ئایا ئەو ڕاپۆرتەی پەرلەمانی تورکیا ئامادەی کردووە لەگەڵ بۆچوونەکانی ئۆجەلان یەکدەگرێتەوە؟

ئەو پڕۆسەیەی کە باخچەلی و ئۆجەلان و ئەردۆغان بە چارەسەر ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا پرۆسەیەکە بۆ لەناوبردنی کورد لە باکووری کوردستان و ڕاپۆرتەکەی پەرلەمانی تورکیا ئەمە بەڕوونی دەردەخات.
”کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” کە لە 5ی ئابی 2025 دامەزرا، لە 19ی شوباتی 2026دا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە. لە ڕاپۆرتەکەدا بە شێوەیەکی سەرەکی مەبەستی دەوڵەتی تورک و هێڵە گشتیەکانی ڕێککەوتنی نێوان ئیمرالی و دەوڵەتی تورک خراوەتەڕوو. لەم بوارەدا ڕاپۆرتەکە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە داهاتوودا چی دەکرێت و پرسی کورد لە ڕوانگەی تورکیاوە بەرەو کوێ دەڕوات. بۆیە ڕاپۆرتێکی جێی بڕوا و گرنگە.
ڕاپۆرتەکە دەبوو هەندێک سەردێڕی بۆ چارەسەرییەکی ڕاستەقینەی پرسی کورد هەبا و سەردێڕەکان دەبوو ئەمانە بان:
1- دەبوو هۆکارە مێژوویی و سەردەمییەکانی پرسی کورد دەستنیشان کرابان. لانیکەم دەبوو باسی کۆمەڵکوژی و چۆڵکردنی گوندەکان و ئەو نادادپەروەرییانە کرابان کە لە مێژووی کۆماری تورکیادا بە هۆی ئینکاری مافە نەتەوەییەکانیان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەرامبەر بە کورد کراوە.
2-مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد، پێناسەکانی لە دەستووردا، مافی نەتەوەییەکانیان و هتد… دەبوا باس کرابان.
3- دوای ئەوەی هەموو ئەمانە پێناسە کران، گەڕانەوەی ناوەکان و زێدەکانی ئێمەی کورد، بەتاڵ کردنی زیندانەکان، ئاشکراکردنی جینایەتە بکوژنادیارەکان، دادگاییکردنی بەرپرسان و گەڕانەوەی گەریلاکان، ئەو بڕیارە تەشکیلاتیانە بوون کە دەبوا تاوتوێ کرابان. دەبوو نەخشەڕێگای پراکتیکی هەبوایە بۆ ئەوەی زەمینە بۆ ئەو گەڕانەوەیە خۆش بکات، ئەوجا لە کۆتاییدا ئۆجەلان دەیتوانی لەم چوارچێوەیەدا سوود لە مافی هیوا وەربگرێت.
لە ژێر ئەم سێ سەردێڕەدا هەبوونی پرسی کورد قبووڵ دەکرێت و ڕێگاچارەسەرییەکی بۆ پێشنیار دەکرێت. بەڵام لە ڕاپۆرتەکەدا ناوێک لە کورد نەهاتووە و تەنانەت وشەی “کورد”یش باس نەکراوە. لە ڕاستیدا ڕاپۆرتەکە دەربڕینی ناڕوون بەکارهاتووە بۆ ئەوەی کە چۆناوچۆن کێشەی پەکەکە چارەسەر بکات، نەک بۆ ئەوەی کە ڕێگاچارەیەک بۆ پرسی کورد بخاتەڕوو. بەکورتی وەک لە ڕاپۆرتەکەی 19ی شوباتدا هاتووە: “لە تورکیادا پرسێک بەناوی پرسی کورد بوونی نییە، بەڵکوو کێشەی تیرۆر هەیە”. بە واتایەکی تر پرسی کورد لە تورکیادا وجوودی نییە.
کاتێک لەم ڕوانگەیەوە سەیری ڕاپۆرتەکە بکرێت، ڕاپۆرتەکە بەپێچەوانەی ئەوەی کە میدیاکانی پارتی دەم و پەکەکە باسی دەکەن “ڕاپۆرتێک نییە کە هەندێک کەموکووڕی تێدا دەبیندرێت کە پێویستە باشتر بکرێت”، بەڵکوو ڕاپۆرتەکە لە بنەڕەتدا هەڵەیە، ئینکارکردنی نەتەوەی کوردە. لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ئەو پرۆسەیەی کە “تورکیا بێ تیرۆر” پێی دەوترێت، لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکی “تورکیا بێ کورد”ـە.
لەبری ئازادی و یەکسانی کورد، ڕۆژەڤ بە “مافی هیوا”ی ئۆجەلان ئاراستە دەکرێت. واتە حسابدانەوە بۆ سەدەیەک ستەم و چەوساندنەوەی کورد و مافەکانی ئەو زیاتر لە 20 ملیۆن کوردەی باکوری کوردستان، لە پێناو شەخسی ئۆجەلاندا فیدا دەکرێن. ئۆجەلان تەمەنی 77 ساڵە، و 50 ساڵی تر ناژیت. ئایا دروستە کە کورد دەستبەرداری هەموو مافەکانی بێت بۆ ئەوەی ئۆجەلان سوود لە مافی هیوا وەربگرێت، ئینجا 4ـ5 ساڵ دوای مردنی ئۆجەلان جارێکی دیکە خەباتکردن بۆ مافەکانی دەستپێبکاتەوە؟ ئەمە سیاسەتێکی ئاگاهانەی دەوڵەتی تورکە، سیاسەتێکە بۆ سەرقاڵکردن و قڕکردنی نەتەوەی کورد.
لایەنی کوردی لەسەر ئەم دۆخە چی دەڵێت؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە لەناو ئەو هێزانەدا کەوا پرۆسەکە بەڕێوە دەبەن، نوێنەری کورد بوونی نیە. چونکە کەس بە ناوی کوردەوە هیچ داخوازییەک ناکات. کەس دەستکەوتی بەرچاوی ناوێت. لە کۆی 50 کەس، تەنها 3 کەس ئەو ڕاپۆرتەیان ڕەتکردەوە کە هیچی لەبارەی مافەکانی کوردەوە تێدا نەبوو. ئەم 3 کەسەش لە ڕێکخراوە چەپەکانی تورک بوون، ئەوانیش ڕایانگەیاند کە ئەو ڕاپۆرتەیان ڕەتکردۆتەوە، چونکە ڕاپۆرتەکە “پرسی کورد”ی پێناسە نەکردووە.
دیارە دەم پارتیش لەو کۆمیسیۆنەدا بوو کە ئەم ڕاپۆرتەی ئامادە کردووە و لەگەڵ هەموو ئەندامەکانی دەنگی بەڵێی دا. پاشان ناکۆکی خۆیان لەسەر چەند خاڵێک دەربڕی، کە ئەوانیش “ناوی پرۆسەکە، ئازادی ئۆجەلان و هەموارکردنەوەی دەستوور سەبارەت بە زمان” بوون.
دوای ئەمەش ڕاگەیاندراوێک بە ناوی کەجەکەوە بڵاو کرایەوە. هەندێک لایەن بەیاننامەکەی کەجەکەیان بە “ڕەخنەی توند” لێکداوەتەوە، بەڵام کەجەکەش هیچ ڕەخنەیەکی توندی نەبوو. ئەوان تەنیا “کردنەوەی ڕێگا بۆ سیاسەتی دیموکراتیک”یان وەکوو مەرج بۆ چەکدانانی گەریلاکان و گەڕانەوەیان بۆ تورکیا داناوە.
بە واتایەکی تر، لایەنی بەناو کورد، کەجەکە و دەم پارتی، هیچیان بەهیچ شیوەیەک باسیان لە دروستکردنی دەستووری لە تورکیا، دانپێدانان بە کورد وەکوو نەتەوەیەک یان مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری، نەکردووە.
خۆی لەخۆیدا ئەوان ناتوانن هیچ بڵێن. بۆچی؟ چونکە ئەو ڕاپۆرتەی کۆمسیۆن ئامادەی کردووە لە ڕاستیدا لەلایەن ئۆجەلانەوە پەسەند کراوە.
ئەم ڕاپۆرتە ماوەی مانگێکە نووسراوە و دەم پارتی لە ناو کۆمیسیۆنی نووسینەکەدا بووە. لە 16ی شوباتدا دەم پارتی چوو بۆ ئیمرالی و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە و باس لە چوارچێوە و ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە کرابوو. بەپێی ئەو زانیارییانەی لە هەندێک سەرچاوەی ناو پەکەکەوە بەدەستمان کەوتووە، ئەو ڕاپۆرتە پێشتر بۆ ئۆجەلان نێردراوە و ئۆجەلان داوای پەسەندکردنی ئەو ڕاپۆرتەی کردووە…
لە ڕاستیدا ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن کە ئەمڕۆ کورد لێی ناڕازییە، بە تەواوی لەگەڵ بۆچوونەکانی ئۆجەلان یەکدەگرێتەوە. چونکە ئۆجەلان داوای هیچ مافێکی دەستووری بۆ کورد ناکات. ئۆجەلان لە پەیامەکەی 27ی شوباتدا کە “داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردبوو” چی وتووە؟ دەڵێ: “دەوڵەتێکی نەتەوەیی و فیدراڵیزم و ئۆتۆنۆمی ئیداری و ڕێگاچارە کولتوورییەکان ناتوانن وەڵامی کۆمەڵناسی مێژوویی کۆمەڵگا بدەنەوە”.
ئۆجەلان داوای گۆڕینی سنوورەکان ناکات. ئۆجەلان داوای خۆبەڕێوەبەری بۆ کورد ناکات. ئۆجەلان داوای دانپێدانانی کورد وەک نەتەوە لە دەستووردا ناکات. ئۆجەلان داوای قبوڵکردنی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە تورکیا ناکات.
ئۆجەلان چی بۆ کورد دەوێت؟ دیموکراسی…
وشەی دیموکراسی دەخەنە کۆتایی هەموو شتێکەوە و چەمکی وەک تورکیای دیموکراتیک، نەتەوەی دیموکراتیک، ئەنتەگراسیۆنی دیموکراتیک، سۆسیالیزمی دیموکراتیک دروست دەکەن و دەیانەوێت کورد داوای ئەو شتانە بکات. دیموکراسی وەک کلیلی چارەسەرکردنی هەموو شتێک دەخرێتەڕوو. دیموکراسی وەک دەرمانی چارەسەرکردنی هەموو ئازارەکان پێشنیار دەکرێت. بەڵام وا نییە؛ دیموکراسی شێوازێکە لە حوکمڕانی. دیموکراسی باش و دیموکراسی خراپ هەیە. ئامانجی ڕاستەقینەی کورد بۆ ناسنامە و مافەکانی و مافی خۆبەڕێوەبردنە. ئەمانەش بە پێناسەی دەستووری بەدەست دەهێنرێن.
ئۆجەلان هیچی بۆ کورد ناوێت
بۆیە ئەو ڕاپۆرتەش کە پەرلەمانی تورکیا ئامادەی کردووە، هیچ شتێک بۆ کورد لەخۆناگرێت.
ڕاپۆرتەکەی پەرلەمان لە ڕاستیدا ڕاپۆرتی ئۆجەلانە و بەتەواوی لەگەڵ بۆچوونەکانی ئۆجەلاندا یەکدەگرێتەوە.
ئەو ڕەخنانەی دەم پارتی و کەجەکە دەیگرن، دژی دەوڵەت نین. ئەوان بۆ ئەوەی کە ڕێگا لە ڕەخنەکانی گەلی کورد بگرن و بڵێن “سەیرکە ئێمەش ڕەخنە دەگرین و هەموو شتێک باشتر دەبێت”، ئەو قسانە دەکەن.
ئەو پڕۆسەیەی کە باخچەلی و ئۆجەلان و ئەردۆغان بە چارەسەر ناوی دەبەن، لە ڕاستیدا پرۆسەیەکە بۆ لەناوبردنی کورد لە باکووری کوردستان و ڕاپۆرتەکەی پەرلەمانی تورکیا ئەمە بەڕوونی دەردەخات.