوانە بکەن و بە چاوی خۆیان بینییان کە لە نێوان ئەو خەیاڵانەی کە گێڕدراونەتەوە و ئەو واقیعەی کە هاتوونەتەئاراوە، کەلێنێکی قووڵ هەیە. ئەمڕۆکە کوردەکان زیاتر و زیاتر دەپرسن:

ئایا بەڕاستی پەکەکە خزمەت بە بەرژەوەندیی کورد دەکات؟ ئایا ئایدۆلۆژیای ئۆجەلان کورد ئازاد دەکات، یان لە ئەرکە نەتەوەییەکانی دووری دەخاتەوە؟ ئەوەی کە دەتوانرێت ئەم پرسیارانە بکرێت، خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکە. بەمشێوەیە شکانی ئەو زرێیە دەستیپێکردووە کە 27 ساڵە لە دەوری ناوی ئۆجەلان دروستکراوە. دیوارەکانی ترس دەڕوخێن، پیرۆزییە درۆیینەکان هەڵدەوەشێنەوە و تابۆەکان دەشکێن.

ئەو تێڕوانینانەی کە ساڵانێکە لەسەر پەکەکە بە لێدوانی وەک “بارزانی پرۆژەیەکی ئیسرائیلییە، بارزانی خیانەتکارە، بارزانی جوولەکەیە” و هتد… دروست کراون، لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤادا، وردوخاش بوون. کورد هەروەها دیتیان کە ئەم قسانە بەشێک لە پرۆژەی “کورد بە دەستی کورد قڕ بکرێت”، پێکدەهێنێت.

ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی ڕووخانی دیواری بەرلین، شکستێکی بێدەنگە بەڵام گەڕانەوەی نییە. کورد ئێستا دەستی کردووە بە سەیرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی نەتەوەیی و زیاتر کوردی و کوردستانی و وردتر لە پرسەکان دەڕوانێت. نەک بە هەست و سۆز، بەڵکوو بە هۆشیارییەکی نەتەوەییەوە، نەک بە چیرۆک، بەڵکوو لەسەر بنەمای ڕاستییەکان، لە پرسەکان دەڕوانێت.

بۆیە پێڤاژۆی ڕۆژئاڤا تەنیا پێشکەوتنێکی سەربازی یان سیاسی نییە. بەڵکوو هاوکات ڕزگارییەکە لە هۆشی گەلی کورددا.

وەک وتمان یەک کارەسات لە هەزار ئامۆژگاری باشترە. ڕۆژئاڤا نەیتوانی ئەو شۆڕشە “ئیکۆلۆژی، ئازادی سێکسی”یە دەستەبەر بکات کە ئۆجەلان باسی دەکرد، بەڵام ڕۆژئاڤا شۆڕشی “هەژاندنی میت بوونی ئۆجەلان”ی بەڕێوەبرد.

بێگومان ئەو هێزانەی ترسیان لە ڕووخانی ئەو دیوارە هەیە کە پەکەکە-ئۆجەلان لە دژی کورد دروستیان کردووە، شان وەبەر ئەو دیوارە دەدەن تا نەڕووخێت، بۆیە هەوڵدەدەن هەم تەمەنی ئۆجەلان و هەمیش تەمەنی پەکەکە درێژ بکەنەوە. بەڵام دیوارەکە درزی تێکەوتووە و خەریکە دەڕوخێت، وەک ئێمەی کورد دەڵێین “میرم بۆری”، ئەو دیوارە چیتر ناتوانرێت بە پینەکردن ڕابگیرێت و داڕمانی دیوارەکەش گەورەترین دەستکەوتە بۆ کورد…

Share