79 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد تێدەپەڕێت

لە سەردەمی کۆماردا بۆ یەکەمین جار زمانی کوردی کرا بە زمانی فەرمی لە خوێندنگە و فەرمانگەکاندا، سوپایەکی نیشتمانی دروست کرا و ئاڵای کوردستان بە فەرمی هەڵکرا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، ڕێک 79 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان لە مەهاباد تێدەپەڕێت.
لە 31ـی ئاداری 1947 قازی محەممەد لەگەڵ ئەبولقاسم قازی، برای و حەمەحسێن خانی سەیفی قازی، ئامۆزای لە گۆڕەپانی چوارچرای پایتەختی کۆماری کوردستان لەسێدارە دران. تاوانی ئەم سەرکردانە تەنیا هەوڵدان بوو بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا هێزەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و بەریتانیا بەشەکانی باکوور و باشووری ئێرانیان داگیر کرد. لە ناوچەی موکریان و دەوروبەری بە ناوەندییەتیی شاری مەهاباد دەرفەتێک بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد رەخسا. لە 22ـی کانوونی دووەمی 1946 لە گۆڕەپانی چوارچرای مەهاباد کۆماری کوردستان راگەیەندرا.
سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەیان بەوە کرد، لە بەڕێوەبردنی کۆمارەکەدا خەڵکی پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون. هێزەکانی بارزانی بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، ژەنەڕاڵی کۆماری کوردستان پشتیوانییەکی بەهێزیان لێ کرد و لە چەند ناوچەیەک بەرگریی زۆریان لە کۆمارەکە کرد.
ئەحمەد قەوامولسەڵتەنە، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران بەڵێنی بە یەکێتیی سۆڤیەت دا ئەگەر لەشکری سوور لە ئێران بکشێتەوە، گرێبەستی نەوتی باکووریان لەگەڵ واژوو دەکەن. لەو سەردەمەدا نەوتی باشووری ئێران لەژێر دەستی بەریتانییەکاندا بوو، رووسەکانیش لەمێژ بوو داوای نەوتی باکووری ئێرانیان دەکرد.
دوای جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و کشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، بەریتانیا و ئەمریکا بەتەواوی پشتیوانییان لە ئێران کرد. تاران بە سوپایەکی پڕچەکەوە هێرشی کردە سەر کوردستان. قازی محەممەد هەوڵی دا لەگەڵ ئێرانییەکان دەست بە دانوستان بکات.
لە کاتی گفتوگۆکاندا رێبەرانی تاران بەڵێنیان دا لە کوردستان کوشتوبڕ نەکەن، بۆیە رێگەی دا سوپای ئێران بگەڕێتەوە مەهاباد.
بەپێی بەڵگەنامەکان تاران بەڵینەکانی نەبردە سەر. چەند مانگێک دواتر لە دادگایەکی یەکلایەنەدا سزای لەسێدارەدان بەسەر سەرکردەکانی کۆمارەکەدا سەپێندرا و لە 31ـی ئاداری 1947 لەسێدارە دران. هاوکات لە شارەکانی بۆکان و سەقزیش بەشێک لە رێبەران و بەڕێوەبەرانی دیکەی کۆماری کوردستان لەسێدارە دران.
کۆماری کوردستان لە مەهاباد یەکەمین ئەزموونی دەوڵەتداریی مۆدێرنی کوردە لە مێژووی هاوچەرخدا. سەرەڕای تەمەنە کورتەکەی تەنیا 11 مانگ بوو، بەڵام کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەجێهێشت.
ـ لە سەردەمی کۆماردا بۆ یەکەمین جار زمانی کوردی کرا بە زمانی فەرمی لە خوێندنگە و فەرمانگەکاندا.
ـ سوپایەکی نیشتمانی دروست کرا.
ـ ئاڵای کوردستان بە فەرمی هەڵکرا.
ـ چاپەمەنی و رۆژنامەگەریی کوردی گەشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینی.
رووخانی کۆمارەکە دەرەنجامی رێککەوتنە نهێنییەکانی زلهێزەکانی سەردەمەکە بوو بۆ دابەشکردنی ناوچەکانی هەژموون و وزە، ئەمەش وای کرد کورد ببێتە قوربانیی بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان.