ڕووسیا قەیران دەفرۆشێت و لە دوکەڵی قەیرانەکان پارە پەیدا دەکات

ڕووسیا قەیران دەفرۆشێت و لە دوکەڵی قەیرانەکان پارە پەیدا دەکات

ڕووسیا بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی پێویستی بە گەرووی هورموز نییە و هاوکات نرخی نەوتی بە ئاگری ئەو قەیرانە بەرز کردەوە.

دونیای ئەمڕۆ زیاتر لە ڕاگرتنی ئۆکسجین لە ڕێگای بۆرییەکانی نەوتەوە دەخنکێندرێت. داخستنی گەرووی هورمز تەنیا هێرش بۆ سەر ڕێڕەوێکی جوگرافی نییە، بەڵکوو بوومەلەرزەیەکی ئابووری و فەلسەفییە. ئەو ڕێڕەوە هاوسەنگیی هێزی نێوان دەوڵەتەکان لەسەر شنی دادەرێژێت نەک لەسەر بنەمای ئەوە کە کێ چەکی هەیە بەڵکوو لەسەر ئەو بنەمایە کە کێ شوێنی خۆی لە دەرەوەی بازنەی گەرووەکە دیوەتەوە.

کاتێک لەم دەمارە ژینەکیە دەریاییەدا ئاستەنگ پێکهات، تەنها کەشتیەکان نەبوون کە ڕاوەستان، بەڵکوو هەندێک بیروباوەڕی مەسەلەماتی کۆنیش بۆ سەقامگیری، شکستیان هێنا.

جیهان لەناکاو تێگەیشت کە ئەو سەقامگیرییەی بازاڕ کە شانازیی پێوە دەکرد، تەنیا وەهمێکی لەرزۆک بوو کە لەسەر ڕێڕەوێکی تەسک دامەزرابوو کە لە هەر ساتێکدا دەتوانێت بۆ دەریچەیەکی خۆخنکاندن بگۆڕێت. لێرەدا گەمەی ڕاستەقینەی بەرژەوەندییەکان دەستی پێکرد، وەک مەیدانێکی فریودەر کە تیایدا هەر لایەنێک سەیری ئەوی دیکە دەکات تا بزانێ کە کێ کەمتر زیان دەکات.

لەم یارییەدا ڕووسیا وەک هێزێکی هەلپەرست دەرنەکەوت، بەڵکوو وەک دەوڵەتێک دەرکەوت کە خۆی لە پێگەی ئیستغلالکاری سروشتیدا دەبینیەوە. ڕووسیا بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی پێویستی بەو گەروویە نییە، بەڵام ڕووسیا بازاڕێکی فرۆشتنی پەیداکرد کە نرخی نەوتی بە ئاگری ئەو قەیرانە بەرز کردەوە. واتە ڕووسیا گەمارۆ نەدرا، بەڵام پارەی گەمارۆکانی وەک قازانج خستە ناو خەزێنەی وڵاتەکەی.

ڕووسیا توانی ئەو قەیرانە وەک کاڵایەکی سیاسی بفرۆشێت.

لە لایەکی ترەوە چین لە نێوان دوو ئاگردا ڕاوەستاوە. چین نەک هەر بەدوای قازانجدا ناگەڕێت، بەڵکوو باجێکی قورسیشی داوە. چین گەورەترین کارگەی جیهانە و کارگەکان پێویستیان بە وزەی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی بەرگری لە مانەوەی خۆیان بکەن. تا نرخی نەوت گرانتر بێت، تێچووی بەرهەمهێنانیش زیاتر دەبێت و چین زیاتر لە قەیراندا نوقم دەبێت.

لێرەدا جیاوازییەکی گرنگ هەیە: ڕووسیا قازانجی کرد، چونکە نرخەکان بەرزبوونەوە، لەکاتێکدا چین سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکان تەنها خۆڕاگر بوو.

پەکین لەم ڕووداوانەدا قازانجی نەکرد، بەڵام بە ژیرانە زیانەکانی خۆی ئیدارە کرد.

دیارترین وانە لەم هاوکێشەیەدا ئەوە بوو کە هیچ ناوەندێکی لێکۆڵینەوە بەم شێوەیە ئاماژەی پێنەکردووە: لە قەیرانە جیهانییەکاندا بەهێزترین کەس نییە کە سەردەکەوێت، بەڵکوو ئەو کەسە سەردەکەوێت کە لە دەرەوەی بازنەی خۆیدا نەخنکێت. ئەمەش پێناسەی هێزی لە جیهانی نوێدا گۆڕی، بەجۆرێک کە هێز ئیدی لە تانک و سوپادا نییە بەڵکوو لەوەدایە کە:

ـ ئایا تۆ دابینکەری شتێکی دەگمەنی؟ یان پێویستی بە شتێک هەیە کە دەبڕدرێت؟

ـ لە نێوان مۆسکۆ و پەکیندا دوو نموونەی جیاوازی تەعامول کردن لەگەڵ قەیرانەکاندا دەبینین:

نموونەی ڕووسی: قەیرانەکە دەفرۆشێت و لە دوکەڵەکەی پارە پەیدا دەکات.

نموونەی چینی: لە ناو دڵی قەیرانەکاندا دەژی و بە هەموو هێزی خۆیەوە هەوڵدەدات بۆ ئەوەی نەخنکێت.

لە دونیایەکدا کەبەرەو زیادبوونی گرژیەکان دەڕوات، ئیدی پرسیاری ڕاستەقینە ئەوە نییە: کێ بەهێزترە؟ بەڵکوو بۆتە ئەوە: کێ باشتر ئامادەیە بۆ ئەو کاتەی کە جیهان بەگشتی بەرەو تەنگەنەفەسی دەڕوات؟

Share