دەروازەیەکی فەلسەفی: شەڕی نێوان لۆژیکی هێز و لۆژیکی مانەوەدا

مەترسیدارترین شت لەم قۆناغەدا دەستپێکردنی شەڕێکی گشتی نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی ئەم جۆرە شەڕە ناتەواوەیە.
سمکۆ عەبدولعەزیز
شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران تەنیا ڕکابەرییەکی کلاسیکی نێوان ئەو دوو وڵاتە نییە، هەروەها ئاڵقەیەکی نوێی زنجیرە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە.
ئەمە لە بنەڕەتدا هەنگاوێکی فەلسەفییە کە تێیدا سروشتی جیهانی ئەمڕۆمان هێڵکاری دەکات.
لێرەدا لۆژیکی دەسەڵات لەگەڵ لۆژیکی مانادا ناکۆکە و توندوتیژیی نێوان ئەوەی دەگوترێ و ئەوی دەکرێت، ئاشکرا دەکات.
ئەگەر لە ڕوانگەی ڕیالیزمی سیاسییەوە سەیری بکەین، ئەم شەڕە بە ڕێکەوت نییە. جیهان بە تێگەیشتن لە ڕەوشت و موراڵ بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو لە سەر هاوسەنگی هێز ڕادەگیرێت. دەوڵەت بەدوای دادپەروەریدا ناگەڕێت، بەڵکوو بەدوای ئەودا دەگەڕێت کە دەتوانێ ببێت.
لەم ڕوانگەیەوە ئەمریکا هەوڵی ڕێکخستنەوەی ناوچەیەکی حەیاتی دەدات کە وەک مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی دەیبینێت، لە کاتێکدا ئێران بەدوای لۆژیکی مان و نەمان لە چوارچێوەی سیستەمێکی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت کە بە تەواوی دانی پێدا نەنراوە. لێرەدا هیچ سەرهەژاندنێک نییە، بەڵام ئەمە پێویستییەکی مێژوویی دووبارەبووەوەیە.
بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ڕاستییەکان تەنیا پێویستی مێژوویی بەس نییە. چونکە ئەم شەڕە لەم قۆناغەدا، لەسەر یەکلاکردنەوە و بڕینی دەرئەنجامەکان نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بەڕێوەبردنی بەردەوامییەوە هەیە. ئەمەش زیاتر لە شەڕی ئیرادەوە نزیکترە، کە تیایدا ئەو کەسە سەرکەوتوو نییە کە زۆرترین شەڕ دەکات، بەڵکوو ئەو کەسە سەردەکەوێت کە زۆرترین بەرگری دەکات و زۆرترین تەحەمولی هەیە. ئەمەش وا دەکات شەڕ ببێتە پرۆسەیەکی سست و بێدەنگ کە هەندێک جار لە شەڕی دەنگ بەرز و تەقینەوە مەترسیدارترە ، چونکە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک ڕابگەیەنێت، بە بێدەنگی واقیع دروست دەکاتەوە.
لەم چوارچێوەیەدا گەرووی هورمز لە ناوچەیەکی جوگرافییەوە دەگۆڕێت بۆ بیرۆکەیەک. ئیتر تەنها ڕێگایەکی دەریایی نییە، بەڵکوو دەربڕینی پرسیارێکی فراوانترە: کێ مافی ئەوەی هەیە جیهان ڕێکبخات؟ ئەو کەسەی زۆرترین هێزی سەربازی هەیە یان ئەو کەسەی دەتوانێت هەڕەشە لە ئابووری جیهانی بکات؟ لێرەدا سیاسەت و ئابووری یەکدەگرنەوە و نەوت لە کاڵایەکەوە دەگۆڕدرێت بۆ ئامرازێکی فەلسەفیی کێبڕکێ، کە کۆنترۆڵکردنی ڕەوانەکردن (Flow)، لە کۆنترۆڵکردنی خودی خاکەکە گرنگتر دەبێت.
عێراق وەک گەورەترین پارادۆکس (Paradox) لە دڵی ئەم دیمەنەدا وەستاوە. نەک لەبەر ئەوەی لایەنێکی سەرەکییە لە شەڕەکەدا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کە شوێنی بەڕێوەبردنی شەڕی بێدەنگە. ئەو دەوڵەتەی کە ناتوانێت بەتەنها ببێتە خاوەنی بەکارهێنانی هێز (وەک میشێل فۆکۆ ئاماژەی پێکردووە)، دەگۆڕدرێت بۆ گۆڕەپانێک و لەم گۆڕەپانەدا سەروەری چیتر چەمکێکی یاسایی نییە بەڵکوو دەبێتە حالەتێکی دانوستانی بەردەوام لە نێوان چەند دەسەڵاتێکدا کە هەندێکیان دیار و هەندێکیشیان نادیارن.
لێرەدا شەڕ لەگەڵ چەمکی دەسەڵاتی میشێل فۆکۆ، تێکهەڵکێش دەبێت. دەسەڵات چیتر ناوەندگەرایی و ڕاستەوخۆ نییە، بەڵکو لە تۆڕەکانی پەیوەندیکردندا بڵاو بۆتەوە و مومارەسە دەکرێت. لە ڕێگەی ئەکتەری نافەرمی و بریکارەکان و ئابووری و ترسەوە دەسەپێندرێت.
ئەم شەڕە تەنها لە نێوان سوپاکاندا نییە، بەڵکوو لەنێوان شێوە جیاوازەکانی کۆنترۆڵکردندایە کە هەندێکیان سەخت و هەندێکیان نەرمن و هەندێکیشیان تەنها لە دەرئەنجامەکانیاندا هەستیان پێدەکرێت.
لە ئاستێکی قووڵتردا دەتوانرێت ئەم پێشبڕکێیە وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ بیرۆکەی سیستەمی جیهانی بخوێنرێتەوە.
ئایا هێشتا سیستەمێک بوونی هەیە؟ یان ئێمە لە قۆناخی گۆڕانکاریدا دەژین کە تێیدا یاسا کۆنەکان دەگۆڕدرێن بەبێ ئەوەی کە یاسای نوێ دابنرێن؟
شەڕ لێرەدا تەنها پەیوەندی بە خاکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە پێناسەکردنی جیهانەوە هەیە: ئایا جیهان دەبێتە جیهانێکی هاوسەنگی ڕوون، یان دەبێتە جیهانێکی پاشاگەردانی لە بەڕێوەبەردندا؟
مەترسیدارترین شت لەم قۆناغەدا دەستپێکردنی شەڕێکی گشتی نییە، بەڵکو بەردەوامبوونی ئەم جۆرە شەڕە ناتەواوەیە. چونکە جیهان لە دۆخێکی فشاری بەردەوامدا دەهێڵێتەوە، دەوڵەتە لاوازەکان دەکات بە مەیدانی تاقیکردنەوە و بەشیوەیەکی بەردەوام توندوتیژی بەرهەم دەهێنێتەوە بەبێ ئەوەی ڕێگە بدات کۆتایی پێبێت. ئەم شەڕە بەدوای کۆتاییهێناندا ناگەڕێت، بەڵکو بەدوای بەردەوامبوونەوەیە.
ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە کێ سەردەکەوێت، بەڵکوو کێ ئەو وێنەیە جیهانییە دەپارێزێت کە لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا سەرهەڵدەدات. چونکە لەم جۆرە کێبڕکێیەدا سەرکەوتن بە دەستکەوتەکان پێوانە ناکرێت، بەڵکوو بەو شتانە دەپێورێت کە دوای لەدەستدانی توانای بەرگریکردن دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ئێمە لە ناو شەڕێکدا نین، بەڵکو لە قۆناغێکی ئاشکراکردنداین.
ئاشکراکردنی سروشتی هێز و سروشتی دەوڵەت و سنووری سیستەمی جیهانی. ساتێک کە تێید ڕوون دەبێتەوە کە چیتر جیهان وەک جاران بەڕێوە ناچێت و ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات شتێکی دەگمەن نییە بەڵکوو سەرەتای قۆناغێکی نوێیە، قۆناخێکی کە زیاتر ئاڵۆزە و کەمتر پێشبینی دەکرێت.
لەم جۆرە حاڵەتانەدا شەڕ نابێتە ڕووداوێکی تێپەڕ، بەڵکو دەبێتە ئاوێنەیەک کە جیهان خۆی تێدا دەبینێتەوە.