مشتومڕ لەناو هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؛ ئایا پژاک هاوبەشێکی جێی متمانەیە؟

مشتومڕ لەناو هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا؛ ئایا پژاک هاوبەشێکی جێی متمانەیە؟

ئێران بەردەوام بارەگای حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بە مووشەک بۆردومان دەکات، بەڵام لە گوڵ کاڵتری بە پژاک نەگوتووە.

پێنج حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێکەوتی 24ی شوباتدا دامەزراندنی “هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران”یان ڕاگەیاند، مشتومڕاویترین ئەندامی ئەم هاوپەیمانییە پژاکە.

بەو پێیەی ڕابردووی پژاک ڕوون نییە و لە ئۆپەراسیۆنە تاریکەکاندا بەکارهێنراوە، بەشداریی پژاک کورد لە هاوپەیمانییەکی وەها گرنگدا، بۆ نەتەوەی کورد جێگای گومانە.

بۆچی پژاک لە ژێر پەردەیەکی تاریکدایە؟

پژاک بزووتنەوەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە. لەسەر تەعلیماتی ئۆجەلان کە لە زیندانی ئیمرالیەوە بەڕێیکرد، لەلایەن عوسمان ئۆجەلانی برایەوە دامەزرا و دواتر ڕادەستی جەمیل بایک کرا. لە کۆنگرەی دامەزرێنەردا گەنجانی ڕۆژهەڵات زۆر کەم بوون. هەموو کادرەکان خەڵکی باکوور بوون و ئێستاشی لەگەلدا بێت هەروایە. هەرچەندە ناوەکانی وەک ڤیان پەیمان لەسەر شاشەن، بەڵام هەموویان کادیرانی پەکەکەن و لەدەرەوەی ئایدۆلۆژیای پەکەکە هیچ زانینێکی گشتی و سیاسەتێک بوونی نییە. مەزڵووم حەفتتەن ساڵانێک پزیشکی تایبەتی جەمیل بایک بووە.

واتە ئەو کەسانەی کە پێیان دەگوترێ سەرکردەکانی پژاک، لەژێر ئاسایش و فەرماندەیی جەمیل بایکدان. بەبێ ئیزنی پەکەکە ناتوانن تاکە پێڵاوێک بجوڵێنن. لەم قۆناغە هەستیارەدا بێگومان ئەوان بەرگریی لە بەرژەوەندیی پەکەکە دەکەن نەک بەرژەوەندی گەلی کوردستان.

هەمووان دەزانن کە جەمیل بایک نوێنەرایەتی باڵی ئێران دەکات لەناو پەکەکەدا. بایک لە ساڵی 2004دا ڕێککەوتنێکی ستراتژیکی لەگەڵ ئێران پێکهێنا. پەکەکە لە ساڵی 2013دا تێکەڵ بە پرۆژەی ناوچەیی ئێرانەوە بوو. بایک دووجار لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی بەناوبانگی ئێران کۆبووەوە. جەمیل بایک لە ساڵی 2019 لە چاوپێکەوتنێکدا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە “پەکەکە ڕێگریی لە هاوپەیمانی دژە ـ ئێران دەکات”، بایک لەم ئاستەدا بەرگری لە ئێران دەکات.

ئەم هاوبەشە ستراتژیکەی ئێران، واتە جەمیل بایک سەرکردایەتی پژاک دەکات.

پژاک سێبەری جەمیل بایک و پەکەکەیە

ساڵانێکە ئێران هەوڵدەدات کە بە دامەزراندنی پژاک لە دژی ڕێکخراوە کوردستانییەکانی وەک PDKI، PAK و کۆمەڵە، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنترۆڵ بکات.

ئێران بەردەوام بارەگای ڕێکخراوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات لە هەولێر، سلێمانی و کۆیە بە مووشەک بۆردومان دەکات.

بەڵام ساڵانێکە پژاک دەیان کەمپی لە دۆڵی ئایشە، بەردە نازێ، زەلێ، ماوە، خرپاپێ، دۆڵەتوو، دامبات، کێلە ڕەش، پێنجوێن و ئاسۆس دامەزراندووە کە تەنیا 2-3 کیلۆمەتر لە بنکەکانی سوپای پاسدارانەوە دوورن. گومرگ و باج لە خەڵک وەردەگرن. لە دیوەکەی تری سنوور واتە لە مەرگەوەڕ و دامبات و کەلا ڕەش ئازادانە بە ئوتۆمبێل دەسووڕێنەوە. ئایا بۆ تاقە یەکجار هێرشیان کراوەتە سەر؟ نەخێر. بۆچی؟

چونکە ئێران ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی بە پەکەکە ـ پژاک سپاردووە. پژاک وەک پاسەوانی سنووری ئێران لە بەرامبەر PDKI، PAK و کۆمەڵەدا پاریزگاریی لە سنوورەکانی ئێران دەکات. لە 24ی ئایاری 2014دا، پژاک لە دژی “حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران” (PDKI) کە بزووتنەوەیەکی نوێی بە ناوی ڕاسان لە دژی ئێران دەستپێکردبوو، تووشی شەڕ و تێکهەڵچوون هات و و دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبەی شەهید کرد.

پژاکێک کە خاوەن ڕابردوویەکی وەها بێت ئەمڕۆ دەتوانێت چ هەڵوێستێک بگرێتەبەر؟ تەنها وەک هێزێک بەکاردێت کە پەکەکە بتوانێت بەهۆیەوە تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە.

ئەمڕۆکە پەکەکە سەرجەم کادیرە باکوورییەکانی خۆی لە ڕۆژئاڤا کشاندۆتەوە و لەژێر سەیوانی پژاکدا جێگیری کردوون و میدیاکانی خۆی بۆ پروپاگاندای پژاک ئەرکدار کردووە. واتە پەکەکە چاوەڕوانی ئەوەیە کە لەناو ئەو ئاڵۆزیەدا چ دەسکەوتێکی دەبێت.

بەشداری پژاک لە هاوپەیمانی نێوان ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یان بەرگریی بەهێزتری لەم هاوپەیمانییە، ئەرک و واقیعی پژاک ناگۆڕێت.

مەسەلەی سەرەکی ئامانجی دامەزراندنی پژاک و ئەو پرسیارەیە کە خزمەتی کێ دەکات. بەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە هیچ هاوپەیمانییەک ناتوانێت متمانەی ڕاستەقینە دروست بکات و گومانەکان لەسەر پژاک ناڕەوێنەوە.

Share